بۆچی پارتی لە ناڕازییەکانی بادینان تۆقیوە؟

  2021-02-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بە بەرچاوی دیبلۆماتکارە بیانییەکانەوە، کەسوکاری دەستگیرکراوانی دهۆک و بادینانیان لەبەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیرکرد.

ئەو کەسانەی دەستگیرکرابوون تەنیا ویستبوویان لەبەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان یاداشتێک بخوێننەوە و ناڕەزایی خۆیان لەبارەی دەستگیرکردنی کەسوکارەکانیان پێ بگەیەنن.

کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی بادینان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن: ویستمان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی کوردستان گردبینەوە و داوای ئازادکردنی زیندانيیە بە ناحەق دەستگیرکراوەکانی خۆمان بكەین کە ژمارەیان ٧٦ کەسە و لە پرۆسەیەکی نایاسایی و نا دیموکراسیدا، لەسەر ئازادی بیروڕا ماوەی شەش مانگە چارەنووسیان نادیارە.

دەشڵێن، بەداخەوە لە لایەن ھێزە ئەمنیيەکانی پارتی لە بازگەکانی دھۆک، ئاکرێ و ھەولێر رێگەیان نەدا بچنە ھەولێر، چەند خێزانێکی دیکەش کە گەیشتبوونە بەردەم UN بە شێوازێکی ناشارستانی دەستگیرکراون کە ژن و مناڵیشی تێدایە، نەک بە زیندانیکردن و ھەڕەشە تەنانەت بە تیرۆرکردنیشمان بێدەنگ نابین و ئەم کردە نادیموکراسی و ديکتاتوریانە دەگەينينە ھەموو ناوەندە جیھانیيەکان.

دوای خوێندنەوەی بەیاننامە لە بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کەسوکاری دەستگیرکراوەکان ویستوویان جارێکی دیکە سەردانی پەرلەمان بکەنەوە، پێشتریش لەوبارەوە چەند جارێک چوونەتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان بەڵام هیچ ئەنجامێکى نەبووە و دۆسیەکە وەک خۆی ماوەتەوە.

کەسوکاری دەستگیرکراوەکان رتیدەکەنەوە ئەوانەی دەستگیرکراون هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساخ بێتەوە دەڵێن تەنیا رەخنەیان گرتووە یان ناڕەزاییان دەربڕیوە، ناکرێت تەنیا لەسەر ئەوە زیندانی بکرێن و سزا بدرێن.

هەرچەندە لەماوەی ساڵانی رابردوو بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و رەخنەگرتن لە حکومەت و پارتی لە سنوری بادینان هێڵی سوور بوون، دەیان کەس بەو هۆیەوە دەستگیرکراون بەڵام لە 13ی ئابی 2020ەوە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی رۆژنامەوان و چالاکوانانی ئەو ناوچە دەستی پێ کردووە.

تۆڕی هەواڵی ژیان زانیویەتی لە دوای 13ی ئابی ساڵی رابردوەوە زیاتر لە 320 رۆژنامەوان و چالاکوان دەستگیرکراون و تۆمەتی جیاجیا خراونەتە پاڵیان .

ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بەشێکیان ویستوویانە بەشداری بکەن  لە ساڵیادی  کوشتنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن و بەشێکی دیکەیان ویستوویانە خۆپیشاندان بکەن دژی دواکەوتنی موچە و خراپی گوزەرانی خەڵک.

دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەوان و چالاکوانانە بووەتە جێگەی رەخنەی رێکخراوە بیانییەکان و چەند جارێک لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس کراوە و پەرلەمانتارانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەدواداچوونیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆر لە دەستگیرکراوەکان لە زیندانەکانی ئاسایشی هەولێردان.

چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن پارتی ترسێکی زۆری لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان هەیە  هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەى لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هیچ گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک ئەنجامبدرێت.

باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە، خۆپیشاندانەکانی ساڵانی رابردووە بۆ داواکردنی موچە لە سلێمانی و هەڵەبجە کە دەیان جار خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامدراون بەڵام پارتی رێگەی نەداوە لە دهۆک  و هەولێر هیچ خۆپیشاندانێک ئەنجامبدرێت.

ئەم هەنگاوەى پارتى بۆ رێگرى لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و بیروڕاى ئازاد، لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى تۆختر بووەتەوە و ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتى و رۆژنامەنووس و چالاکى مەدەنى، خراونەتە کونجى زیندانەکانەوە.


ڕیکلام