لاهور شێخ جەنگی: پرسی لامەرکەزیی بووەتە خواستێکی گشتی

  2021-02-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، چارەسەرکردنی پرسی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، پێویستییان بە ڕێوشوێن و چارەسەری ورد و ژیرانەیە، هەوڵەکانیش دەبێت بەو ئاقارە بەردەوامبن و هەمووان پشتیوانیی ڕێککەوتن بکەین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان.

هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ لە میانی پێشوازیکردن لە مامۆستا مەلا نەجمەدین پێنجوینی سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتییی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان و وەفدێکی هاوڕێی، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی پێکەوە ژیانی ئایینی و کاری پێکەوەیی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان.

لە بەشێکی دیدارەکەدا بیڕورایان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی بارودۆخی ئێستا و لە نێویاندا پرسی لامەرکەزیی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە خواستێکی گشتی، لەگەڵ پرسی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، لەوڕوەشەوە دووپاتیانکردەوە کە کێشەکان پێویستییان بە ڕێوشوێن و چارەسەری ورد و ژیرانەیە، هەوڵەکانیش دەبێت بەو ئاقارە بەردەوامبن و هەمووان پشتیوانیی ڕێککەوتن بکەین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان.

لە دیدارەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەیکرد، بە پێگە و ڕۆڵی گرنکی مامۆستایانی ئایینی کرد لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکاندا کە هەمیشە ڕۆڵی دیار وبەرچاویان هەبووە لە خزمەتکردنی گەل و بەرگرییان لە گەل و بەها نیشتیمانییەکان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام کردووە و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی یەکڕیزیی و لێبوردەیی و پێکەوەژیاندا.

لاهور شێخ جەنگی جەختیشیکردەوە لەوەی کە بەردەوام مامۆستایانی ئایینی جێگە و پێگەیەکی گەورەیان هەیە لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا.

لە کۆتایی دیدارەکە لاهور شێخ جەنگی، وەک سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ کار و پڕۆژەکانی زانایانی ئایینی و لقی سلێمانی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان دووپاتکردەوە و داوایانکرد مامۆستایانی ئایینی بەردەوام بن لەو ڕۆڵە گرنگ و پێشڕەوەی کە لە کۆمەڵگەدا دەیبینن لە ڕێنماییکردن و هاندانی خەڵک بۆ کاری چاکە و باش پەروەردەکردنی کۆمەڵگە لە ڕووەکانی کۆمەڵایەتی، ڕوناکبیری، سیاسی و نیشتیمانپەروەرییەوە، کە ئەوەش بەشدارییەکی گەورەیە لە پێشکەوتن و پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا.            



ڕیکلام