فەھرەستی خوان

  2021-02-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەباح ڕەنجدەر

گۆرانیبێژان ھەمووتان گۆرانییەکانتان بخۆنەوە
برسیەتی سروودی خۆی ھەڵداوەتە ئاسمان
خەریکە بە ڕوخسارێکی لە برووسکە و پێستی کازیوەییەوە دادەبەزێتە سەر خوان
لەسەر خوان ڕۆژ لەکاتی خۆی زووتر ئاوادەبێت
چاودێرێکی ویژدان داچۆڕاو
چاودێریی خوانی ھەژارانی بێنەوا دەکات
کۆمەڵێک باڵندە تەرمی لێوبەبارێکیان
لەسەر باڵیان ڕاگرتووە
دەیھێننە سەر
خوان و 
سەکۆی نوێژ و 
ساتی ڕوون و 
فەھرەستی نوێ 
پەڕیان لەدەست و پەنجەی دەدەن و نوێژی مردوو دەکەن
خونچەیەک چاوی دەپشکووێت و دەڵێت
ئەم دەموچاوە دەناسم
ڕەگەکانی لەسەر خوانی خوێندراوە و نووسراوم
گەیاندە خۆڵ و ئاو و گەشەی دووپاتکردەوە
ئەو شتانەی ئاشکراکرد کە زیندووان بینیبوویان
فرۆشیارێکی ڕووترش پاسەوانیی دەکات
بۆسە دادەنێتەوە و باوێشکیش دەدا
تەرمی سەرخوانەکە زەنگی لێدا
گۆرانیبێژان ھەمووتان گۆرانییەکانتان بخۆنەوە
سردووی برسیەتی وا دابەزییە سەر تەرم
سوپاس بۆ خودا ڕێگا جوانەکان دەھێنێتەوە سەر 
خوان و 
سەکۆی نوێژ و
ساتی ڕوون و
فەھرەستی نوێ
پەنجەرە لە دیوار ھەڵات
مادام خۆر نییە ھۆیەکە دەزانم
دنیا بە تاریکی لە دایک دەبێت و زمان گەمارۆ دەدرێ
لەمەوبەدوا چاوەڕوانی وزەی ئەفسانەیی تێدا نییە
ڕێبوارنیش گران بەڕێگادا ڕادەبوورن


ڕیکلام