شۆڕش

  2021-01-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕامیار مەحمود

- جیھان تاریکە،
گەلەمرۆڤ بە ھەموو لایەکدا بڵاو بوونەتەوە.
بە تەنیا ڕۆشتن،
بە تەنیا بیرکردنەوە،
بە تەنیا ژیان،
ئیتر قەدەغەیە!

- گەلە مرۆڤ ھات،
دڵی خۆت کۆکەرەوە،
زمانت ھەروەھا پڕە لە کەلەبەر
ئەویش  کۆ کەرەوە؛
چاوەکانت دوور ئەڕوا،  ئەویش  کۆکەرەوە.

- لەشە نەخۆشەکەت بەرەو ناو پێخەفەکە بەرە،
ڕەنگە شۆڕش وەک تاعون بڵاوبێتەوە،
کە مافی پەناھەندەیی بۆ تۆ
نەھێڵێت وەک شاعیرێکی وجودی.

- ئەوان  پرسیار ناکەن،
قیڕەقیڕەکانییان لەبەر دەرگای  ژوورەکەت ھەڵئەڕێژن،
ئەو شۆڕشگێڕانە سەروسەکوتێکی قێزەونییان ھەیە.
زمانییان ھەمووی نیھاد و گوزارەیە،
شۆڕش ڕێزمانی ھەیە...
بەڵام شاعیران نەخێر!
ھەمیشە وتوومە گوو بە ڕێزمان.

- ئەوان ھاتن کۆڵانە و کۆڵان ڕاستی ئەگێڕن،
کە بە مردنی مرۆڤەکانی تر ساغی ئەکەنەوە.
دەبێت ژیانە بچکۆلەکەی خۆم بشارمەوە لێیان،
دەزانم ئەوان تاعون و نەخۆشییەکەن،
بەڵام دەبێت
من خۆم نەخۆش نیشان بدەم،
ئەگەر بگیرێم ناخۆشە.
ئەوان بە دەنگی بەرز دەقیڕێنن،
بۆ کەسێک زمانی لێکەوتبێت ئازارێکی زۆر ئەدرێت.

- کاتی ئەوە ھاتووە خزمەتی خۆم بکەم،
تەنانەت ئەبێت خۆم لا جوانتر بێت،
پێویستە خۆت پەسەندتر بیت.
بە قوڵی ڕۆچووم،
ھەموو ڕۆچوونێکی قوڵ کۆتاییەکەی خنکانە.
من ئەمەم بە خۆڕسک لەگەڵ ئەوانیتردا کرد،
بەرلەوەی سەرئەنجامەکەی بزانم،
تۆ ھەمان ھەستی منت نییە
چونکە تۆ من نیت!
بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە ھەستەکانم بگێڕمەوە بۆ خۆم.

- خۆ ناھێڵم  ژیانم بە بەرچاومەوە ببرێت!
تۆ لە ژیانێکی تاریک منت ھێنایە دەر بۆ جەنگ،
نازانم مرۆڤ ئایا بە تەنیا  چی  پێدەکرێت؟
ڕەنگە مرۆڤ ھەر بە تەنیا ھەموو شتێکی  پێبکرێت!
ڕەنگە مەبەستەکەش ئەوە بێت،
ئیتر بە تەنھا بە تەمای  خۆتبیت.

- وەک ئەوەی لە ژیاندا نەمابم،
 شەقامەکان بە تەنیا ڕێدەکەم
بە تەنیا بۆ قاوەخانەکان دەڕۆم،
تەنانەت بە تەنیا ئەخۆمەوە!
ئەگەر گریمان دەخۆمەوە
حەز ئەکەم ئیتر ئەوین بێنمە دەرەوە لە خۆم،
ھەروەھا ھزرینیش.
بۆم دەرکەوتووە مرۆڤ نابێت جڵەوی خۆی بداتە دەست  خەیاڵ،
خەیاڵ بە ڕاستی سەیرە!

- نازانم بۆ ئێوە چی باشە،
بۆ خۆم:
خۆ خاڵیکردنەوەیەکی ڕەھا لە ھەموو شتێک،
ھەموو دەرگایەک من ئەی کەمەوە
ھەڵەیەکە.
ھەموو دەرگایەک من دای ئەخەم،
ئارامییەکە.
سەرباری ئەوەش
وەک ھەر کەسێکی ئاسایی
حەزم لە دەرگایەکی ئارام بەخشە،
ئای خودایە،
من چەندم دووبارە کردەوە پێویستم بە ئارامییە،
خۆزگە دەستێک دەبوو،
کاتێک کە ئاوا مرۆڤ پارچەپارچە دەبێت بە ھەموو لایەکدا
یان گسکی بدات یان کۆی کاتەوە.

- چیرۆکەکە باوەڕپێکراو نییە،
کاتێک سەرقاڵیت...
بەڵکوو ناتەوێت؛
نەویستن تاڵییەکە من دەیناسمەوە.
کاتی ئەوە ھاتووە پلانەکانم بگۆڕم،
مەبەستم خۆبەتەمای ھیچ نەکردن.
با بەخێربێت شەوی نەبڕواوەی ژیان،
باشترە لە خۆبەتەماکردن.
لە کۆتاییدا منیش ئەبێت لەوە تێبگەم
ئەوەی کە بۆ من نییە بۆ من نییە.

- من کۆتا ھەڵەی خۆمم  خۆشئەوێت،
ئەبووایە خۆشم نەوێیت،
مەبەستم  ئەوەیە لە کۆتا ھەڵەدا ئەوەستم،
پێویستم بە دڵشکاندن نەماوە...
چونکە ھیجی وام پێوەنەماوە.
بە ھەزار ئەمسەر و ئەوسەر ژیان بەڕێ دەکەم،
تکایە ئیتر وا تێمەگە بێ تۆ باش نیم،
بگرە زۆر باشترم!
بە لایەنی کەمەوە بەخۆمەوە ئەگیرسێمەوە.
بێگومان مرۆڤ دەبێت شوێنێکی شاراوەی خۆی بھێڵێتەوە
لەگەڵ ھەمووکەس.
من ئەوەم نەکرد!
بەڵام دووبارە دەست بە خۆشاردنەوەی خۆم دەکەم،
حەز ناکەم کەس لە کاتی بەتاڵی خۆیدا دامبنێ.
وەک شاعیرێک،
تەنھا چۆڵەوانییەکەمم ھەیە،
تەنھا بێدەنگییەکەم...
- ئەگەر کاتژمێرەکەتان بۆ شۆڕش ناوەتەوە،
 ئەوە ھەم چۆڵەوانی و ھەم  بێدەنگی
لە منەوە بۆ ئێوە...
بە دڵنیاییەوە جیھان بە بوونی ئەم دوو شتە دەگۆڕێت.

- چی لە جیھان بکەم؟
من بیری تۆ ئەکەم،
حەزێکی وام ھەیە تۆش بیرم بکەی،
بەڵام دەزانم ئەمە ڕوونادات.
ئەزانم من ئارەزووەکانم
لاوازییەکانم ئاشکرا ئەکەن،
رەنگە تۆ چارەسەرە ھەڵەکەی من بیت،
جا من کەی بە ھەڵە چارەسەرم بەکارنەھێناوە؟
نۆڤەمبەری ٢٠٢٠


ڕیکلام