ئەمریکا هەوڵی کەمکردنەوەی فشارە ئابورییەکان بۆ سەر ئێران دەدات

  2021-02-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی جۆ بایدن هەوڵی کەمکردنەوەی فشارە ئابورییەکان بۆسەر ئێران دەدات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە هەڵگرتنی گەمارۆکان بێت.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لەزاری چوار بەرپرسی کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە کە حکومەتی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی چەند بژاردەیەکە بۆ سوککردنی فشارە ئابورییەکانی سەر ئێران.

ئەو بەرپرسانە کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، رایانگەیاندووە، ئیدارەی جۆ بایدن بەنیازە لەڕێگەی پشتیوانی لە سلفەی سندوقی نێودەوڵەتی دراو بە ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و سوککردنی سزاکانی ئەمریکا کە بوونەتە رێگر لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییە جیهانییەکان، فشارەکان بۆ سەر ئێران کەمبکاتەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو هاوکاریانە لە چوارچێوەی پشتیوانییە مرۆییەکان، هەڵسەنگاندیان بۆ دەکرێت.

هاوکات لەورا رەوزن پەیامنێری بلومبێرگ، راپورتێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا واشنتن دەیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەربارەی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتومیی، هەنگاو بەرەو سوککردنی گەمارۆکان بهاوێژێت.

رەوزن لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کە ئاگاداری ئەو بڕیارەیە، بڵاویکردووەتەوە،بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن سەرقاڵی تاوتوێکردنی بژاردنەکانن و هەوڵدەدەن بەخێراییەکی زۆر کارەکانیان بەرەوە پێش ببەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینی ٥ی٢ی٢٠٢١، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەی وهەروەها لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، تاوتوێی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی کردووە.



ڕیکلام