مەسعود حەیدەر: حكومەتی هەرێم و پارتی نەرمیان لەبەرامبەر بەغدا نواندووە

  2021-02-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
راوێژكارێكی سەرۆكی پارتی رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی نەرمیان نواندووە بەرامبەر بەعێراق بۆ ئەوەی مەلەفی موچە نەبێت بەمەلەفێكی سیاسی، بەغدا مەبەستیەتی وەك پارێزگایەكی دیكە مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات.

مەسعود حەیدەر، ڕاوێژكاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی نەرمیان نواندووە بەرامبەر بەعێراق بۆ ئەوەی مەلەفی موچە نەبێت بەمەلەفێكی سیاسی و وەكو كارتێكی فشار بەكارنەهێنرێت بەرامبەر هەرێمی كوردستان. 

ئەو وتیشی: حكومەتی هەرێم و پارتی ئامادەییان دەربڕیووە وەك ئەوەی كەڕێككەوتن كراوە لەگەڵ حكومەتی كازمی و پێشتریش لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی، هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت یاخود پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حكومەتی عێراقی دەكات لەبەرامبەردا شایستە داراییەكانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران خەرج بكرێت.

ناوبراو راشیگەیاند: لەبەرئەوەی موچەی فەرمانبەری هەرێم و پشكی هەرێمی كوردستان كراوە بەمەلەفێكی سیاسی لەلایەن ئەو كوتلە سیاسیانەی كە سەر بەئێرانن بەدیاریكراوی، ئەم بابەتە بووە بەبەشێك لەو ململانێ سیاسیانەی كە لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ڕوو دەدات.

حەیدەر دەشڵێت: ئەوەی ئەوان (بەغدا) داوایدەكەن ڕادەستكردنی كۆی پرۆسەی نەوتی هەرێمە بەحكومەتی عێراقی، مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەكو هەر پارێزگایەك لەپارێزگاكانی تری عێراق بێگومان ئەمە پێچەوانەی دەستوری عێراقییە، پێچەوانەی بنەماكانی "شەراكەت و تەوافق و تەوازنە"، پێچەوانەی دیباجەی دەستوری عێراقیشە.

ڕاوێژكارەكەی بارزانی وتیشی "جەنابی سەرۆك بارزانی تەنها موڵكی پارتی نییە بەڵكو مەرجەعیەتی كوردییە و ڕابەرایەتی گەلی كوردستان دەكات ڕۆڵ و پێگەیەی هەیە، نەك تەنها بۆ باشوری كوردستان بەڵكو بۆ پارچەكانی تری كوردستان و بۆ خزمەتكردنی "قەزیەی" كوردی، بەدڵنیایەوە ڕۆڵی خۆی هەیە و لەسەرخەتە بۆ ئەم بابەتانە و ناردنی وەفدی حكومی و وەفدی سیاسی بۆ بەغدا". 


ڕیکلام