شیعری: توماس ترانسروێمەر

  2021-03-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کوردییەکەی: خەبات عارف

جادەکانی شانگهای

1

پەپوولە سپییەکەی پارکەکە لە لایەن زