پارەی کارەبا گیرفانی هاوڵاتیان هەڵدەتەکێنێ

  2021-02-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ماوەیەك پێش ئێستا وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم رایگەیاند خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەم هیچ گۆڕانكاریەك بەسەر نرخی كارەبادا نایەت بەڵكو تەنها رێكخستنە.

لەبەرامبەردا وتەبێژی وەزارەتەکە لە چەند رۆژی رابردوو رایگەیاند،بە نزیك 20%ی ئەو زیانەی لەبەرامبەر دینار و دۆلاردا كراوە، وازحە كە ئێستا نرخی كارەبا زیادی كردووە. 
 
جیاوازی نێوان لێدوانی وەزیر و وتەبێژی کارەبا کە تەنها سێ مانگە، بە گران لەسەر هاوڵاتیان کەوت. ئێستا وەزارەتی کارەبا بەپێچەوانەی بەڵێنی وەزیرەکەی، نرخی کارەبای لەسەر هاوڵاتیان 20٪ زیادکردووە.

بیانووی وەزارەت بۆ ئەو بڕیارە ئەوەیە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار کەمیکردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی ئاسایی بکات. لە دۆخێکیشدا کە قەیرانی دارایی هەیە و فەرمانبەران دوو مانگ جارێک بە لێبڕینەوە موچە وەردەگرن.

بەپێی زانیارییەکانی ژیان بیانووەکەی حکومەت راست نییە و گرانکردنی نرخی کارەبا هیچ پەیوەندی بە دینار و دۆلارەوە نییە. حکومەتی هەرێم لەسەروبەندی گفتوگۆکردندایە لەگەڵ دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی کارەبایان رادەست بکات، بەتایبەت بەرهەمهێنان و دابەشکردنی و چاککردنەوە و کۆکردنەوەی پارە لە هاوبەشانی کارەبا.

بڕیارە ئەم هەفتەیە گفتوگۆکانی وەزارەتی کارەبا لەبارەی تەندەرینی پرۆژەکە دەست پێبکات، وەک هەنگاوی یەکەم و لەسەر داوای کۆمپانیاکان حکومەت نرخی کارەبای گرانکرد، بەوەش حکومەت بەرپرسیارێتی گرانکردنی کارەبای خستە ئەستۆی خۆی، لە کاتێکدا پێشتر چەندجارێک بەڵێنی دابوو، خەڵکی دڵنیاکردبووەوە لەوەی نرخی کارەبا گران نابێت.

لەبەر ئەوەی دەستپێکی پرۆژەکە بە گرانکردنی نرخ دەستی پێکرد، چاوەڕواندەکرێت کڕینی کارەبا لە داهاتوودا لەسەر شانی هاوڵاتیان ببێتە ئەرکێکی قورسی ماددی، وەک ئەو پەندە کوردییەی کە دەڵێت مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە.

جگە لە زیادکردنی نرخی کارەبا لەسەر هاوڵاتیان لەماوەی رابردوو حکومەت باجێکی زۆری لە سەر هاوڵاتیان و فەرمانبەران داناوە.

دانانی باج لەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەت
دانانی باج بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک
گرانکردنی نرخی ئاو و دانانی پێوەر
زیادکردنی باجی بەناوکردنی ئۆتۆمبێل
زیادکردنی باجی هاوردەکردنی کەلوپەل
وەرگرتنی باجی زیاتر لە کۆمپانیاکان
دانانی باج لەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایل
وەرگرتنی باج لە کۆمەڵەو دەستەکان
وەرگرتنی باج لە کارمەندانی کەرتی تایبەت
هەروەها چەندین جۆر باجی دیکە 

لە کاتێک لە کۆتایی ساڵی 2015 وە موچە وەک خۆی دابەشناکرێت هەندێک مانگ بە نیوە یان کەمتر دابەشدەکرێت یان 2 مانگ جارێک دەدرێت.

چاودێران دەڵێن حکومەت چاوی بڕیووەتە گیرفانی هاوڵاتیان بۆ کۆکردنەوەی داهات و بەدانانی باج ئەرکی سەرشانی بە خێوکەرێکی خێزان یان کەمئەندامێک قورس دەکا بەڵام کاری بەو گەندەڵی و بەهەدەردانە نییە کە لە دۆسییەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان دەکرێت.

زۆربەی راپۆرتەکانی وردبینی جەخت لەوە دەکەنەوە کە حکومەت تەنیا لە 25 ٪بۆ 32 ٪ داهاتی نەوتی بۆ دەمێنێتەوە، ئەگەر چاکسازی تەواو لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بکرێت حکومەت مانگانە نزیکەی 3 ملیار دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە کە بەشی نزیکەی 5 موچەی تەواوی فەرمانبەران دەکات.

چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە حکومەتی هەرێم پلانی ستراتیجی نییەو ئەو بڕیارانەی دەری دەکات لە چوارچێوەیەکی تەسک بیری لێ کردووەتەوە، خەڵکیش دەڵێن ئەگەر حکومەت ناتوانێت  بەڵێن بباتە سەر و لەگەڵ بارودۆخی رۆژ مامەڵە دەکات بۆچی بەڵێن دەدت بۆ ساڵانی داهاتوو.


ڕیکلام