وچانێكم پێ ببەخشە

  2021-02-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەریم دەشتی

ژەنگی زەمەن لە زمانم ئەشۆمەوە

لۆگۆس ئەكەم بە زمانی ئاخاوتنم

دەرگەی زیندان بۆ میتۆسی وشەكانم ئەكەمەوە

هەستم چیتر لەناو ڕیزمان جێگەی نابێتەوە

ئاگری ناخم بەشی هەزار ساڵم ئەكات

خەونێكتان بۆ تەفسیر ئەكەم

بۆ تاهەتا سەرسامتان كات

چەپك چەپك ئەو تیشكانە ئەكەمەوە

كە خۆرەتاوی مەعریفە لەڕێی ئەزموون پێی بەخشیوەم

شیعر ئاسكی برینداری ڕۆژهەڵاتە

چاوچاوانێ لەگەڵ دەردوعەزاب ئەكات

ڕەنگی كاشوێن لە زمانم ئەشؤمەوە

ئینسانییەت ئەكەم بە زمانی ئاخاوتنم  

من مەلێكی خاكبڕاوم تەنها زمانم

لەگەڵ سەری خۆم هێناوە

جەستەی شەفەقڕێژی خۆم ئەبینم

بە ڕستەی ئەم وجودە بێمانایە هەڵواسراوە

كە نەفرەتم لە تۆفان كرد

ویستم تۆڵەی خنكاوەكان بكەمەوە

وچانێكم پێ ببەخشە

تەمی هەموو لوتكەكانت بۆ ئەگرم و ئەسڕمەوە

سێوی زەویت بۆ سپی ئەكەم

بەردی ڕێگەوبانەكانت نەرم ئەكەم

زێی خەمباریت پەیت ئەكەم

ناهێڵم چیتر هەڵڕژێ و سەری مەرگ ئەبڕمەوە

وچانێكم پێ ببەخشە

كۆلارەی پساوی مناڵیت بۆ ئەگرمەوە

شیعرێكت بۆ ئەنووسمەوە تەختی سكون وەرگەڕینی

سەرەتایەكت بۆ دائەڕێژم

جاویدانی چاو بەسەر كەون هەڵێنێ.



ڕیکلام