جیهانە شاراوەکانی هاروکی مۆراکامی

  2021-02-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسەری خاوەن شێواز و قۆناغ و شوێنی تایبەت بەخۆی، شوێنە تاریکەکان کە ڕێکەوتیان دەکات لەسەر لاپەڕەکە.

وەرگێڕانی: گوڵان مەحمود

بەشی یەکەم

تێبینی: ئەم چاوپێکەوتنە لەو گفتوگۆیانە وەرگیراوە کە  ساڵی ۲۰۰۸ و ۲۰۱۸ لە ڤیستیڤاڵی (نیویۆرکەر)دا لەلایەن (دیبۆرا ترایسمان) لەگەڵ (هاروکی مۆراکامی) ئەنجامدراوە .

هاروکی موراکامی:- دوایینجار کە چاوپێکەوتنمان کرد پێش دە ساڵ بوو، زۆرشت ڕوویانداوە لەماوەی ئەم دە ساڵەدا، بۆ نموونە دە ساڵ گەورەتربووم، وە ئەوە شتێکی ئەوپەڕی گرنگە بەلایەنی کەمەوە بەلای خۆمەوە. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورە دەبم، وە چەند گەورەتر دەبم دەبینم بەشێوەیەکی جیاواز بیر لە خۆم دەکەمەوە لەو شێوەیەی کە لە گەنجیمدا دەمکرد. ئەم ڕۆژانە هەوڵەدەم کە پیاوێکی خانەدان بم. وەک دەزانیت ئاسان نییە کە ڕۆماننووس و خانەدان بیت لە یەک کاتدا. وەک ئەوەیە کە سیاسییەک هەوڵبدات لە یەک کاتدا ئۆباما و ترامپیش بێت پێکەوە. بەڵام پێناسەیەکی تایبەت بە خۆمم هەیە بۆ ڕۆماننووسی خانەدان: یەکەم: لەبارەی ئەو باجانەوە نادوێت کە پێویستە بیدات. دووەم: لەبارەی مەعشوقەکان و دڵدارەکانی پێشترییەوە نانووسێت. سێیەم: هەرگیز بیر لە خەڵاتی نۆبڵ ناکاتەوە. بۆیە ترایسمان ئەگەر دەتەوێت تێنەکەوم پرسیاری خەڵاتی نۆبڵم لێمەکە .

دیبۆرا ترایسمان: بەڕاستی پرسیارگەلێکی زۆرم لێدەڕژێت! دەمەوێت بە کتێبە نوێیەکەت دەستپێبکەم، ڕۆمانە نوێیەکەت: "کوشتنی فەرماندە"، کە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە دەوری پیاوێک دەخولێتەوە کە هاوسەرەکەی جێیهێشتووە، ڕێگاکەی بەوە دوایی دێت کە لە ماڵی هونەرمەندێکی کۆندا بژی، وێنەکێشە. تەنها بە گەیشتنی بۆ ئەو ماڵە، زۆر شتی نامۆ ڕوودەدەن، وە هەندێک لەوانە وەک ئەوەیە کە لە چاڵێکی زەویدا بێنە دەرەوە_بیرێکی بەتاڵ. من دەپرسم چۆن بیرت لە سەرەتای ئەو ڕۆمانە کردەوە؟

هاروکی موراکامی: "کوشتنی فەرماندە" کتێبێکی قەبارە گەورەیە، دەزانیت، ساڵ و نیوێک یان زیاتری پێچوو بۆ نووسینی، بەڵام لەڕاستیدا بە بڕگەیەک یان دووان دەستیپێکرد، ئەو بڕگانەم نووسی و خستمە چەکمەجەی کتێبخانەکەم، وە بەتەواوی لەبیرمکرد، دواتر، ڕەنگە دوای سێ یان شەش مانگی ڕابردوو، بیرۆکەیەک بۆ تەواوکردنی ئەو یەک دوو بڕگەیەی ڕۆمانەکە هات بە مێشکمدا. دەستم کرد بە نووسین و نە نەخشەیەکم هەبوو، نە کاتپێوێک، وردەکاری چیرۆکەکەم نەبوو، تەنها لەو یەک دوو بڕگەیەوە دەستمپێکرد و بەردەوام بووم لە نووسین، وە چیرۆکەکە پێشڕەوی کردم بۆ کۆتایی. ئەگەر نەخشەیەکت بۆ نووسین هەبێت، ئەگەر کۆتاییەکە بزانیت کاتێک دەستپێدەکەیت، هیچ چێژێک نابێت لە نووسینی ڕۆماندا. تۆ دەزانێت، وێنەکێش دەتوانێت هێڵکارییەک بکێشێت بەرلەوەی دەستکات بە وێنەکێشان، بەڵام من وا ناکەم، ڕووبەرێکی سپی هەیە، وە منیش ئەم فڵچەیەم بەدەستەوەیە و هەموو ئەوەی دەیکەم تەنها کێشانی وێنەکەیە .

