جیهانە شاراوەکانی هاروکی مۆراکامی

  2021-02-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسەری خاوەن شێواز و قۆناغ و شوێنی تایبەت بەخۆی، شوێنە تاریکەکان کە ڕێکەوتیان دەکات لەسەر لاپەڕەکە.

بەشی سێیەم

وەرگێڕانی: گوڵان مەحمود

دیبۆرا ترایسمان: دوایینجار کە قسەمانکرد، گوتت کە یانزەی سێپتەمبەر جیهانی گۆڕیوە_نەک تەنها جیهانی ڕاستەقینە بەڵکو ئەو جیهانەش کە تۆ لەبارەیەوە دەنووسیت لە خەیاڵدا. دەپرسم هیچ کارەساتێکی دیکە کاریگەرییەکی هەمانشێوەی هەبووەوەک ئەوە_ئەگەر هەستدەکەیت ڕووداوێکی وەک تسوونامی ساڵی ۲۰۱۱ لە ژاپۆن و کارەساتی فۆکۆشیمای ئەتۆمی خەیاڵتیان گۆڕیوە .

هاروکی موراکامی: بەڵێ. پاش بوومەلەرزەکەی کوبی ساڵی ۱۹۹٥، کۆمەڵێک کورتە چیرۆکم نووسی بەناوی "پاش بوومەلەرزەکە". کوبی شوێنی لەدایکبوونم بوو، هەموو شارۆچکەکە، بە ماڵەکەی دایک و باوکمەوە، بەتەواوی لەناوچوون. لەوکاتەدا من چوار ساڵ بوو لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووم. بەجۆرێک لەوانە بووم کە شۆک دایگرتبوون، بەڵام دیمەنەکانم لە تەلەفیزیۆنەوە بینی. وە وەک ڕۆماننووسێک، بیرمدەکردەوە، دەتوانم چیبکەم دەربارەی بومەلەرزەکە؟ پێموایە هەموو ئەوەی کە دەتوانم بیکەم تەنا ئەوەبوو بیربکەمەوە چی ڕوویداوە لەو کاتەدا. بۆیە وامکرد. لەزۆربەی حاڵەتەکاندا، توێژینەوە ناکەم کاتێک ڕۆمانەکان دەنووسم، چونکە خەیاڵ دیاری و سامانمە. دەمەوێت بەتەواوی کاری پێبکەم. بەڵام لەهەمان ساڵدا، پاش دوو مانگ، هێرشێک بە گازی کوشندە لە یەکێک لە میترۆکانی تۆکیۆدا ڕوویدا. ئەو کاتەش لە یابان نەبووم. هەموو وتارەکانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانم خوێندەوە، بەڵام نەمتوانی ئەوە بخوێنمەوە کە دەمویست بیزانم. دەمویست بزانم کە بەڕاستی چی ڕوویداوە، لەو ڕۆژەدا، لەو شەمەندەفەرەدا. دەمویست شتێکی وەک بۆنی غازەکە بزانم لە شەمەندەفەرێکی داخراودا. بۆیە بڕیارمدا خۆم ئەو شتانە بزانم، چاوم بە قوربانییەکانی کارەساتەکە کەوت و پرسیارە تایبەتییەکانی خۆمم لێکردن. پێیانگوتم کە چی ڕوویداوە، چ جۆرە کەسێک بوونە لەوکاتەدا. منیش بڵاومکردەوە بەناونیشانی "ژێرزەوی"دا. ئەوەم کرد چونکە هیچ کەسێکی دیکە پێشتر وای نەکردبوو، پرسیار و و ویستی زانینی خۆمم هەبوو. ساڵێکم پێوو بۆ ئەنجامدانی ئەو چاوپێکەوتنانە و پێموایە ئەو ساڵە منی گۆڕی. ئەزموونێکی مەزن بوو. بۆماوەی یەک ساڵ بەهیچ شێوەیەک هیچم نەنووسی. زۆر چێژم لەو دەنگانە وەرگرت. دەنگەکان هێشتا لەناوەوەمدان. من بڕوا بەو دەنگانە دەکەم، ئەوانە دەنگی حەقیقەتن. ئەو کەسانی سواری شەمەندەفەرەکە ببوون کەسانی ئاسایی بوون، نەوەک کەسانی دیار. ئەوان بە شەمەندەفەرەکە دەڕۆشتن بە بەیانییەکی شاری تۆکیۆدا، لەپڕ یەکێکیان کیسەیەکی پلاستیکی گازی کوشندەی کردەوە، وە هەندێکیان مردن. حاڵەتێکی زۆر سوریالی بووە، بەڵام دەنگەکانیان ئاسایی. ئەندامانی بنەماڵەی شیزیکیۆ ئاسایی نەبوون، بەشوێن هەندێک ڕاستی یاخود ڕاستی پەتییەوە بوون. بەڵام قوربانییەکان کەسانی ئاسایی بوون لەڕێگایاندا بۆ سەر کارەکانیان. چاوپێکەوتنم لەگەڵ هۆزە ئاینخوازەکانیشدا کرد بەڵام دەنگەکانیان سەرسامی نەکردم .

