بەختیار عەلی بۆ یەکەمجار شانۆنامەیەک بڵاودەکاتەوە

  2021-03-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسەری کورد (بەختیار عەلی) نووسەرێکی دیار و کاریگەری ناو دونیای ڕۆشنبیریی کوردە و چەند ساڵێکیشە کارەکانی بەرەو زمانەکانی دیکە دەڕۆن و تاکە نووسەری کوردە کە پاش وەرگێڕانی کارەکانی بۆ هەر زمانێک بەو جۆرە پێشوازییەکی گەرمی لێبکرێت.

ئەوەی مایەی سەرنجە ئەم نووسەرە لەگەڵ ئەوەی نووسەرێکی فرەبوارە، واتە لە بوارێک زیاتردا دەنووسێت، بەڵام تاکو ئێستا هیچ بەرهەمێکی لە بواری شانۆنامەدا بڵاونەکردۆتەوە.  کەچی نوێترین بەرهەمی ئەو کە بڕیارە ناوەندی ڕەهەند بڵاویبکاتەوە، شانۆنامەیەکە بە ناوی (بۆ دۆزەخ ... ئەی بێگوناهان) هاودەم لەو بارەیەوە نووسەر لە پەیجی فەڕمی خۆی نووسیوویەتی: مستەفا ڕێبەر فەرمانبەرێکی ئاساییە لە کتێبخانەی گشتی، لە کاتێکدا لە دەوامی ڕۆژانەی خۆی دێتەدەرێ، لە لایەن دەزگایەکەوە دەگیرێت و دەبرێتە زیندان. تاوانی ئەم فەرمانبەرە بچوکە ئەوەیە هیچ هەستێکی بە گونا‌هـ نییە، هەستدەکات شێوازی ژیانی جۆرێک بووە دەتوانێت خۆی پاک و بێتاوان ببینێت. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە : ئایا لە دونیایەکی پڕ لە تاوان و خراپەدا کەس بۆی هەیە باس لە بێگوناهی بکات؟ ئایا هەر مرۆڤە و بە ئەندازەی خۆی بەشێک لە گوناهی ئەم بارودۆخە دژوارەی کۆمەڵگا و جیهان هەڵناگرێت؟  مستەفا ڕێبەر زوو تێدەگات، پیشەی فەرمانبەرانی ئەو دەزگا دەوڵەتییەی ئەویان دەستبەسەرکردوە، نەهێشتنی هەستە بە بێگوناهی لە هاوڵاتیاندا. هەوڵەکانی مستەفا ڕێبەر بۆ ئازادبوون لە زیندان، دەرگای جیهانێکی لێ دەکەنەوە، ترسناکترە لەوەی خۆی چاوەڕوانیدەکرد .

شانۆنامەی «بۆ دۆزەخ ... ئەی بێگوناهان». لەهەژدە دیمەندا چیرۆکی مستەفا ڕێبەر دەگێڕێتەوە کە بە هەموو ڕێگایەک دەیەوێت بەرگری لە بێگوناهی خۆی بکات .

ئەم شانۆنامەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە لایەن ناوەندی ڕەهەندەوە بڵاودەبێتەوە .

شایەنی باسە بڵاوکردنەوەی ئەم شانۆنامەیەی (بەختیار عەلی) چاوەڕوانی ئەگەری کاردانەوەی جیاوازی لێدەکرت لای خوێنەرانی ئەو نووسەرە، بەوپێیەی خوێنەری کورد کەمترین بایەخ بە خوێندنەوەی ژانری شانۆنامە دەدات، یەکێک لەو ئەگەرانە ئەوەیە بڵێیت ئەم بەرهەمەی نووسەرێکی پڕخوێنەر هانی خوێنەرانی کورد بدات بۆ بەردەوامیدان بە خوێندنەوەی شانۆنامە؟



ڕیکلام