جیهانە شاراوەکانی هاروکی مۆراکامی

  2021-02-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسەری خاوەن شێواز و قۆناغ و شوێنی تایبەت بەخۆی، شوێنە تاریکەکان کە ڕێکەوتیان دەکات لەسەر لاپەڕەکە.

بەشی دووەم

وەرگێڕانی: گوڵان مەحمود

دیبۆرا ترایسمان: دەستت بە ڕاکردن کرد لەهەمان ئەوکاتەی دەستت بە نووسین کرد. دەزانم هەندێک حەز لە نووسین دەکەن لە مێشکیاندا بەدەم ڕاکردنەوە؛ ڕیتمی ڕۆیشتن یارمەتییان دەدات. لەکاتی ڕاکردندا بیر لە نووسین دەکەیتەوە؟

هاروکی موراکامی: نەخێر، بەهیچ شێوەیەک. کاتێک ڕادەکەم، تەنها ڕادەکەم. مێشکم بەتاڵدەکەمەوە. هیچ بیرۆکەیەکم نییە کە بیر لە چی دەکەمەوە لەکاتی ڕاکردندا. ڕەنگە هیچ شتێک. بەڵام، وەک دەزانیت، پێویستە سەخت بیت لە نووسیندا بۆ ماوەیەکی درێژ. نووسینی تەنها کتێبێک کارێکی سەخت نییە، بەڵام بەردەوامیدان بە نووسین بۆماوەیەکی درێژ لە مەحاڵەوە زۆر نزیکە. تۆ پێویستت بەهێزی ترکیز و بەرگەگرتن هەیە. زۆرجار شتانی زۆر ناتەندروست دەنووسم. شتانی سەیر و ئاڵۆز. پێموایە کە دەبێت لە تەندروستییەکی باشدا بیت ئەگەر بتەوێت شتانێکی ناتەندروست بنووسیت. ئەمە پارادۆکسە، بەڵام ڕاستیشە. هەندێک نووسەر ژیانێکی زۆر ناتەندروستییان هەبووە_وەکو بۆدلێر. بەڵام، بەبۆچوونی من، ئەو ڕۆژانە ڕۆشتن. ئەم جیهانە زۆر ئاڵۆزە، وە دەبێت بەهێزبین لەپێناو مانەوەماندا، بۆ تێپەڕاندنی ئاژاوەکە. لە سییەکانی تەمەنمدا بووم کاتێک بووم بە نووسەر، وە ۳۲ بۆ ۳۳ ساڵ بووم کاتێک دەستم بەڕاکردن کرد. بڕیارمدا هەموو ڕۆژێک ڕابکەم چونکە دەمویست بزانم چی ڕوودەدات. پێموایە ژیان وەک تاقیگەیەکە کە دەتوانیت هەرشتێک تاقیبکەیتەوە. وە لەکۆتایشدا پێموایە باشبوو بۆم. چونکە بووم بە کەسێکی تووند .

دیبۆرا ترایسمان: نووسین وەک ڕاکردن هەوڵێکی تاکەکەسییە. لە ژیانێکی زۆر کۆمەڵایەتییەوە لە یانەی جازی شەوانە_کە هەمیشە خەڵک لەچواردەورت بوون_گواستتەوە بۆ ئەوەی بەتەنها بیت لە خوێندنەکەتدا. کامیان بۆ تۆ ئاسودەترە؟

هاروکی موراکامی: کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی نیم. پێمخۆشە لە شوێنێکی ئارامدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر تۆمارکراو و ڕەنگە پشیلەشدا بم. وە تەلەفیزیۆنێک تاکو بەهۆیەوە سەیری یاری بەیسبۆڵ بکەم. پێموایە ئەوە هەموو شتێکە کە دەمەوێت .

دیبۆرا ترایسمان: جارێک گوتت کە خەونی ژیانت ئەوەیە لەبنکەی بیرێکدا دابنیشیت. وە ژمارەیەک کارەکتەری ناو ڕۆمانەکانت هەیە کە بەهەمانشێوە ئەو کارە دەکەن. وەک مێنشیکی لە ڕۆمانی کوشتنی فەرماندەدا. بۆچی؟

هاروکی موراکامی: زۆر حەزم لە بیرەکانە، حەزم لە ساردکەرەوەیە، حەزم لە فیلە. شتانێکی زۆر هەن کە حەزم لێیانە. کاتێک دەربارەی ئەو شتانە دەنووسم کە حەزم لێیانە، هەست بە دڵخۆشی دەکەم. کاتێک منداڵ بووم، بیرێک لەماڵەکەماندا هەبوو، وە هەمیشە زۆر سەیرمدەکرد و لە خەیاڵمدا ماوەتەوە. کورتە چیرۆکێک هەیە بە قەڵەمی ڕایمۆند کارڤەر دەربارەی بیرێکی وشک. زۆر حەزم لەو چیرۆکەیە .