دیبۆرا ترایسمان: چی وایلێکردیت بوومەلەرزەکە بە خەیاڵ وەڵامبدەیتەوە و هێرشە گازییەکەش بە ڕۆژنامە؟

هاروکی موراکامی: لەبەرئەوەی کوبی شوێنی لەدایکبوونمە، جێگای بڕواپێکردن نەبوو بەلامەوە. ژمارەیەکی زۆر هاوڕێم هەیە لەوێ. ئەگەر چاوم بەو هاوڕێیانەم بکەوتایە، زۆر نیگەران دەبووم، زۆر غەمبار. بەڵام لەخەیاڵدا، دەمتوانی جیهانی تایبەتی خۆم دروستبکەم، بۆیە کارەکە بۆم ئاسانتر بوو. دەکرێت توندوتیژی ببێتە هۆی دروستبوونی کونێک لەمێشکتدا، لەڕێگای لاشەتەوە. دەکرێت ڕێڕەوێک ببڕێت بۆ شتێکی زۆر گرنگ. پێش بومەلەرزەکە، پێمانوابوو  کە زەوییەکە ڕەق و و توندە، بەڵام چیتر وانییە. دەکرێت نەرم و ناجێگیر و پێشبینی نەکراو بێت. پێموابێ دەمویست ئەمە بنووسم. پاش ئەوە، ژمارەیەکی زۆر کارەسات هەبوون. یانزەی سێپتەمبەر و تسۆنامی و شتی دیکەش. لەخۆم پرسی کە دەتوانم چیبکەم بۆ ئەو کەسانەی کە لەو کارەساتانەدا ئازاریان چەشتووە، وە بیرمدەکردەوە، ئەوەی کە دەتوانم بیکەم ئەوەیە ڕۆمانێکی نوێ دەربارەیان بنووسم. چونکە کاتێک چیرۆکێکی نوێ دەنووسم، دەتوانین باشتر لە یەکتری تێبگەین. ئەگەر تۆ خوێنەرێک بیت و منیش نووسەر، ئەوا من ناتناسم، بەڵام لە جیهانی خەیاڵی نهێنیدا ڕێڕەوێکی نهێنی لەنێواماندا هەیە: دەتوانین بەنائاگایی نامە بۆ یەکتری بنێرین، بۆیە پێموایە ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە دەتوانم هاوبەشی پێبکەم .

دیبۆرا ترایسمان: لەڕێگای نووسینەوە، تۆ پەیامێک دەگەیەنیت، بەڵام چۆن پەیامێک دەگەڕێنیتەوە؟

هاروکی موراکامی: نازانم. ڕەنگە ڕێگایەک بدۆزینەوە !

دیبۆرا ترایسمان: پاش ئەوەی ڕۆمانی "کافکا لە کەنار دەریا"ت بڵاوکردەوە، وێبسایتێکت هەبوو کە تیایدا خەڵکی دەیانتوانی پرسیارت لێبکەن دەربارەی کتێبەکە یاخود بۆچوونی خۆیانت پێبڵێن دەربارەی_وە تۆش وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکانت دەدایەوە. بۆچی ئەوەت کرد؟ بۆچی لەگەڵ ئەو کتێبە؟

