ئیسرائیل: دەتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین و هێرشیش بکەینە سەر تاران

  2021-03-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیلی کۆهین وەزیری دەزگای هەواڵی ئیسرائیل (مۆساد) ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات لە هەڕەشەکانی تاران و دەشتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران.

ئیلی کۆهین لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران داوای خاپورکردنی ئیسرائیل دەکات و لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە، کاریش دەکات لەسەر خۆ قایمکردن لەرووی سەربازییەوە لە نزیک سنوری باکوری وڵات، بەڵام ئێسرائیل ڕێگە بەو هەوڵانە نادات.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، دژایەتی توندی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەکان بەسەر ئێراندا، چونکە ئەو گوتەی ئەو ئەو هەنگاوە بە مانای دابینکردنی بڕێکی زۆری پارەیە بۆ ڕێکخراوە "تیرۆریستییەکان" لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهاندا.

لە لایەکی دیکەوە "نید برایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەربارەی لێدوانەکانی ئێران سەبارەت بەدەستپێکردنی پرۆسەی پیتاندنی زیاتر لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز ڕایگەیاند، ئاستی دانبەخۆدا گراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سنوری هەیە و جارێکی دیکە هۆشداری دایەوە بە ئێران لەو ڕوەوە.

ئەو وتانەی وەزیری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە کاتێکدایە، دوێنێ ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وێرانکردنی شاری حەیفا و تەل ئەبیب کراوەتەوە پلان و تەنها چاوەڕوانی مۆڵەتی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێرانە بۆ جێبەجێکردنی.

حاتەمی ئاماژەی بەوەکرد، ئیسرائیل لەو ئاست و توانایەدا نییە، بۆ ئاراستەکردنی هەڕەشە و دەستدرێژی بۆسەر ئێران، بۆیە تاران ئامۆژگاری ئیسرائیلییەکان دەکات، تەنانەت بە قسەش هەڕەشە لە دژی ئێران نەکەن، چوونە ناتوانن جێبەجێی بکەن .

لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا چەند لێپرسراوێکی باڵای ئێسرائیل، لێدوان و هەڕەشەی توندیان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی .

لەوبارەیەوە کەناڵی "کان"ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی نەتەنیاهۆدا بینی گانتس وەزیری بەرگری و ئاڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی وەزارەتی سوپا و دارایی، بە مەبەستی هەواڵەکردنی بودجەی پێویست بۆ دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو  لەدژی ئێران .

پێشتریش ئاڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرمانیکردووە بە سوپا بە دووبارە کارکردنەوە لەسەر ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران لەمساڵدا.



ڕیکلام