دیبۆرا ترایسمان: پێشتر هەوڵتداوە دابەزیتە ناو بیرێکەوە؟

هاروکی موراکامی: نا نا نا. وەک دەزانیت، ئەوە کارێکی ترسناکە. تەنها لە خەیاڵمدا. بەڵام بەهەمانشێوە حەزم لە ئەشکەوتیشە. کاتێک بەدەوری جیهاندا گەشت دەکەم و ئەشکەوتێک دەبینم، دەچمە ناویەوە. حەزم لە ئەشکەوتە و حەزم لە شوێنە بەرزەکان نییە .

دیبۆرا ترایسمان: هاتنە خوارەوەت لە بەرزاییەوە پێخۆشە؟

هاروکی موراکامی: هەندێک خەڵک دەڵێن ئەوە جۆرێکە لە خواستی نائاگایی. بەڵام من زۆر گرنگی دەدەم بە جیهانی خوارەوە .

دیبۆرا ترایسمان: لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری پاریس ڕیڤیو پێش چەند ساڵێک گوتت کە هێزی پاڵنەری چیرۆکەکانت "ونکردن و بەدواداگەڕان و دۆزینەوەیە" پێتوایە ئەوە هێشتاش ڕاستە؟

هاروکی موراکامی: بەڵێ. ئەوە بابەتێکی زۆر گەورەیە لە ڕۆمانەکانمدا_ونکردنی شتێک و گەڕان بەدوایدا و دۆزینەوەی. زۆربەی جار کەسایەتییەکانم بەدوای شتێکی ونبوودا دەگەڕێن. هەندێکجار کچێکە، وە هەندێکجاریش هۆکارێکە یاخود مەبەستێکە. بەڵام بەشوێن شتێکی گرنگدا دەگەڕێن، شتێکی گرنگ، کە ونبووە. بەڵام کاتێک کەسەکە دەیدۆزێتەوە، جۆرێک لە بێهیوایی هەیە. هۆکارەکە نازانم، بەڵام ئەمە جۆرێکە لە بیرکردنەوە لە ڕۆمانەکانمدا_گەڕان بەدوای شتێک و دۆزینەوەی، بەڵام کۆتاییەکەی دڵخۆش نییە .

دیبۆرا ترایسمان: زۆرجار ئەو پیاوانەی لەبارەیانەوە دەنووسیت ونبوون، جا سۆزدارییانە بێت یاخود بونگەراییانە. لەوە ناچێت لەماڵێکدا بن لەم جیهانەدا .

هاروکی موراکامی: دەزانیت، ئەگەر پاڵەوانەکە دڵخۆشبێت، ئەوا هیچ چیرۆکێک نابێت .

دیبۆرا ترایسمان: زۆرجار ڕۆمانەکان بەدەوری نهێنییەکدا دەسوڕێنەوە. هەندێکجار نهێنییەکە چارەسەردەبێت و هەندێکجاریش شتەکان بە چارەسەرنەکراوی بەجێدەهێڵیت. ئەوە بەهۆی ئەوەوەیە کە پێتخۆشە شتەکان بەکراوەیی بۆ خوێنەر جێبهێڵیت، یاخود بەهۆی ئەوەی کە هەمیشە خۆت دڵنیانیت لە چارەسەرەکانت؟

هاروکی موراکامی: کاتێک ڕۆمانێک بڵاودەکەمەوە زۆرجار هاوڕێکانم پەیوەندیم پێوەدەکەن و دەپرسن، "پاش ئەوە چی ڕوودەدات؟" دەڵێم، "ئەوە کۆتاییەکەیە." بەڵام خەڵکی پێشبینی تەواوکردن دەکەن. پاش ئەوەی "1Q84"م بڵاوکردەوە، لەهەموو  ئەوانە تێگەیشتم کە دواتر ڕوودەدەن. دەمتوانی تەواوکەرەکە بنووسم، بەڵام وامنەکرد. پێموایە ئەوە وەک ئەوە وایە " Jurrasic park4" یاخود "Die Hard 8" بێت. بۆیە ئەو چیرۆکەم تەنها لە مێشکمدا هێشتەوە، وە زۆر چێژم لێ بینی .

دیبۆرا ترایسمان: پێتوایە کە دەینووسیت؟

هاروکی موراکامی: پێموانییە. پێموایە لەمێشکمدا دەمێنێتەوە. پاڵەوانەکەی کچەکەی تینگۆیە لە تەمەنی شانزە ساڵیدا. چیرۆکێکی زۆر سەرنجڕاکێشە .

دیبۆرا ترایسمان: کەواتە ئەوە "Die Hard 8"نییە !

هاروکی مۆراکامی: وە پێشەکییەک هەیە بۆ ئەو کتێبە .