دیبۆرا ترایسمان: کەسایەتییەک هەیە، یاخود بیرۆکەیەک، لە ڕۆمانەکە بەشێوەی سەرۆکێکی سوارچاک لە ئۆپێرای "دۆن جیۆڤانی" مۆزارت وەرگیراوە. بۆ ئەم بیرۆکەیە، ئەم کەسایەتییە لە ناوەڕاستی ئەم کتێبە؟

هاروکی موراکامی: بەشێوەیەکی گشتی بە ناونیشانێک دەست بە کتێبەکانم دەکەم، لەم حاڵەتەدا، ئەم ناونیشانەم هەیە: کوشتنی فەرماندە، وە بڕگەکانی سەرەتای ئەم کتێبەم هەیە، دەمپرسی دەبێت بتوانم چ جۆرە چیرۆکێک بەوشێوەیە بنووسم، هیچ شتێکی وا نییە لە سەرۆکی فەرماندە بچێت لە یابان، بەڵام هەستم بە نامۆیی ناونیشانەکە کرد، وە زۆر هەستم بە قایلبوون دەربارەی ئەو نامۆییە کرد .

دیبۆرا ترایسمان: ئایا ئۆپێرای "دۆن جیۆڤانی" بەلای تۆوە گرنگە؟

هاروکی موراکامی: کەسایەتییەکی زۆر گرنگە بەلای منەوە، بەشێوەیەکی گشتی کەسایەتییەکان بەکارناهێنم، وە لە پیشەی تایبەتیمدا، جارێک یەک کەسایەتی ڕاستەقینەم بەکارهێنا، پیاوێکی خراپ بوو، کەسێک کە زۆر خۆشم نەدەویست، وە دەمویست لەبارەیەوە بنووسم، ئەوەم تەنها یەکجار کرد، هەموو ڕووداوەکانی چیرۆکەکانم خۆم لە سەرەتاوە خولقاندوومن، لە خاڵی سفرەوە. جارێک کەسایەتییەکم خولقاند، یەکسە دەستیکرد بە جوڵە، هەموو ئەوەی کە لەسەرم پێویست بوو سەیرکردنی بوو کە بەو تەنیشتەدا دەڕۆشت، قسە دەکات و شتەکان دەکات. من نووسەرم، وە منیش سەیریدەکەم بەتەنیشتمدا دەڕوات، دەدوێت و شتەکان دەکات وە من دەنووسم، بەڵام لە هەمان کاتدا هەستدەکەم  خەریکی خوێندنەوەی هەندێک کتێبی گرنگ و سەرنجڕاکێشدام. لەبەرئەوەیە من چێژ لە نووسین دەبینم .

دیبۆرا ترایسمان: کەسایەتی سەرەکی لە ڕۆمانەکە گوێ لە ئۆپێرا هەروەها ئەو مۆسیقایانەی کە لە کتێبەکەدا ناوت هێناون دەگرێت، هەمیشە کەسایەتییەکانت گوێ لە گروپێکی دیاریکراو یاخود جۆرێکی دیاریکراوی مۆسیقا دەگرن، ئەوە یارمەتیت دەدات بۆ ناسینیان؟

هاروکی موراکامی: گوێ لە مۆسیقا دەگرم کاتێک دەنووسم، بۆیە زۆر ئاساییە کە مۆسیقا لە نووسینەکانمدا هەبێت، زۆر بیر لە جۆرایەتی ئەو مۆسیقایانە ناکەمەوە، بەڵام مۆسیقا وەک جۆرێک لە خواردنە بەلای منەوە، هێزی ئەوەم دەداتێ بنووسم، بۆیە زۆرجار لەسەر مۆسیقا دەنووسم، وە زۆرجار لەسەر ئەو مۆسیقایانە دەنووسم کە حەزم لێیەتی، ئەوە بۆ تەندروستیم باشە .

دیبۆرا ترایسمان: ئایا مۆسیقا تەندروستیت دەپارێزێت؟

هاروکی موراکامی: بەڵێ، زۆر زۆر، مۆسیقا و پشیلەکان، زۆر یارمەتییانداوم .

