وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەو موشەکانەی ئاڕاستەی هەولێر کراون دروستکراوی ئێرانن و دەشڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاری عێراق بکات بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە.
ماڵپەڕی هەواڵی عەرەبیە لەزاری جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردەوە، ئهو موشهكانهی له هێرشەكهی سهر ههولێر بهكارهاتوون له ئێران دروستكراون، هەروەک ئەو وڵاتەشی تۆمهتباركردووە به ههوڵدان بۆ دروستبونی ناسهقامگیری له ناوچهكهدا لهرێگەی بریکارەکانییەوە.
جۆن کێربی راشیگەیاندووە، واشنتن ئامادهیه هاوكاری بەغدا بكات بۆ لێكۆڵینهوه له هێرشهكهی سهر ههولێر بۆ ئاشکراکردنی ئهنجامدهرانی ئهو هێرشه موشهكییە.
پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندبوو کە هێرشە موشەكییەکەی سەر هەولێریان بەجددی وەرگرتووە و لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامیان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردبووە، تاكو ئێستا لێكۆڵینەوەكان لەسەر هێرشەكەی هەفتەی رابردووی سەر شاری هەولێر بەردەوامی هەیە و هێشتا ئەو لایەنەی لەپشت هێرشەکەوەیە، دەستنیشان نەكراوە.
شەوی 15 لەسەر 16ی ئهم مانگه، ژمارەیەک موشهك ئاڕاستهی ههولێر كران و بەو هۆیەشەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چهند كهسێكی دیکەش برینداربوون، دواتر گروپێک بەناوی "سرایا أولیاء الدم" بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و بانگەشەی ئەوەیکرد کە، ئەو موشەكانەی بەر ناوچە جیاوازەكان كەوتوون موشەكی ئەمریكی بوون، لە كاتێكدا ویستویانە رێگری لە هێرشەكەیان بكەن.