من گەردە سەرەتاییەکانی گەردوونم

  2021-02-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ناڵە حەسەن

من شیعرم                                                            
بنەچەم دەچێتەوە سەر باران و                                        
لەگەڵ گەردانە گەوھەرییەکان و 
گەردە سەرەتاییەکانی گەردوون لەدایک بووم
لەوەتەی ھەم / جیلوەی جوانی و 
ژێ بە ژێ ژیڵەمۆ و ژانەکانی ژیان دەنووسمەوە 
من شیعرم / عاشقی درەخت و سەوزاییم
گیا لەسەر سینگم دەڕوێ و
گوڵ لەسەر شان و ملم 
خۆرەتاو لەناو لەپێکی دەستم ھەڵدێ و 
لەپی دەستەکەیترم مانگ
گیرفانێکم پڕییەتی لە وردە کتێبی ئاسمانی
گیرفانەکەیترم پڕ لە وشەی شینی مەعریفە
من جەستەیەکم لە ھەور و 
چاوەکانیشم پڕ لە ئەستێرەی ڕووناک
پەنجەکانم لە ئاگر و نینۆکەکانم لە ئەلماس
ڕۆحم پڕە لە تریفە و ھەناسەم لە با

من شیعرم 
لە شەوە تاریکە دۆزەخییەکان
دێم و خۆم دەخزێنمە نێو باوەشی خەونەکانتان 
دێم و لە سووچێکی ماڵەکانتان دەمێنمەوە 
تۆز لەسەر کتێبی نێو دەلاقەکانتان لادەدەم
شووشەی فانۆسەکانتان پاکدەکەمەوە
من لە ھەموو شوێنێکم
لەگەڵ خۆر ئاوادەبم و
لەگەڵ مانگ دەردەکەومەوە
لەگەل بەفر دەتوێمەوە 
لەگەڵ کوڵیکە سوورەکان سەردەردێنمەوە 
من ڕۆژێک بە زمانی ئاو قسە دەکەم 
ڕۆژێکیتر بە زمانی ئاگر
ڕۆژێک بەزمانی با قسە دەکەم 
ڕۆژێکیتر بە زمانی باڵندە
ڕۆژێک بە زمانی مۆم قسە دەکەم 
ڕۆژێکیتر بە زمانی ماسی 
من ئاوازێکی ئەبەدیم / 
لەنێو چاوی تاڤگەکان و ڕووبارەکان و ڕەشەباکانم 
من کاتژمێرێکم / 
لەنێو دڵی ساڵەکان و وەرزەکان و سەدەکانم

من شیعرم 
لە دوورترین دوورییەکانی دووری 
خەونەکانی خودا و زەردەخەنەکانی میشوولەیەک دەخوێنمەوە
ھەموو شەوێک
گوێ لە گۆرانییە ئیرۆسییەکانی وردە ئەستێرەکان ڕادەگرم
لە نێو قووڵایی تاریکی ڕوخساری خۆرەتاوە بێئۆقرەکان ڕەسم دەکەم
لەسەر پشتی مردن 
 قەسیدەی دڵنشینە شادومانییەکانی ژیان دەنووسمەوە
لەنێو ئەبەدییەتی باخچە کەپرێک بۆخۆم دروست دەکەم
لەکاتی ماندووبووندا / لەنیو باوەشی شەپۆلەکان پشوو دەدەم
لەکاتی بیرکردنەوەش / بە بزنەڕێیەک بەرەو ھەورازەکان سەردەکەوم 
دەتوانم لەھەر چرکەیەک شێوەی جەستە و نیگا و ڕوخسارم بگۆڕم
دەمێک لەنێو ماڵی تەمە سپییەکان و دەمێک لەنێو قووڵایی دەریا
دەمێک لەنێو خەیاڵی فریشتەکانی دۆزەخ 
دەمێکیتر لەسەر زاری ئەشقیایەکی یاخی 
من لەھەموو شوێنێک و لەنێو ھەموو زەمەنێکم 

من شیعرم 
مرۆڤ و ژیان و شەقام و کچۆڵە نامرادەکان 
 باخچە و ئاگر و ئەستێرە و گوڵ و گەڵا و  درەخت و ماسی 
 پەپوولە و سنەوبەر و سەوزایی و عەشق و ئازادی و یاخیبوون 
لەکوێبن من لەوێم
بەڵام / 
جەڵاد و ستەمکار / بیابان و مردن / مرۆڤکوژ و ئازادیکوژ 
کۆیلە و نامۆبوون ... لەکوێبن من لەوێنیم 
من / میلۆدییە پڕسۆزەکەی لەدایکبوونەوەم 
بوونم / فۆڕمێکی بێدەنگ نییە 
من کەمانجەیەکی پڕ قسە و گەردەلوولێکی پڕ جووڵەم
لەنێو مندا 
بەرد و باران و بەفر / باڵندە و بلوور و بێژینگ
بەرسیلە و بۆق و بەرماڵ / بەندەر و بەیداغ و بڵێسە 
ھەر ھەموویان قسە دەکەن 
من دەمارەکانم پڕن لە شەونم 
سییەکانم پڕ لە ھاوار 
من پەیکەرێکم لەجوانی و کەڕنەڤاڵێکم پڕ لە ڕەنگ
من شەمەندەفەرێکم لە ئاگر
فارغۆنێکی درێژ بەدوایخۆمەوە ڕادەکێشم 
بەنێو سەدەکان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان ڕەت دەبم
ژوورێکی فارغۆنەکەم / پڕاوپرە لە جوانییە ئەبەدییەکان
ژوورێکیتر / پڕاوپڕ لە لەچێژ و ختووکە ڕۆحییەکان 
دواژووریش / پڕاوپڕە لە ئارامبوونەوەی دەمارە سترێسییەکان
من شیعرم / ڕۆمانێکی بێکۆتاییم 
ھاتووم دڵی گەردوون پڕ بکەم لە خۆشەویستی و
لەنێو جەستەی خۆمدا 
وێنەی ئەو درەختە بکێشم 
کە لقی ئەڤینداری و شکۆمەندی و 
گەڵای / ئامانج و حەز و خەونە گەورەکانتان دەردەکات  
ھاتووم / بەھای مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە بڵندترین شوێن ڕابگرم
چونکە دواجار / من پەرچەمە شەکاوەکەی ژیاندۆستیم 
  
                                                                  بەفرانباری ٢٠٢١






ڕیکلام