دیبۆرا ترایسمان: چەند پشیلەت هەیە؟

هاروکی موراکامی: هیچ پشیلەیەک. ڕۆژانە لە نزیک ماڵەکەم ڕادەکەم، وە بەشێوەیەکی ڕێکخراو، سێ بۆ چوار پشیلە دەبینم لەو نزیکانە، ئەوان بۆ من هاوڕێن، دەوەستم تا سڵاویان لێبکەم، ئەوانیش لێم نزیک دەبنەوە، باش یەکتر دەناسین .

دیبۆرا ترایسمان: کاتێک گۆڤاری نیویۆرکەر بەشێک لە ڕۆمانی "کوشتنی فەرماندە"ی بڵاوکردەوە، دەربارەی ڕەگەزە خەیاڵییەکانی پرسیارم لێکردیت، ئەو کاتە گوتت: "کاتێک ڕۆمانەکان دەنووسم ڕاستی و خەیاڵ بە شێوەیەکی سادە تێکەڵ بەیەک دەبن، کارەکە وەک ئەوە نییە کە شوێن نەخشەیەک بکەوم کاتێک کە دەنووسم، چەند هەوڵبدەم بەشێوەیەکی واقیعی و کرداری بنووسم، دەبینم بەشێوەیەکی ناواقیعی دەنووسم و جیهانە خەیاڵییەکە زیاتر دەبێت. بەلای منەوە ڕۆمان شێوەیەکە لە ئاهەنگ، هەرکەس بیەوێت دەتوانێت بێت، وە ئەوانەی کە دەیانەوێت بڕۆن دەتوانن ئەوە بکەن ئەو کاتەی کە دەیانەوێت. کەواتە، چۆن دەتوانیت خەڵک و شتەکان بۆ ئەم ئاهەنگە بانگهێشت بکەیت؟ یان چۆن دەتوانیت بگەیتە قۆناغێک واتلێبکات بەشێوەیەک بنووسیت وا لە خەڵک بکات بێن بێئەوەی پێویست بکات بانگهێشتیان بکەیت؟

هاروکی موراکامی: هەمیشە خوێنەرەکان پێمدەڵێن کە جیهانێکی ناواقیعی هەیە لە کارەکەمدا، کە پاڵەوانەکە دەچێت بۆ ئەو جیهانە و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی ڕاستەقینە. بەڵام من هەمیشە ناتوانم هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ڕاستی و خەیاڵ ببینم. بۆیە، زۆرجار تێکەڵ بەیەک دەبن. لە ژاپۆن، پێموایە جیهانەکەی تر نزیکە لە ژیانی ڕاستەقینەمان، وە ئەگەر بڕیارماندا بچین بۆ لایەکەی تر، ئەوە کارێکی زۆر سەخت نییە. پێموایە لە جیهانی ڕۆژئاوا ئەوە ئاسان نییە. بەڵام لە ژاپۆن، ئەگەر بتەوێت بچیت بۆ ئەوێ، ئەوا دەچیت بۆ ئەوێ. بۆیە، لە چیرۆکەکانمدا، گەر ڕۆبچیتە ناویانەوە، جیهانێکی تر هەیە. وە بەپێی پێویست ناتوانیت جیاوازی نێوان ئەم لایە و لایەکەی دیکە بزانیت .

دیبۆرا ترایسمان: لایەکەی تر هەمیشە شوێنێکی تاریکە؟

هاروکی موراکامی: مەرج نییە. پێموایە دەبێت زیاتر ئاگاداربیت. ئەگەر دەرگایەک هەبێت و تۆیش بتوانیت بیکەیتەوە و بچیتە شوێنەکەی دیکەوە، ئەوە دەکەیت. ئەوە فزوڵییە. چی لەناوەوەدا هەیە؟ چی لەوێ هەیە؟ بۆیە ئەوە ئەو شێتییەیە کە من هەموو ڕۆژێک دەیکەم. کاتێک ڕۆمانێک دەنووسم، دەوروبەری کاتژمێر چواری بەیانی هەڵدەستم لە خەو و دەچمە سەر مێزەکەم و دەستدەکەم بە کارکردن. ئەوە لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕوودەدات. قاوەیەکی ڕاستەقینە دەخۆم. بەڵام، هەر کە دەستدەکەم بە نووسین، دەچمە شوێنێکی تر. دەرگاکە دەکەمەوە، دەچمە ئەو شوێنە، سەیردەکەم بزانم چی ڕوودەدات لەوێ. نازانم_ یان بەلامەوە گرنگ نییە_ئەگەر ئەوە ڕاستەقینەبێت یان نا. دەڕۆم بۆ قوڵتر و قوڵتر، کە چڕدەبمەوە لە نووسیندا، بۆ ژێرزەمینێک. کە لەوێم، شتە نامۆکان ناژمێرم. بەڵکو لە کاتێکدا دەیانبینم، بۆ چاوەکانم، سروشتی دەردەکەون. وە ئەگەر تاریکاییەک هەبێت لەوێ، ئەو تاریکاییە دێت بۆم، وە ڕەنگە هەندێک پەیامی پێبێت دەزانیت؟ من هەوڵەدەم کە پەیامەکە بگرم. بۆیە سەیرێکی ئەو جیهانە دەکەم و وەسفی ئەوە دەکەم کە دەیبینم، وە دواتر دەگەڕێمەوە. گەڕانەوە گرنگە. ئەگەر نەتوانیت بگەڕێیتەوە، ئەوا ترسناکە. بەڵام من شارەزام، بۆیە دەتوانم بگەڕێمەوە .

