سەرمای سەختی ئەمریكا نرخی نەوتی بەرزكردەوە

  2021-02-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەروی 66 دۆلار و نەوتی ئەمریكیش لە سەروی 61 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.

هەرچەندە ماوەی 3 رۆژی رابردوو نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا رووی لە دابەزین دەكرد، بەڵام لە شەوی رابردوەوە جارێكی دیكە نرخی نەوت بە هەردوو جۆرە ناسراوەكەیەوە رووی لەبەرزبوونەوە كرد و بەهای یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 66دۆلار و 43 سەنت. 

هاوكات هەر ئەمڕۆ نرخی نەوتی ئەمریكی بە 61 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەو نرخەش زیاتر لە 13 مانگە تۆمارنەكراوە لە بازاڕدا میدیا ئابوریەكانی جیهانیش پێشبینی دەكەن تاچەند رۆژێكی دیكە نرخی نەوت بە بەرزی بمێنێتەوە. 

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئێستادا بۆ بوونی شەپۆلێكی سارد و سەرما و بەفردێت لە ئەمریكا كە كێشەی بۆ كێڵگە نەوتیەكانی ئەو وڵاتە دروستكردووە.  

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا خواستنی نەوت لە جیهاندا بەشێوەیەكی فراوان رووی لە زیادبوون كردووە و ئەوەش بەهۆی كۆتایی هاتنی قەدەغەی هاتووچۆ و سوككردنی رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دێت لە جیهاندا. 

لە مانگی نیسانی ساڵی 2020 نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 19 دۆلار و نرخی نەوتی ئەمریكیش گەیشتە سفر دۆلار، بەڵام دواتر بازاڕی نەوت رووی بە بەرزبوونەوە كرد. 


ڕیکلام