هاوپەیمانی هیوا: بڕیارەکەی دادگای هەولێر هەنگاوێکی ترسناکە بەئاڕاستەی سەپاندنی حوکمی پۆلیسی و ئەمنی

  2021-02-16  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکەی دادگای هەولێر سەبارەت بە کەیسی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی و هاوڕێکانی هەنگاوێکی تری ترسناکە بە ئاڕاستەی سەپاندنی حوکمی پۆلیسی و ئەمنی لە هەرێم، دەشڵێت، داوای لێکۆڵینەوەی بێلایەنەنانە و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشە موشەکییەکی هەولێر دەکەین.

دەقی راگەیەندراوەکەی هاوپەیمانی هیوای کوردستانی:

بڕیاری دادگای هەولێر دژی ئازادیخوازان، هێرشی موشەکی سەر هەولێر رەتدەکەینەوە

ئەمرۆ ۱٦ ی شوباتی ۲٠۲۱ دادگای (۲) ی کەتنی شاری هەولێر  لەژێر فشاری سیاسی حوکمی زیندانی کردنی (6) ساڵی بەسەر ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی ئازادیخوازی بادینان سەپاند. هەروەها دوێنێ شاری هەولێر کەوتەبەر هێرشێکی موشەکیی ترسناک .

ئێمە لە هاوپەیمانیی هیوا، حوکمی دادگای (۲) کەتنی شاری هەولێر سەبارەت بە کەیسی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی و هاوڕێکانی رەد دەکەینەوە و پێمانوایە سەرتاپای پرۆسەکە سیاسییە و هەنگاوێکی تری ترسناکە بە ئاراستەی سەپاندنی حوکمی پۆلیسی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان .

سەبارەت بە هێرشە موشەکیەکەش، سەرەڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە داوای لێکۆڵینەوەی بێلایەنەنانە و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو کردە دوژمنکارانەیە دەکەین سەرەڕای دیاریکرنی لایەنی کەمتەرخەم لەم خەرقە ئەمنییە کە بۆتەهۆی دروستکرنی ترس و دڵەراوکێ لە ناو هاوڵاتیانی شاری هەولێر .

هەردوو روداوەکە زادەی یەک بیرکردنەوەن کە لە هەمان کاتدا بە دو ئاڕاستەی جیاواز، بەڵام هاوشێوە، ئارامی و ئاسایش و لە هەمان کاتدا ئازادییە گشتییەکان و ئازادیی رادەربڕین، پەلامار دران 

هەروەها داوا لە ڕای گشتی کوردستانی و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین لە ئاست سەرکوتی رۆژنامەوانیی و ئازادیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن چونکە دیارە هێزە ستەمکارەکان سود لە بێدەنگیی هەموان دەبینن  بۆ بێدەنگکردنی  ئازادیخوازان و ئەمەش دەبێت بەری پێبگیرێت .

هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

۱٦ ی شوباتی ۲٠۲۱




ڕیکلام