وەزیری ئیتلاعاتی ئێران: ئەگەر هەوڵی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بدەین تاوانبار کەسانی دیکەن

  2021-02-09  | 
تاران
مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی بدات، کەسانی دیکە تاوانبارن چونکە ئێران ناچار دەکەن ئەو کارە بکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران، مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "پیشەسازی ئەتۆمی ئێمە ئاشتی ئامێزە و پێشتریش رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بە فەتوایەک رایگەیاندووە کە چەکی ئەتۆمیی حەرامە، بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو چەکە بدات، ئەوا ئێران تاوانبار نییە بەڵکو تاوانبار ئەوە کەس و لایەنانەن کە وا لە ئێران دەکەن ئەو کارە بکات، لە دۆخی ئێستاشدا تاران ئەو ئامانجەی نییە و بەنیازیش نییە ئەو کارە بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، چڕکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا لەلایەن  دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەوە، فشاری زۆری خستووەتە سەر گەلی ئێران، بەڵام هاوکات بووەتەهۆی بەرەوپێشچوونی پیشەسازی ئەتۆمیی وڵاتەکە.

مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران راشیگەیاند، کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەو هەلەی بۆ رەخساندوون کە دەستکەوتەکانیان تاقی بکەنەوە، بۆیە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەرەوپێشچوونی باشیان لەو بوارەدا بەخۆیانەوە بینیوە.

بە هاتنەسەرکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرپرسانی ئێران ئۆمێدیان بەوەیە کە بە لابردنی گەمارۆکان و گەڕانەوەی واشنتن بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەرەو قۆناغێکی باشتر ببەن، بەڵام چەند رۆژ پێش ئێستا بایدن رایگەیاند، ئیدارەکەی بە هیچ شێوەیەک سزاکانی سەر ئێران هەڵناگرێت، بەرلەوەی ئێران راگرتنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕانەگرێت.



ڕیکلام