تەقینەوەی تانکەرێکی سوتەمنی لە سنوری ئێران و ئەفغانستان زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە

  2021-02-13  | 
ئەفغانستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە سنوری ئێران و ئەفغانستان تانکەرێکی هەڵگری سوتەمنی تەقییەوە و بەوهۆیەشەوە تاوەکو ئێستا ١٧ کەس برینداربوون و بەدەیان تانکەریش سوتاون.

میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٣ی٢ی٢٠٢١، لە خاڵی گومرگی "ئیسلام قەلعە" لەناو خاکی ئەفغانستان، تانکەرێکی هەڵگری سوتەمنی تەقیوەتەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە کە تاوەکو ئێستا زیانەکانی ئەو رووداوە بەوردی نەزانراوە بەڵام بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی ویلایەتی هەرات، ١٧ کەس برینداربوون کە باری تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.

لەوبارەیەشەوە جیلانی فەرهاد وتەبێژی ویلایەتی هەرات رایگەیاندووە، بەهۆی رووداوەکەوە دەیان تانکەری هەڵگری سوتەمنی سوتاون و زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.



ڕیکلام