هاروکی موراکامی: حەزم دەکرد بزانم. [کارێکی هاوشێوەم کرد ساڵی ۲۰۱٥] بۆماوەیەکی دیاریکراو بوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆر نامەی ئەلیکترۆنیم پێگەیشت. ژمارەکەم لەبیرنییە، ڕەنگە سی هەزار دانەبووبن. بەڵام هەموویانم خوێندەوە_چاوم بریندارکرد! وە نزیکەی وەڵامی سێ هەزار دانەیانم دایەوە. کارێکی سەخت بوو، بەڵام پێموایە بیرۆکەیەکی نهێنیم هەیە لەسەر جۆری ئەو کەسانەی کە کتێبەکانم دەخوێننەوە، وە چۆن بیر لە کارەکەم دەکەنەوە. هەندێکیان پرسیاری گەمژانەیان دەپرسی. پیاوێک پرسیاری ماسییە دەریاییەکەی لێکردم، ئەو دەیویست بزانێت پەلەکانی قاچن یاخود دەست. بۆچی ئەوەی لێپرسیم؟ وەڵامەکەم ئەوەبوو: دە دەستکێش و دە گۆرەویم داناوە بەتەنیشت جێخەوەکەیەوە و کاتێک لەخەو هەستا، یەکێکیان هەڵدەبژێرێت و تۆش وەڵامەکە وەردەگریت. نازانم ئەو ئاژەڵە لەسەر جێخەو بخەوێت یاخود نا...بەڵام چێژم لەزۆربەی پرسیارەکان بینی .

دیبۆرا ترایسمان: ئەوە ڕێگای پەیوەندیکردنە لەگەڵ خوێنەرەکانت. دەزانم کە لە ژاپۆن حەزتان لە ڕووداو و کۆبوونەوە گشتییەکان نییە. بۆچی ئەوە؟

هاروکی موراکامی: من نووسەرم، وە بۆ نووسین لە خوێندنەکەمدا نایابە بۆ من_لەیەک کاتدا بڕیارمدا کە هیچ شتێکی دیکە نەکەم جگە لە نووسین_ئەوە بڕیارەکەم بوو. بەڵام لەم ماوانەی دوایدا دەستم کرد بە پێشکەشکردنی بەرنامەی گۆرانی داواکراو لەڕادیۆیەکی تۆکیۆ، بۆیە ئێستا ئەو کارە دەکەم .

دیبۆرا ترایسمان: بۆچی گوتت بەڵێ؟

هاروکی موراکامی: پێیانگوتم کە دەتوانم تۆمارکراوی دڵخوازم هەڵبژێرم و قسەی لەبارەوە بکەم بۆماوەی پەنجا و پێنج چرکە. بۆیە بیرمکردەوە، بۆ نا؟ ئەوەی لێیدەدەم زۆر هەمەڕەنگە_هەمووشتێک لە  بێڵی هۆڵیدەیەوە بۆ مارون فایڤ .

دیبۆرا ترایسمان: پێموایە جارێک گوتت کە بوون بە نووسەربوونت لە یابان جۆرێک بووە لە "نمایشکردن". ئەوە کارێکی زۆر گشتییە، وە پێداگیریت لەسەر ڕۆتینەکانت. چۆن ئەو شتانە کۆدەکەیتەوە؟

هاروکی موراکامی: لەڕاستیدا، سەرەتا زۆر دڵخۆش نەبووم لە جیهانی ئەدەبی یابانیدا. لەدەرەوەی ئەدەبی یابانی کۆن بووم. هەندێک خەڵک دەیانگوت دەنگێکی نوێم لە ئەدەبی یابانیدا، وە هەندێکیش بە کەسێکی نالەبار ناویاندەهێنام. بۆیە هەستم بە شڵەژان و سەرسوڕمان دەکرد. نەمدەزانی چی ڕوودەدات. ئەوە وەک "ئالیس لەوڵاتی سەیروسەمەرەکان" بوو. بۆیە لەیابان ڕامکرد و چوومە دەرەوە. یەکەمجار چووم بۆ ئیتاڵیا و یۆنان و دوو سێ ساڵێکم لەوێ بەسەربرد، وە دواتر "دارستانی نەرویجی"م نووسی، وە خەڵکی ڕقیان لەو کتێبە بوو لە ژاپۆن .

دیبۆرا ترایسمان: زیاتر لە ملیۆنێک دانەی لێفرۆشرا !

هاروکی موراکامی: زیاتر لە ملیۆنێک دانەی لێفرۆشرا، بەڵام خەڵکی ڕقیان لێمبوو، بۆیە جارێکی دیکە چوومەوە دەرەوەی وڵات. ئەمجارە بۆ  برینستۆن و نیو جێرسی. جێگایەکی بێزارکەرە، جوانە، بەڵام بێزارکەرە. دواتر چووم بۆ بۆستن_بۆ زانکۆی تافتلس. یاریگایەکی هەبوو_بۆیە ئەوە باشبوو .

