ئەیاد عەلاوی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

  2021-02-13  | 
ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی
فۆتۆ: ئەرشیف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بە پێویستی زانی هەڵبژاردنەکان دوابخرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٢، چونکە هەڵبژاردن پێویستی بە کەشێکی ئارام و ئەمنی گونجاو هەیە.

سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقییە ئاشکرایکرد، داوایان پێشکەشکردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، چونکە هەڵبژاردن تێچووی زۆرە و پێویستی بە پاراستن هەیە و ئەوەش لە دۆخێکی ئارامدا دەتوانرێت بەڕێوە بچێت، بۆیە پێویستە دوابخرێت.

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی جەختیکردەوە، هەڵبژاردن پێویستی بە دۆخی سروشتی هەیە، کە دیارە ئەوەش لە عێراقدا بەردەست نییە، چونکە هێشتا لەژێر سایەی بەندەکانی شەش و حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.

عەلاوی ئاماژەی بەوەکرد، ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی نییە کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات، رەخنەشی لە جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گرت و ڕایگەیاند، بۆ ئەو شوێن و پێگەیەی ئێستای ناگونجێت.

عەلاوی لە دیدارێکیدا تەلەفزیۆندا ئاماژەی بەوەکرد، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان نەتەوە یەکگرتووەکانە نەک ئەنجومەنی ئاسایش، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت چاودێری و هاوکاری هەڵبژاردنەکان بکات.

جەختیشیکردەوە، بابەتی چاودێری نەتەوە یەکگرتووە بۆ هەڵبژاردنەکان، بەهۆی هۆکاری ئەمنی و لۆجستییەوە پەکی کەوتووە.

سەبارەت بە سەردانەکەی بلاسخارت بۆ ئێران و تاوتوێکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتەدا، عەلاوی جەختیکردەوە، بلاسخارت بۆ شوێن و پێگەکەی گونجاو نییە و نابێت نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.

سەبارەت بە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا عەلاوی ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا دادپەروەرانە و هەمەلایەنە بێت، ئاماژەی بەوەشکرد دەوڵەتانی کەنداو کێشەی فەلەستینان نەفرۆشتووە.



ڕیکلام