دیبۆرا ترایسمان: وە شت لەگەڵ خۆتدا دەهێنیتەوە؟

هاروکی موراکامی: نەخێر، ئەوە ترسناک دەبێت. هەمووشتێک لە جێگای خۆیدا جێدێڵم. کە نانووسم، کەسێکی زۆر ئاساییم. ڕێزی ڕۆتینە ڕۆژانەییەکان دەگرم. بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستم. نزیکەی کاتژمێر نۆی شەو دەچم بۆ خەوتن، مەگەر یاری بەیسبۆڵ هەبێت. وە ڕادەکەم یان مەلە دەکەم. کەسێکی ئاساییم. بۆیە کاتێک دەچمە سەر شەقام و کەسێک دەڵێت، "ببوورە، بەڕێز موراکامی، زۆر خۆشحاڵم بە بینینت،" زۆر پێم سەیرە، دەزانیت. من هیچ شتێکی نایاب نیم، بۆچی دڵخۆشە بە بینینم؟ بەڵام پێموایە کاتێک دەنووسم جۆرێکم لە تایبەت_ یان نامۆ، بەلایەنی کەمەوە .

دیبۆرا ترایسمان: گوتت کە نووسینی یەکەم دوو کتێبت زۆر ئاسان بووە، وە دواتر ئەوانەی پاش ئەوە هەندێک سەخت بوونە. لەگەڵ چیدا ململانێ دەکەی؟

هاروکی موراکامی: کاتێک ئەو یەکەم دوو کتێبەم نووسی_"گوێ لە با بگرە گۆرانی دەڵێت" و "پینباڵ، ۱۹۷۳" ئاسان بوو بەلامەوە بۆ نووسین، بەڵام قایل نەبووم بە کتێبەکان. من هێشتا قایل نیم پێیان. پاش ئەوەی ئەو دوو کتێبەم نووسی، زیاتر بەرزیخواز بووم. "ڕاونانی مەڕەکێوی"م نووسی_یەکەم ڕۆمانی درێژم. (ئەو دووانەی تر زیاتر وەک کورتە ڕۆمانێک بوون.) ئەوە کاتی ویست_سێ بۆ چوار ساڵ، وابزانم_وە بەڕاستی دەبوو کە چاڵەکە هەڵکەنم بۆ گەیشتن بە بەهار. بۆیە پێموایە "ڕاونانی مەڕەکێوی" خاڵی دەستپێک بوو بۆ پیشەی ڕاستەقینەم. سێ ساڵی یەکەم، دەمنووسی لەکاتێکدا وەک خاوەنی یانەی جاز کارمدەکرد. لە کاتژمێر دووی بەیانی کارەکەم تەواودەکرد و دواتر لەسەر مێزی چێشتخانەکە دادەنیشتم و دەمنووسی. ئەو زۆر بوو بۆم. دوای یەکەم دوو کتێبم، بڕیارمدا کە یانەکە بفرۆشم و هەموو کاتەکانم بۆ نووسین تەرخان بکەم. بەڵام کارەکانی یانە جازەکە بەباشی دەڕۆشتن بەڕێوە، وە هەمووان ئامۆژگارییان کردم کە نەیفرۆشم .

دیبۆرا ترایسمان: واز لە کاری ڕۆژانەت مەهێنە !

هاروکی موراکامی: دواتر "ڕاونانی مەڕەکێوی"م نووسی، ویستم کتێبێکی گەورە بنووسم .

