نەتەوە یەکگرتووەکان: نیوەی منداڵانی خوار تەمەن 5 ساڵانی یەمەن برسین

  2021-02-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریاندا لەوەی نیوەی منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵان لە یەمەن، لە ساڵی ٢٠٢١دا تووشی بەدخۆراکی دەبن و بەهۆی نەبوونی کۆمەکی مرۆیشیەوە بە سەدان هەزاریشیان لێ دەمرێت.

هەریەکە لەڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسیف) ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆشداریاندا لەوەی بەدخۆراکی زۆر خراپ هەڕەشە لە نیوەی ئەو منداڵانەی وڵاتی یەمەن دەکات، کە تەمەنیان لە خوار ٥ ساڵانەوەن لە ساڵی ٢٠٢١دا.

ئەو ڕێکخراو و ئاژانسانەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو ڕێژەیە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار منداڵی خوار تەمەن ٥ساڵای یەمەن دەگرێتەوە.

ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکحی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە "چاوەڕواندەکرێت ٤٠٠ هەزار لەو منداڵانە بەدەست بەدخۆراکییەوە بناڵێنن، کە چاوەڕواندەکرێت بەخێرایی بمرن، ئەگەر بە پەلە کۆمەکی خۆراکی و فریاگوزارییان پێ نەگات.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ژمارەیە بەڕێژەی لە ٢٢% زیاترە لەچاو دۆخەکە لەساڵی ٢٠٢٠دا.

هنرییتا فۆر، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، هەر ڕۆژێک ئەگەر جوڵەیەک نەکرێت بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو دۆخە نالەبارەی منداڵانی یەمەن، ژمارەی مردنی منداڵان زیاتر دەبێت، ڕێکخراو مرۆییەکان پێیوستی زۆریان بە کەلوپەلی خۆراک هەیە، ئەگەر بێتوو بێ ڕێگری بکاتە ناو خاکی یەمەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەیەمەن، نزیکەی ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار ژنی دووگیان لە یەمەن دووچاری بەدخۆراکی دەبنەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئاستەکانی بەدخۆراکی لەناو منداڵان و ژنانی یەمەندا بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، لەوەتەی ساڵی ٢٠١٥وە شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەستی پێکردووە، بە تایبەت کاتێک هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە دەستوەردانی کرد لە دۆخی یەمەن، بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزەکانی حکومەت لە دژی حوسییەکانی ئەو وڵاتە کە بە گروپی  (ئەنساروڵا) ناسراون.

لە لایەکی دیکەوە دەیڤید پیسلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاند، قەیرانی یەمەن تێکەڵەیەکە لە ململانێ و هەرەسهێنانی ئابوری و نەبوون و کەمبوونەوەی کۆمەکە مرۆییەکان، کە دەکرێت ژیانی هەزاران کەسی لە مردن پێ ڕزگار بکرێت.

ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، پلانی وەمدانەوەبۆ دخۆی خراپی مرۆیی ناوخۆیی یەمەن لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە کۆی ٣ ملیار و ٤٠٠ ملۆن دۆلار کە بۆی داواکرابوو لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە، تەنها یەم ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلاریان پێگەیشتووەتە.

تا ئێستا بەهۆی شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە کە نزیکەی ٧ ساڵە بەردەوامە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٢٣٣ هەزار کەس، جگە لەوەش لە ٨٠%ی دانیشتوانی یەمەن پشت بە کۆمەکی مرۆیی دەبەستن بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێننەوە، کە بە خراپترین قەیرانی مرۆیی دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهاندا لەم کاتەدا.



ڕیکلام