هاوینەکان یەکەمیین ڕۆمانی نووسەری ئەڵمانی – کورد ڕۆنیا عوسمان

  2021-03-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەكر شوانى

ڕۆنیا عوسمان ساڵی ۱۹۹۳ لە دایکێکی ئەڵمان و باوکێکی کوردی ئێزیدی لە شاری موینشن لە دایک بووە. ئەو کاتێک لە شاری لایپتسیگ ئەدەبیاتی دەخوێند، ساڵی ٢٠١٥ لەو شارە ڕۆژانی فیلمی کوردیی ساز کرد. ساڵی ٢٠١٨ ئەندامی ژووریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بووە .

ڕۆنیا عوسمان سەرەتا بە نووسینی پەخشان و شیعر و وتار هاتووەتە دنیای نووسینەوە و لەم کاتەدا خۆی و هونەرمەند و نووسەر جەمیلە شاهین لە ڕۆژنامەی (taz)ی بەرلینی گۆشەیەکی هاوبەشیان بەناوی (Orient Express) هەیە .

ڕۆنیا عوسمان دژی ئەوەیە بەرگی ڕۆمانسییەت بە بەر کوردستاندا بکرێت و لە وتارەکانیدا داوا دەکات کوردستان نەکەن بە شاشەی پێشاندانی سیاسەتەکانی خۆیان و باوەڕی وایە کوردەکان تەنیا شەڕڤانی ئازا و گرووپی هەڵپەڕکێ نین، بەڵکو کورد پێکهاتەیەکی ئیتنیی و کۆمەڵگەیەکی فرە ئاین و فرە سیاسەتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .

"هاوینەکان" نۆبەرەڕۆمانی ڕۆنیا عوسمانە کە پایزی ڕابردوو لەلایەن وەشانخانەی بەناوبانگی (Hanser)وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. "لەیلا"ی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی ڕۆنیا عوسمانیش وەک نووسەر کچی دایكێکی ئەڵمان و باوکێکی کوردی ئێزدییە. لەیلا لەگەڵ دایک و باوکیدا لە نزیک موینشن دەژی و دەچێتە قوتابخانە، بەڵام هەموو ساڵێک پشووی هاوین لە گوندێکی ئێزیدیی ڕۆژئاوای کوردستان نزیک لە سنووری باکور/تورکیا لای داپیرە و باپیرەی بەسەردەبات. لەیلا لە ئینتەرنێتدا وێنەکانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەسەر دەستی داعش و وێرانکردنی حەلەب و شارەکانی تری سووریا لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە دەبینێت و لە قوتابخانەکەی خۆی لای میونشن پێشانی هاوڕێکانی دەدات و تا دەگاتە قۆناغێک کە پێویست دەکات بڕیارێک بدات .

بەپێی چەند وتارێکی ئەڵمانی کە دەربارەی ئەم ڕۆمانە خوێندمەوە، ڕۆمانەی ڕۆنیا عوسمان تژەیە لە هەستی میهرەبانی و هاوت هەستی تووڕەیی بەرامبەر بە جیهانێکی لەتلەتبوو .

بە نووسینی ناوی "Ronya Othmann" لە گوگل، هەم ئاشنای بەشێک لە وتارەکانی دەبین و هەم لە ڕۆژنامە و سایتە گەورەکانی ئەڵمانیدا دەیان وتاری تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ڕۆمانەکەی دەخوێنینەوە

نرخی نۆبەرەڕۆمانی "هاوینەکان"ی ڕۆنیا عوسمان ٢٢ ئۆیرۆیە .



ڕیکلام