باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا پشتیوانی لێكۆڵینەوەی هاوبەشی بەغدا و هەرێم دەكات

  2021-02-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا پشتیوانی خۆی بۆ لێكۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشە موشەكیەكەی شەوی رابردووی هەولێر راگەیاند.


ستیڤن هیك، لەبارەی هێرشە موشەكیەكەی شەوی رابردووی سەر هەولێر رایگەیاند، بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر هێزی هاوپەیمانان دەكەم.

ئەو سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانی بەڵێندەرە كوژراوەكە كردووە و دەڵێت "ئەوانەی ئەوكارەیان كردووە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت" پاڵپشتی خۆشی بۆ هەوڵەكانی مەسرور بارزانی و مستەفا كازمی دەربڕیوە بۆ لێكۆڵینەوە كردن لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە. 

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە بەیانی ئەمڕۆ واین مارۆتۆ، وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند: شەوی رابردوو 14 موشەكی 107 ملیمی ئاراستەی هێزەكانمان كراون. 

لەبەرامبەردا ئەو گروپەی كە ناویان لە خۆیانناوە ( سرایا أولیا‌‌‌ء الدم) خۆیان وەك بەرپرسیاری هێرشەكە ناساند و رایانگەیاند 24 موشەكیان ئاراستەی هێزەكانی ئەمریكا كردووە و سەرجەمیان ئامانجیان پێكاوە. 

بە گوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیادا گیراوە كە موشەكەكانی لەسەرەوە تەقێندراوە، ئەو ئۆتۆمبێلەش لەسەر رێگای نێوان گوێر وهەولێر دۆزرایەوە. 


ڕیکلام