وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٨٦٤ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ٢٣ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە نیوەی تووشبووەکان، دەرکەوتووە تووشی کۆرۆنای گۆڕاو بوون، ئەگەر ڕێنمایی و پابەندبوونەکان جێبەجێ نەکرێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زۆر زیاتر دەبێت.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ ٢٢٣٦ کەسی دیکە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.
لە ئێستاشدا ڕێژەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا هاتووەتە خوارەوە بۆ ٩٢.٤% کۆی تووشبوان.
لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوبووەتەوە، ٦٧١ هەزار و٨٠١ کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٦٢٠ هەزار و ٧٤٥ کەس چاکبوونەتەوە.
بە گوێرەی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تا ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە ١٣٢٩٥ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.