حکومەتی عێراق قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی ڕاگەیاند

  2021-02-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی عێراق چەند ڕێوشوێنێکی نوێی دەرکرد، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، دیارترینیان قەدەغەکردنی هاتووچۆیە لە نێوان پارێزگاکاندا.

نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کازمی فەرمانیکردووە، بە لایەنەکانی چاودێری لە وەزارەتی تەندروستی، بۆ دەرکردنی غەرامە و سزای دارایی ئەو کەسانەی کە پابەندی ڕێنماییەکان و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای سەلامەتی تەندروستی نابن.

هەروەها بڕیار درا بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ بە تەواوەتی لە نێوان پارێزگاکان، جگە لە حاڵەتە مرۆییەکان و فەرمانبەرانی دەوڵەت مەبەستی  ئەنجامدانی کار و ڕاسپاردەی فەرمانگە و وەزارەتەکانیان.

لە بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی جەختکراوەتەوە لە دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە هەموو تێکەڵاوییەکی زۆر لە نێوان هاوڵاتیان بە هەموو شێوەکانییەوە، چونکە بە مەترسیدارترین هۆکاری بڵاوبوونەوەی گواستنەوەی پەتاکە دادەنرێت.

جەختیکردنەوە لەوەی هەریەکە لە وەقفی شیعە و سونە قەدەغەی کبۆوونەوە و چالاکییە ئایینییەکان بکەن لە مزگەو تو حسێنیە و شوێنە پیرۆزەکان.

جەختیکردنەوە لە باشترکردنی توانای پەیوەندی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، چونکە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە و بەڵگەش نییە بۆ تەواوبوونی، لەبەر ئەوەی چالاکییەکانی فێرکردن پێویستی بە ئێنتەرنێتی بەهێز هەیە، بۆ ئەوەی زیان بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە نەگات.

نابێت ڕێگە بدرێت بە دروستبوونی قەرەباڵغی لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و دامەزراوە ئەهلیەکان و هەوڵ بدرێت زۆربەی کارەکان بەشێوەی ئەلکترۆنی ئەنجام بدرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی نابێت هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بانگهێشت بکرێن بۆ چالاکییەکان، بە تایبەت ئەو کەناڵانەی کە زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە دەیانەوێت خەڵک بە هەڵەدا بەرن لەسەر پەتای کۆرۆنا و ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە خۆپارێزی و لێپرسینەوە لەو کەناڵ و میدیایانەی کە پێشێلکاری دەکەن لەو ڕووەوە.



ڕیکلام