دیبۆرا ترایسمان: تەنها لەمێشکتدا؟

هاروکی موراکامی: بەڵێ .

دیبۆرا ترایسمان: هەندێک نووسەر هەوڵدەدەن لە هەر کتێبێکیاندا بەتەواوی کارێکی جیاواز بکەن وەک لەوەی پێشتریان، وە هەندێکی دیکەش هیواخوازن بەردەوامی بەو شێوازە بدەن کە بۆ خۆیانیان درووستکردووە. هەستدەکەیت سەر بە کامیان بیت؟

هاروکی موراکامی: حەزم لە کارەکانی کازوۆ ئیشیگورۆیە. ئەو هاوڕێیەکی ئازیزمە. وە هەرجارێک کە کتێبێکی نوێ بڵاودەکاتەوە بەتەواوی لەکتێبەکانی پێشتری جیاوازە. ئەوە زۆر جێگای بایەخپێدانە، بەڵام لە حاڵەتی مندا، شێوە و بابەتەکان زۆر ناگۆڕێن. پێمخۆشنییە تەواوکاری بنووسم، بەڵام کەشی کتێبەکان زۆر جیاوازنین لە یەکتری. من تەنها یەک کەسم، وە بەڕێگای تایبەتی خۆم بیردەکەمەوە؛ ناتوانم ئەوە بگۆڕم. بەڵام نامەوێت دووبارە و دووبارە هەمانشت بنووسەوە .

دیبۆرا ترایسمان: لەشێوازی تایبەتیتدا، زۆرجار بیرۆکەیەکی ئاڵۆز و قورس هەیە، بەڵام خودی نووسینەکە بەپێچەوانەوەیە. ڕستەکان بەڕاستی زۆر سادە و ئاسانن. ئەم دژێتییە بەئەنقەستە؟

هاروکی موراکامی: زۆر لە نووسەران بیرۆکەی بچووک و ئاسان بەشێوازی قورس و ئاڵۆز دەنووسن. پێموایە ئەوەی کە دەمەوێت بیکەم ئەوەیە شتە ترسناک و ئاڵۆزەکان بەشێوازێکی زۆر ئاسان بنووسم کە ئاسودە بێت بۆ خوێندنەوە. لەبەر نووسینی ئەو شتە قورسانە، پێویستە ئامادەبیت بۆ قوڵبوونەوەی زیاتر. بۆیە، لەماوەی ئەو چل ساڵەی کە تیایدا دەنووسم، تەکنیکێکم بۆ ئەوە داناوە. ئەوە وەک تەکنیکێکی فیزیاییە نەک تەکنیکێکی بیری. بڕواموایە کە ئەگەر نووسەرێکی خەیاڵی بیت و زۆریش زیرەک بیت، ئەوا ناتوانیت بنووسیت. بەڵام ئەگەر گەمژەش بیت، بەهەمانشێوە ناتوانیت بنووسیت. بۆیە پێویستە شوێنێک لەو نێوانەدا بدۆزیتەوە. ئەوەش زۆر سەختە .

دیبۆرا ترایسمان: پێتوایە کە شێوازت لەڕێگای وەرگێڕانەوە دێت؟

هاروکی موراکامی: بەڵێ، نازانم بۆچی، بەڵام کاتێک کتێبەکانم بە ئینگلیزی دەخوێنمەوە هەستیپێدەکەم، ئۆو، ئەوە منم. کێش، وە شێوازی پەخشانەکان، هەمانشتن_بەنزیکەیی هەمانشت .

دیبۆرا ترایسمان: تۆ خۆت وەرگێڕیت و ئێف.سکۆت فیتزجیرلاند و ترومان کەپۆوت و ڕایمۆند کارڤەر و چەندانی ترت وەرگێڕاوەتە سەر زمانی یابانی. ئێستاش جۆن شیفەر وەردەگێڕیت. چی لەو کتێبانەدا سەرنجت ڕادەکێشێت کە وەریاندەگێڕیت؟

هاروکی موراکامی: ئاسانە. ئەو شتە وەردەگێڕم کە حەزم لێیەتی. هەموو ڕۆمانەکانی ڕایمۆند تشاندەرم وەرگێڕاوە. زۆر حەزم لە ستایلێتی. پێنج بۆ شەش جار کتێبی "ماڵئاوایی درێژ"ی ئەو نووسەرەم خوێندۆتەوە .

