نوسینگەی ڕۆحانی وەڵامی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیلی دایەوە

  2021-01-27  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لێدوانەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ناڕاست و بێ بنەمان.

مەحمود واعیزی بەڕێوەبەری نوسینگەی حەسەن ڕۆحانی لە وەڵامی لێدوانەکانی ئاڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ڕایگەیاند، لەوبڕوایەدایە ئیسرائیل هیچ پلان و توانایەکی ئەو تۆی نییە کە جەنگ لە دژی ئیران بەرپا بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێدوانەکانی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەچێتە چوارچێوەی جەنگی دەرونییەوە هیچ بەهایەکیان نییە.

واعیزی ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئێران لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، روونیشیکردەوە تاران نایەوێت هێرش بکاتە سەر هیچ دەوڵەتێک بەڵام هیچ سڵ ناکاتەوە لە بەرگریکردن لە خۆی.

بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕۆحانی جەختیکردەوە، ئیدارەی نوێی ئەمریکا سەربەخۆیە، ئەوەش ئیسرائیلی نیگەران کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبیت تەلەئەبیب تێبگات کە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کۆتایی هات، بۆیە چیتر ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر واشنتۆندا فەرز بکات.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا واعیزی ئۆباڵی نەگەڕانەوەی واشنتۆنی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتەکەیدا گەڕاندەوە بۆ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی، لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، ئیسرائیل و سعودیە مەترسییان هەیە لەوبارەیەوە.

ئەو وتانەی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێسرائیل ئاشکرایکرد، فەرمان و رێنمایی دەرچووە بۆ دانانی پلانی نوی بۆ کردنە ئامانجی پرۆگرامە موشەکییەکانی ئێران.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی نوێ لە دژی ئێران، پێکهاتووە لە ئیسرائیل و یۆنان و قوربس و میسر و ئوردن و دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکانیان بکات.



ڕیکلام