سێ حزبی چەپ داوا دەکەن بڕیاری سزادانی گیراوانی بادینان پلەی کۆتایی وەرنەگرێت

  2021-02-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەریەکە لە حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان لە یاداشتێکدا داوا لە ئەنجومەنی دادوەری دەکەن بڕیاری سزادانی گیراوانی بادینان پلەی کۆتایی وەرنەگرێت.

ئەو سێ حزبە لە یاداشتەکەدا دەڵێن"پێش ئەوەی کار وچالاکی بکرێت ئەو کەسانە لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە گیروان و دووای چەندین مانگ گرتن کە بواری سەردانیان نەبوو پێشکەش بە دادگا کران و بە کۆمەڵێک تومەت حوکم دران".

ئاماژەیان بەوەشکردوە"دادگایی کردنی ئەو ژمارە کەسە لەم ھەلومەرجە و بارودۆخەدا کە بابەتەکەیان بۆتە مەسەلەیەکی ڕای گشتی و زانیارەکانیش بۆ خەڵک نادیارە و ئەم کەیسە بەم تەمومژاوییە لە مامەڵەکردن لە گەڵیدا دەبێتە ھۆی ناڕەزایی ڕای گشتی ناوخۆیی و جیھان".

ئەو سێ حزبە داواشیان لە ئەنجومەنی دادوەری کردوە بە شێوەیەکی فەرمی و لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمی دادگایی و یاسادا ئەو بریارەی دادگا پلەی یەکلاکەرەوە وەرنەگرێت و کارێک نەکرێت کە بە ھیچ شێوەیەک گومان لەسەر سەربەخۆیی دادگای کوردستان بکرێت".

دەشڵێن ئەم یاداشتەی ئێمە لە ڕوانگەی ڕێزگرتنە بۆ حوکمی یاسا و سەربەخۆیی دادگا و پاراستنی ھەیبەتی ئەزمونی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری قانوندا لە نێو دۆستانی و بەرگریکردن لێی بەرامبەر نەیارانی.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی دادگای هەولێر بڕیاری زیندانیکردنی شەش ساڵی بەسەر سێ رۆژنامەنوس و دوو چالاکی مەدەنی بادیناندا سەپاند و بڕیارەکەش کاردانەوەی فراوانی ناوخۆی و دەرەوەی لێکەوتەوە.


ڕیکلام