من مرۆڤ نیم ، من کێشەم

  2021-02-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەمەی شانۆ

توڕەییم کۆدەکەمەوە بەم شارەی دەرئەکەم .

شارێک

کە مناڵیمان دۆڕاندا

گەنجێتیمان بەڕاکردن

لەدەست سەگ و پۆلیسەکانی تێپەڕی

ئایندەمان لەبارچوو بە درووشم .

لەناوەوەی من شارێکی تر هەیە

شارێک کەس بەکەسی تر ناڵێ گێل .

مامۆستا نیە فیتەریش بکات .

سیاسی وسەرسەری و سامان ناوی تیانیە

کەس کرێچی نیە .!

ماتۆڕچی دەنگ ناخۆش

نەخۆشی قۆڵۆن ومایسری تیانییە .

ئەنتەرنێت و وای فای تیانیە .

شارێک توڕەبوون و تۆرانی ژن و مێردی تیانیە .

کەس مۆبایلەکەی پاسۆردی لەسەرنییە .

خوێنەری ساختە و سێڵفی و سناپی تیانییە

شارێک لەناو سەرم دایە .

پۆلیسەکان دەیانەوێ سەرم بتەقێنن

بە فیشەکێ .!

سیاسیەکان دەیانەوێ سەرم کاس کەن

بە قەحپەکانی سەرۆک

مەلاکان دەیانەوێ سەرم سوژنڕێژکەن

بەحەرامەکانی کۆمەڵگە .

دایکان و باوکان دەیانەوێ سەرم سڕکەن

بە  خوازبێنی کردنی ژنێک .

ژنێک کە هێزی لەلاوازیەکانیەتی .

هێزی لەتەڕاییەکانی وەک

تەڕایی ناوگەڵی.. و تەڕایی گلێنەی ..

بانگێشتی تۆئەکەم بێی بۆئەو شارە

کە حەسەنی پیزۆ گوڵاوی ، پارێزگارەو

غەزەلنوس قائیم قام و مەجەلانی خەیاڵ

مودیری شارەوانی وتریفە یابەحریش ڕابەریەتی .

وەرە جانێ وەرە لەودیوی شاشەوە

خۆشتمدەوێ ..

وەرە تا سانسۆرنەکراوەتە سەرئەڤین .

وەرە تا ئەم شەقامانە نوستوون .

ئاخر ئەم شۆستانە تەنها قەپاڵ دەگرن .

من مرۆڤ نیم من کێشەم .!

ڕقم لەکاری ڕۆژانەیە .

هیچ پلانێکم نییە .

چونک پێم وایە پلان واتەقوڕمیشبوون .

قەڵس ئەبم بەهەموو زەبت وڕەبتێک .

ئەم شارە خنکاوە کێ لێی دەپرسێتەوە ؟ها

شاعیرەکان کە چاکەت و پانتۆڵ دەپۆشن .

ڕۆشنبیرەکان کە سیمبولیان سەکسۆکەیە .

دکتۆرەکان کە شاگردی ئیزڕائیلن .

دایکەکان کە موتەبعەی مودەبلجی تورکی ئەکەن .

گەنجەکان کە مودمنی سایتەپۆڕنۆکان بوون .

گشت ئایدۆلۆژیەکانتانم بگێم .

ئەم سەردەمی شاشەیە

هەمووتانی کرد بەگەواد .

لێم  مەپرسە چۆن ؟

چۆنی ناوێ و تەواووو ..

تەواو کەس بیر لە ئاودانی

گوڵەکانی حەوشەناکاتەوە .

لێم مەپرسە چۆن؟

چونکە ئەوها پیلانەکەم ئاشکرادەبێ

پیلانی تێکدانی پلانی ژیانی ئێوە !

ئێوەی ڕۆبۆت کەمناڵە ناشەرعیەکەی

سەرمایەداری وسیاستن .!

لێم مەپرسە چۆن ؟

خۆشتم دەوێ ئاخر خۆشەویستی باس ناکرێ

پێشان ئەدرێ .

وەرە شارەکەی منەوە با تامی عەشق بکەیت .

چیدی لەم شارە کەس عاشق نابێت .

نامەنوسین و بێداری شەوان مۆدێلی نەماوە

ئینتەرنێت ئابڕووی بۆعەشق نەهێشتەوە .

من مرۆڤی ڕۆژگارێک بووم

شەرممان لەبرینەکانمان ئەکرد

 بەیەکێک بڵێین خۆشمدەوێی .

کەچی هەنووکە چاتێک پێی دەڵێ

دایکەنە ..

خۆشەویستی بەوای فای

تەنها تێخە و لێخەیە

تەنها تۆی لێ بەرهەم دێیت

تۆ هەی ڕۆبۆت هەی مناڵەزۆڵەکەی کەپیتاڵیزم ..

 لێت ناپرسم کەی دێی ؟

تۆش لێم مەپرسە چۆن؟

چۆن باسی شارەکەمت بۆکەم

دەترسم شاعیرێکی پانتۆڵ تەسک

یا موزیعێکی بێتام یا کەناڵی نێت تیڤی

بیرۆکەکەم بدزن و قەشمەری کەن .

بۆیە هیچت بۆ باس ناکەم

تۆش لێم مەپرسە؟ مەپرسە

بۆچی ؟ چۆن و چی ؟

تەنها وەرە

لێم مەپرسە مەترسە مەنازە .

ئاخر ووتم من مرۆڤ نیم من کێشەم .

شارەکەی منیش شاری کێشەیە .

پیلانێکم هەیە دەمەوێ دایکی دنیابگێم بەکێشە .!

بەس لێم مەپرسە چۆن ؟

تەنها وەرە دەزانی چۆن ؟

وای فایەکەت بکوژێنەوە ...

ڕستەقۆڕەکانی کتێبی گەشەی مرۆییش لەمێشکت فڕێدا .

لەوقاوغەئارایشتکراوەش دەرچۆ .

پاشان وەرە شارەکەی من

شاری کێشەکان ...



ڕیکلام