داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکرێت لەسەر دەستبەسەرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێتەدەنگ

  2021-02-04  | 
رۆژهەڵاتی کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
37 رێکخراوی مافی مرۆڤ داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن لەسەر شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بێتەدەنگ.

لە نامەیەکدا کە لەلایەن ٣٧ رێکخراو لەوانەش، چاودێری مافی مرۆڤ، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ئیمزاکراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران هیچ زانیارییەکان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاونەکردووەتەوە، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا دەستبەسەرکراون، بۆیە بەتوندی نیگەرانی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، پێدەچێت لە داهاتوودا ئەو کەسانە لەڕێگەی دانپێدانانی زۆرەملێوە، سزای توندیان بەسەردا بسەپێنرێت.

هەر لە نامەکەدا هاتووە کە لە نێوان ئەو کەسانەدا، لانیکەم ٤٠ کەسیان تاوەکو ئێستا بیسەروشوێنن و دەزگا ئەمنییەکانی ئێران، زانیاری دەربارەی چارەنوس و شوێنی مانەوەیان نادەن بە کەسوکاریان.

ئەو ٣٧ رێکخراوە رەخنەیان لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران گرتووە و رایانگەیاندووە، ئەو جۆرە رەشبگیرییە و سەرکوتی سیستماتیکی چالاکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگادارنەبوون لە چارەنووسیان و ئازار و ئەشکەنجەدانیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، دەبێت بە جددی ئیدانە بکرێت و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە تاوتوێ بکرێت.

نزیکەی مانگێکە شەپۆلێک لە دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی چالاکان و خوێندکارانی کورد لە شارەکانی مهاباد، مەریوان، ڕەبەت، سنە، بۆکان، سەوڵاوا، نەغەدە، پیرانشار، سەقز، بانە، کرماشان، شنۆ، جوانڕۆ و پاوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستیپێکردووە و بەپێی میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١١٠ کەس دەستبەسەرکراون.

دژی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کەمپەینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوە کە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن لەسەر ئەو پرسە بێنەدەنگ و داوا لە ئێران بکەن، دەستگیرکراون ئازاد بکات و کۆتایی بەو رەشبگیرییە بهێنێت.



ڕیکلام