ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدایە بڕیارێک لەدژی ئێران گەڵاڵە بکات.
ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رازی بکات بڕیارێک لەدژی ئێران دەربکەن کە تیایدا سەرکۆنەی ئەو وڵاتە بکەن لەبەرامبەر چالاکییە ئەتۆمییەکانیدا.
ئاژانسی هەواڵی بڵومبێرگی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی٢ی٢٠٢١، دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا رەشنوسی ئەو بڕیارەیان خستووەتە بەردەست ئەو ئەنجومەنە کە تیایدا داوا لە ئێران کراوە هاوکاری تەواو لەگەڵ پشکنەرانی نێودەوڵەتیدا بکات .
پێشتریش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەگەر واشنتۆن و تاران نەگەنە رێککەوتن، کۆمەڵگەی نێودەڵەتی روبەڕوی رەوشێکی نوێ دەبێتەوە.
رافائیل ماریانۆ گروسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وتویەتی، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و هەرچەندە هەردوولاش ئامادەییان بۆ گفتوگۆ دەربڕیووە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بەو ئاراستەیە نەنراوە.