سۆرانی  |  بادینی  |  English      

كەسوكاری ئەو زیندانیەی لە هەولێرەوە رادەستی توركیا كرایەوە روونكردنەوەیەك بڵاودەكەنەوە

  2021-03-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بنەماڵەی ئەو كەسایەتیە سیاسیەی باكوری كوردستان روونكردنەوەیەكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رەتدەكەنەوە و دەڵێن كوڕەكەیان لەلایەن ئەوانەوە رادەستی توركیا كراوەتەوە.

بنەماڵەی عومەر بارتان، كەسایەتی سیاسی كوردی باكوری كوردستان وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەدەنەوە و رایانگەیاند كە كوڕەكەیان "بەدەستی كەلەپچەكراو و چاوی بەسراوەوە لەلایەن پارتیەوە ڕادەستی توركیا كراوەتەوە". 

بەوتەی خێزانەكەی كە قسەیان بۆ میدیاكانی نزیك لە پەكەكە كردووە، ئەو كەسایەتیە سیاسیە كە پێشتر بەهۆی سەپاندنی سزای زیندانی بەسەریدا توركیای بەجێهێشتبوو رووی لە هەرێمی كوردستان كردبوو لە ڕۆژی 3ی تەمموزی 2019 وە  لە هەولێر دەستگیركراوە و رێگا بە بنەماڵەكەی نەدراوە چاویان پێی بكەوێت. 

كەسوكاری ئەو زیندانیە باس لەوەشدەكەن كە 28ی كانونی یەكەمی 2020 ڕادەستی دەوڵەتی توركیا كراوەتەوە، برایەكی ئەو كەسایەتیە سیاسیە  بە ناوی بەکر بارتان، رایگەیاندووە، براكەم بە چاوی بەسراو و دەستی كەلەپچەكراوەوە لەلایەن پارتیەوە ڕادەستی دەوڵەتی توركیا كراوەتەوە.

براكەی بارتان ئاشكرایدەكات دوای چەند مانگێك لە مانەوەی لە زیندانەكانی توركیا لە رۆژی 22ی شوبات توانیویەتی لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ براكەی لە زیندانی شرناخ بۆ ماوەی 10 خولەک قسەی لەگەڵ بکات، ئەو لە زاری برا زیندانیكراوەكەیەوە دەڵێت،  نزیكەی 19  مانگ لە هەرێمی كوردستان زیندانیكراوە و لەو شوێنەی ئەوی لێبووە گەلێك زیندانی دیكەی خەڵكی باكووری كورستان و شوێنەكانی دیكەی هەبوون و لە دۆخێكی زۆر خراپی تەندروستیدا بوون. 

ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستاندا ئەشكەنجەدراوە، لەبارەی رونكردنەوەكەی وەزارەتی ناوخۆشەوە براكەی بارتان رایگەیاند: پارتی لە بەر ئەو خیانەتەی كردوویەتی، هەوڵ دەدات ڕاستییەكان پێچەوانە بكاتەوە، ئاسایشی هەوڵێر بەمنیان ڕاگەیاند كە عومەری برام لە لای ئەوانە، ئێستا چۆن دەڵێن عومەر بارتان لە لای ئەوانەوە ڕادەستی توركیا نەكراوەتەوە؟. 

ئەوەش دوای ئەوەهات وەزارەتی ناوخۆی هەرێم روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:  گوایا کەسێک بەناوی ( عومەر بارتان) خەڵکی  ناوچەی تاتوانی تورکیا ، بە چاوی بەستراوەوە لە سنوری ئیبراهیم خەلیل نێردراوەتەوە تورکیا . ئێمە سەرلەبەری ئەم هەواڵە ڕەت دەکەینەوە و بە هەوڵێکی دیکەی ڕاگەیاندنی چەواشەکاری پەکەکەی دەزانین بۆ ناوزڕاندن و بەدناوکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

عومەر بارتان تەمەنی 48 ساڵە و ئاشکراشی کردووە "لەبەر ئەوەی کە ڕەتم کردەوە کاری سیخوڕیی بکەم ڕادەستی تورکیا کرام".