وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، چاوەڕێین ئەو لیژنەیەی لە بەغداوە هاتبوو بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشە موشەكییەكەی هەفتەی ڕابردووی هەولێر، ئەوەی لەسەریانە جێبەجێی بكەن و ئەو كەسانەی دەستیان لە هێرشەكەدا هەبووە و لە دەرەوەی هەرێمن ڕادەستی یاسا بكرێن.
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم، لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری نوێی هەولێر و لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بەداخەوە هەندێك كەس سودیان وەرگرتووە لەو مامەڵە باشەی لە بازگەكان لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێت كە لە پارێزگاكانی دیكەوە هاتووچۆی هەولێر دەكەن و دزەیان كردووەتە ناو هەولێر و هێرشیانكردە سەر فڕۆكەخانە و چەند گەڕەكێك".
هاوكات وەزیری ناوخۆ، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو كەسە كرد كە لە هێرشەكەدا گیانی لەدەستدا و هیوای چاكبوونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست.
ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەشكرد "ڕووداوەكە پێمان دەڵێت، لە عێراقدا جگە لەداعش گروپی تیرۆریستی دیكەش هەیە و پێویستی بە كار و هەماهەنگی هاوبەش هەیە لەنێوان هەرێم و عێراق و هاوپەیمانان و بۆ ڕێگریكردن لە كارەكانیان".
لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیش لە هێرشەكەش وتی "لیژنەیەك لەبەغداوە هاتوون و لەگەڵ لیژنەی هەرێمی كوردستاندا كاری هاوبەشیان كردوە و ئێستا چاوەڕوانین لیژنەكەی لە بەغداوە هاتوون، ئەوەی لەسەریانە جێبەجێی بكەن و ئەو كەسانەی دەستیان لە هێرشەكەدا هەبووە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانن، ڕادەستی یاسا بكرێن".
هەر لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەیدا وەزیری ناوخۆ لەبارەی بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی حكومەت وتی " ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و لەسەر بنەمای داتاكانی وەزارەتی تەندروستی بڕیار و ڕێكاری نوێ دەردەكەن، تائێستاش هیچ بڕیارێكیان نییە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتین كردنی هاوڵاتیان".