دیبۆرا ترایسمان: دواتر، پاش بومەلەرزە و هێرشی گازی کوشندە، هەستتکرد کە دەبێت بگەڕێیتەوە یابان؟

هاروکی موراکامی: بەڵێ، لە ساڵی ۱۹۹٥، هەستمکرد کە دەبێت بگەڕێمەوە ماڵەوە تا ببینم کە دەتوانم شتێک بکەم لەپێناو خەڵکدا. بۆ وڵات نا، بۆ نیشتیمان نا، بۆ کۆمەڵگا نا، بەڵکو بۆ خەڵکەکەم_ئەوە بیرۆکەکەم بوو .

دیبۆرا ترایسمان: جیاوازی نێوان ئەم دوو شتە چییە_وڵاتێک و خەڵکەکە_بۆ تۆ؟

هاروکی موراکامی: خەڵکی کتێبەکانم دەکڕن. وڵاتەکە نا .

دیبۆرا ترایسمان: پێتوایە کە کارەکانت وەک یابانییەک، زیاتر لەگەڵ کلتووری ئەدەبی ڕۆژئاوادا دەگونجێ؟

هاروکی موراکامی: بەوشێوەیە بیرناکەمەوە. چیرۆکەکانم چیرۆکەکانمن. سەر بەهیچ جۆرێک نین. بەڵام بە ژاپۆنی دەنووسم، وە کەسایەتییەکام زۆربەیان ژاپۆنین. بۆیە پێموایە کە من نووسەرێکی ژاپۆنیم_ پێموایە ڕێڕەوی کتێبەکانم سەر بەهیچ جێیەک نین .

دیبۆرا ترایسمان: لە ژاپۆن، پێموابێت زۆربەی خوێنەرەکانت لەسەرەتادا کەسانی گەنج بوون. هەوادارێکی زۆرت هەبوو لەناو گەنجاندا .

هاروکی موراکامی: بەڵێ ئەوە زۆر نامۆیە. کاتێک دەستم بە نووسین کرد، خوێنەرەکانم لە بیستەکان و سەرەتای سییەکانی تەمەنیاندا بوون. وە پاش چل ساڵ، هێشتا زۆربەی خوێنەرەکانم لە بیستەکان و سەرەتای سییەکانی تەمەنیاندان. شتە باشەکە ئەوەیە کە هێشتا هەندێک لە هەوادارانی نەوەی یەکەم کتێبەکانم دەخوێننەوە، وە کوڕ و کچەکانیشیان بەهەمانشێوە. زۆر دڵخۆشم بەبیستنی ئەوەی کە سێ بۆ چوار کەس لەهەمان خێزان هەمان کتێب دەخوێننەوە. هاوڕێیەکم منداڵی تەمەنی هەرزەکاری و بیستەکانی هەیە. دەڵێت بەدەگمەن پێکەوە کۆدەبینەوە و کە ئەوەش ڕوودەدات تاکە بابەت کە لەبارەیەوە دەدوێین کتێبەکانی منە .

دیبۆرا ترایسمان: هاوسەرەکەت باشتر لە کارەکانت تێدەگات چونکە دەتناسێت؟

هاروکی موراکامی: نازانم. دەڵێت کە من نووسەری دڵخوازی ئەو نیم. بەڵام هەمووکات زۆر بە جدییەوە ڕەخنە لە کارەکانم دەگرێت. ئەو یەکەم خوێنەرمە، بۆیە کاتێک کتێبێک تەواو دەکەم، دەستنووسێک دەدەم بە هاوسەرەکەم، ئەویش دەیخوێنێتەوە و بە دوو سەد تێبینییەوە بۆم دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "دەبێت ئەو بەشانە دووبارە بنووسیتەوە!" و منیش ڕقم لەوەیە .

دیبۆرا ترایسمان: ئەگەر وتی دووبارە بینووسەرەوە، وادەکەیت؟

هاروکی موراکامی: بەڵێ، وە دواتر بۆیدەگەڕێنمە، وە ئەویش جارێکی تر بۆ دەگەڕێنێتەوە بەڵام بە ژمارەیەک تێبینی کەمترەوە. لەوەی پێشتر کەمتر_ئەوەش باشە .

سەرچاوە: ڕۆژنامەی زە نیویۆرکەر

۱۰ی ۲ی ۲۰۱۹



ڕیکلام