لە ڕوسییەوە : شیروان مەحموود محەممەد
ژن، هەردەم، کەم کەمێ، لە دەریا دەچێ
لە هەندێ رووەوە، دەریاش ژنە، کەم کەمێ .
لە گەنجینەی پەنهانی سنگۆڵەی ژندا
هەر شەپۆلە و دێ و دەچێ
گاهێک شەپۆلی هەستە و هەڵدەچی،
گاهێکیش، بە شەپۆلی دڵخەبەردانێک دەهەژێ
کڵافەی قژی تەلیسماوی بە سەرییەوە،
شێوەی نەوەرەسێکە،
بە سەر دەریای قەدەردا هاواری دەچڕێ .
ژن، بەشەپۆلی دەم زریانییەوە،
پەڵەی چەوری بەدفەڕیی لە خۆی دەسڕێتەوە
لەژێر پێستیا و لە ناو دەماری بێ پەنایدا
هەر زریانە و دەگرمێنێ وگینگڵ دەدات،
لەوێ، لە بن قوڵایی یادەورییدا،
پارچەی کەشتیی تێکشکاو هێندە زۆرن،
زارت، لە حەژمەتا، قەستە هاواربکات .
لێ، ماسییە ڕەنگپەلکەزێڕینییەکانی هیوا،
سەر لەنوێ بە قولاپی ماسیگرانەوە دەبن .
ژن وەکوو دەریایە،
بەرەو لای خۆی ڕامت دەکات
پیاوانیش هەر وەکوو کەشتیین
تەنیا بە سەر ڕووی ڕۆحدا دەخشێن
خۆ لە قوڵایی دەبوێرن و لێی دەترسێن .
ژن وەکوو دەریا وایە،
لە کەشی ئارام و بێ بادا
دەستی دوعای ڕوو لە خوایە :
با شتێک، هەرچییەکە ، هەر ڕوو بدات .
ژن دەریایەکی دەگمەنە،
دەریایەکە و دەتوانێ خۆی نووقمی دەریا بکات