دیبۆرا ترایسمان: وە ئەوە ئاسان بوو بۆت کە کتێبێکی گەورەتر بنووسیت، یان سەرکەشی

هاروکی موراکامی: کاتێک "ڕاونانی مەڕەکێوی"م نووسی، زۆر خۆشحاڵ بووم، چونکە نەمدەزانی دواتر چی ڕوودەدات. چاوەڕێی ڕۆژی دواترم نەدەکرد تا بێت بۆیە دەمتوانی بزانم دواتر چی ڕوودەدات. دەمویست پەڕەکان هەڵدەمەوە بەڵام هیچ نەبوو. دەبوو بیاننووسم .

دیبۆرا ترایسمان: هەرگیز ڕۆژێکی وات هەبووە هیچ بیرۆکەیەکت نەبێت کە دواتر چی ڕوودەدات؟ ئەو ڕۆژە دانیشیت و نەتوانیت بنووسیت؟

هاروکی موراکامی: هیچ شتێکی نووسەرانم ئەزموون نەکردووە. هەر کە لەسەر کورسییەکەم دادەنیشم، بە سرووشتی دەزانم دواتر چی ڕوودەدات. ئەگەر نا، یان ئەگەر نەمەوێت شتێک بنووسم، ئەوا ناینووسم، نانووسم. گۆڤارەکان هەمیشە داواملێدەکەن کە شتێک بنووسم، وە منیش هەمیشە دەڵێم نەخێر. دەنووسم کاتێک بمەوێت بنووسم، ئەوەی کە دەمەوێت بینووسم، وە بە ئەو شێوەیەی کە دەخوازم بینووسم .

دیبۆرا ترایسمان: پێتوایە کە لە خەونتدا کار لەسەر بابەتەکانت دەکەیت؟

هاروکی موراکامی: نا، پێموانیە: خەون نابینم. چیرۆکەکان چیرۆکن؛ خەونەکان خەونن. وە بۆ من، نووسین خۆی وەک خەونبینینە. کاتێک دەنووسم، دەتوانم لەخۆوە خەون ببینم. دەتوانم دەستپێبکەم بوەستم و ڕۆژی دواتر بەردەوام بم، بە هەڵبژاردنی خۆم. کاتێک تۆ دەخەویت و خەونی باشت هەیە، بە پارچە گۆشتێکی گەورەوە یاخود بیرەیەکی باش یان کچێکی جوان، وە هەڵدەستیت لە خەو، هەمووی ڕۆشتووە. بەڵام من ڕۆژی دواتر دەتوانم بەردەوام بم !

دیبۆرا ترایسمان: چەند ساڵێک پێش ئێستا وتت کە، لەکاتێکدا کە کارت دەکرد لەسەر ڕۆمانێک، لیستێک لە بیرۆکە و دەستەواژەت دانابوو، وەک 'پارەی قسەکەر' یان 'پیاوێک کە لەسەر پلیکانەکان وندەبێت'، وە کە تۆ ڕۆمانەکە تەواودەکەیت دادەنیشیت تا ئەو چیرۆکانە بنووسیتکە گوتت، "هەر چیرۆکێک دەبێت بەلایەنی کەمەوە شتێک یان دووانی لەو لیستە تیابێت. "هەمیشە بەوشێوەیە کاردەکەیت؟

هاروکی موراکامی: ئەوە کاتێک بوو کە شەش چیرۆکم لە یەک کاتدا دەنووسی. بۆیە ئەو وشە نهێنییانەم هەبوو تایارمەتیم بدەن. لەگەڵ ڕۆمان ئەوەم ناوێت. یاساکەم ئەوەیە کە هەموو جارێک شتێکی نوێ تاقیبکەمەوە. زۆربەی کتێبەکانیسەرەتام لە کەسی یەکەمەوە دەنووسی. لە "1Q84 "دا، سێ کەسایەتی کەسی سێیەمم نووسی. ئەوە جۆرێک بوو لە سەرکێشی بۆ من. زۆرجار، گێڕەرەوەکەم، پاڵەوانەکەم، کەسێکە دەمتوانی ببم بەڵام من نیم. جۆرێک لە خۆمی گۆڕاو، دەزانیت؟ لە ژیاندا، من خۆمم و ناتوانم کەسانیتر بم، بەڵام لە ڕۆماندا دەتوانم هەرکەسێک بم. دەتوانم خۆم بخەمە جێی کەسانی تر. دەتوانیت ئەوە ناوبنێیت جۆرێک لە تیمارکردن. ئەگەر تۆ بتوانیت بنووسیت، جێگیرنیت. دەتوانیت ببیت بە هەرکەسێکی دیکە_ئەو توانایەت هەیە.



ڕیکلام