لە شاری هەولێر گروپێک بە ناوی (ڕێگە) دروست دەبێت

  2021-02-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کاری ئەم گروپە ئاوڕدانەوەیە لە پڕۆژەیەک بۆ فکر و ڕەخنە

سازادانی: داستان

چەند ڕۆژێکە بەردەوام پەیامی گروپێک بە ناوی (ڕێگە) لە سۆشیال میدیا بەرچاو دەکەوێت، کە تێیدا بانگەشە بۆ چەشنێکی دیکە لە کارکردن و بایەخدان بە فکر و ڕەخنە دەکرێت، کە کۆی نووسینەکان لە چوارچێوەی فکر و ڕەخنەدان لە لایەن نووسەرانی کوردەوە نووسراون و وەرگێڕان نین. بۆیە لە پێناو زیاتر تێگەیشتن لە کار و ئامانجی ئەو گروپەدا، پێمان باش بوو لەم دەرفەتەی (تۆڕی هەواڵی ژیا)ندا (ئارام محەمەد) وەک یەکێک لە بەشدار و سەرپەرشیارانی پڕۆژەی (ڕێگە) بدوێنین:


ژیان: دەتوانن گروپی (ڕێگە) بناسێنن؟

ئارام محەمەد: "ڕێگە" گرووپ، ناوەند و دەزگە نییە،‌ پڕۆژەیەکە بە ئامانجێکی دیاریکراو، لە هەنگاوی یەکەمدا بڕیارە سەد کتێبی گیرفانی چاپ و بڵاو بکاتەوە. چەند هاوڕێیەکین سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکەین و ئاوڕ لەو دەنگە جددیانە دەدەینەوە کە دەتوانن ئەو لینک و پێوەندییە گەشە پێبدەن، کە لەنێوان وەرگێڕان و بیرکردنەوەی کوردیدا هەیە و نەبووەتە نووسین، ئامانج لەم کارە برەودانە بە فۆڕمی نووسینی هزری و ڕەخنەیی. 

ژیان: پەیامی ئەم گروپە چییە؟

ئارام محەمەد: وەک لە پەیامی پڕۆژەکەدا گوتراوە، کرانەوەی نێوەندی ڕۆشنبیریی بە ڕووی وەرگێڕانی بەرهەمگەلێکی هزری و فەلسەفی بایەخێکی گەورەی هەیە، کە نێوەندی ڕۆشنبریی کوردی بە خۆیەوە بینیوە. لە هەمان کاتدا، هێزی نووسینی کوردی لە لایەن نووسەرانی کورد، ئەمیش بەهاو بایەخێکی دیکەی گەورەی هەیە و نابێت بخرێتەوە پەراوێزەوە. باوەڕمان وایە بە بیرکردنەوە لەناو زمانی کوردییدا، ئەو نووسینانە دەبنە پێویستی، کە بەرهەمی ئەو زمانەن، چونکە لەو ڕێگەیەوە ئێمە دەتوانین ئەو ڕۆشناییەمان دەست بکەوێت، کە ڕووناکی دەخاتە سەر کێشە چەقبەستووەکانی ناو بیرکردنەوە و هۆشیاری گشتی.

ژیان: لە ڕووی فیکرییە چۆن کار دەکەن؟

‌ئارام محەمەد: ئێمە مەبەستمانە بە پاڵپشتی و دانەبڕان لە مێژووی فکر، هەڵکۆڵین و ڕامانمان، برەودان بێت بە ئاڕاستەی فکر و ڕەخنە. کۆی پڕۆژەکە فۆکەسی لەسەر چەند تەوەرێکە، لەوانە پرسی ژن، ئایدۆلۆژیا، گوتاری ڕەخنەیی بەگشتی و ڕەخنەی ئەدەبی بەتایبەتی، سۆسیۆلۆژیا و دەروونشیکاری و ھونەر و چەند پرسێکی دیکە. 

ژیان: یەکەم هەنگاوتان چییە؟
  
ئارام محەمەد: لە یەکەم پڕۆژەدا (ڕێگە)، بە ڕێککەوتن  و هاوبەشی لەگەڵ دەزگەی ڕۆسا، چەند مانگ جارێک دە کتێبی گیرفانی بڵاو دەکاتەوە، تا زنجیرەکە تەواو دەبێت. ھەڵبەت لە داھاتوو پلان و پڕۆژەی دیکەشمان دەبێت،  لە دە کتێبی یەکەمی پڕۆژەی ڕێگەدا، هەریەک لە ( کاروان کاکەسوور، عەبدولموتەلیب عەبدوڵا، هەندرێن، نەبەز سەمەد، پێشڕەو محەمەد، بەیان عەزیزی، محەمەد تەها حوسێن، تەیب قادر، ئارام محەمەد، پێشڕەو عەبدوڵا و ڕزگار عەلی) بەشداریان کردووە، لە داتوویەکی نزیکدا چاپ و بڵاو دەبنەوە.


ڕیکلام