کۆشکی سپی: ئێران بەرپرسە لە هێرشە موشەکییەکانی سەر عێراق

  2021-02-24  | 
واشنتن
جەین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپرسیاری هێرشە موشەکییەکانی سەر عێراق، ئێرانە.

جەین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جارێکی دیکە حکومەتی ئێرانی بە تێکدەر و هۆکاری ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە لەقەڵەمدا و رایگەیاند، بەرپرسیاری سەرەکیی هێرشە موشەکییەکانی چەند رۆژی رابردوو لە عێراق، ئێران و گروپەکانی نزیک لەو وڵاتەن.

پێشتریش جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندبوو، ئه‌و موشه‌كانه‌ی له‌ هێرشەكه‌ی سه‌ر هه‌ولێر به‌كارهاتوون‌ له‌ ئێران دروستكراون، هەروەک ئەو وڵاتەشی تۆمه‌تباركردبوو به‌ هه‌وڵدان بۆ دروستبونی ناسه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌رێگەی بریکارەکانییەوە.

جۆن کێربی راشیگەیاندبوو، واشنتن ئاماده‌یه‌ هاوكاری بەغدا بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر بۆ ئاشکراکردنی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشه‌ موشه‌كییە‌.

شەوی 15 لەسەر 16ی ئه‌م مانگه‌، ژمارەیەک موشه‌ك ئاڕاسته‌ی هه‌ولێر كران و بەو هۆیەشەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چه‌ند كه‌سێكی دیکەش برینداربوون، دواتر گروپێک بەناوی "سرایا أولیا‌‌ء الدم" بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و بانگەشەی ئەوەیکرد کە، ئەو موشەكانەی بەر ناوچە جیاوازەكان كەوتوون موشەكی ئەمریكی بوون، لە كاتێكدا ویستویانە رێگری لە هێرشەكەیان بكەن.