دیبۆرا ترایسمان: لە وەرگێڕاندا، پێویستە دەنگی نووسەرێکی دیکە وەربگریت. پێویستە ببیت بە فیتزجیرالد، تشاندەر یاخود شیفەر. ئایا ئەوە سەرکێشیێە لەکاتێکدا خۆت بەئاشکرا دەنگێکی ئەدەبی خۆتت هەیە؟

هاروکی موراکامی: بەڵێ. من ئێف. سکۆت فیتزجیرالدم خۆشدەوێت. ژمارەیەکی زۆر لە کتێبەکانیم وەرگێڕاوە_بەڵام شێوازی نووسینی بەتەواوی لە من جیاوازە، زۆر جوانە و ئاڵۆزیشە، بەڵام جوانە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرشت لە نووسینەکانی، هەڵوێستەکانی و ڕێگای تێڕوانینیەوە بۆ ژیان فێربووم. شێوازی ڕایمۆن کارفەر و جیهانەکەشی لە من جیاوازە بەڵام بەهەمانشێوە لەویشەوە فێربووم .

دیبۆرا ترایسمان: جۆن شیفەر پڕۆژەی وەرگێڕانی ئێستاتە. بۆچی ئەو؟

هاروکی موراکامی: بۆچی شیفەر؟ بەدرێژایی چەندین ساڵ چێژم لە کورتە چیرۆکەکانی بینی، بەڵام شیفەر لە یابان ناسراو نییە. ژمارەیەکی کەم لە خەڵک چیرۆکەکانی دەخوێننەوە، چونکە زۆر ئەمریکییانەیە. پێموانییە زۆربەی خوێنەرانی یابان نرخی چیرۆکەکانی بزانن، بەڵام من حەزم لێیانە، بۆیە ئەوە سەرکێشییە .

دیبۆرا ترایسمان: پێتوایە کە ئەو شتانەی لە نووسەرەکانی دیکەوە فێربوویت دەخشێنە ناو نووسینەکانتەوە؟

هاروکی موراکامی: پێموایە کاریگەری هەیە. کاتێک فێری نووسین بووم، کاتێک دەستم بە نووسین کرد، هیچ ڕێنمایی پێدەرێکم نەبوو، مامۆستام نەبوو، وە هاوپۆل و هاوڕێی ئەدەبیشم نەبوو. تەنها خۆمم هەبوو. بۆیە زۆرشت لە کتێبەکانەوە فێربووم. کاتێک منداڵ بووم، حەزم لە خوێندنەوە بوو، چونکە منداڵێکی تاقانە بووم. هیچ خوشک و برایەکم نەبوو. تەنها کتێب و پشیلەم هەبوو_وە مۆسیقاش بەدڵنیاییەوە. حەزم لە وەرزشکردن نەبوو. لەو جۆرە کوڕانە بووم کە حەزیان لە خوێندنەوە بوو. لە هەرزەکاریمدا حەزم لە ڕۆمانە ڕوسییەکان بوو. تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکی. وە ئەوەی لەو کتێبانەشەوە فێربووم درێژتر و باشتربوون! لە زانکۆ، زۆر هاوپۆلم هەبوون کە دەیانویست ببن بە نووسەر، بەڵام بڕوامنەدەکرد کە بەهرەی ئەوەم هەیە بنووسم، بۆیە یانەیەکی جازم کردەوە و مۆسیقام کرد بە پیشەم .

دیبۆرا ترایسمان: هەرگیز پێشتر خۆت مۆسیقات ژەندووە؟

هاروکی موراکامی: کاتێک منداڵ بووم، پیانۆم دەژەند، بەڵام بەهرەم نەبوو لە ئامێرەکەدا. کاتێک تەمەنم پانزە ساڵان بوو، ئاڕت بلەیکی و گروپی جاز ماسنەرس هاتن بۆ یابان، چووم بۆ ئاهەنگە مۆسیقییەکەیان. پێش ئەو کاتە نەمدەزانی مۆسیقای جاز چییە، بەڵام لەو ساتەوە بەپەرۆش بووم بۆ ئەو جۆرە مۆسیقایە. بۆماوەی پەنجا ساڵە تۆمارکراو کۆدەکەمەوە. ژنەکەم هەمیشە گلەیی دەکات، وەک دەانیت. ژمارەیەکی زۆر تۆمارکراوی مۆسیقای جازم هەیە لە ماڵەکەمدا. بەڵام شتی زۆر لە مۆسیقاوە فێربووم دەربارەی نووسین. پێموایە سێ پێکهاتەی گرنگ هەن: کێش، گونجاندن و لەرینەوەی ئازاد. ئەو شتانە لە مۆسیقاوە فێربووم و لە ئەدەبەوە فێرنەبووم. وە کاتێک دەستم کرد بە نووسین هەوڵمدا بنووسم وەک ئەوەی مۆسیقا بژەنم .

دیبۆرا ترایسمان: دایک و باوکت مامۆستای ئەدەب بوون. ئایا ئەوان دڵخۆش بوون بە بڕیاری بوون بە نووسەرت؟ دەیانویست ببیت بە نووسەر یان ئەندازیار؟

هاروکی موراکامی: پێموانییە. نازانم چاوەڕێی چییان لێدەکردم.



ڕیکلام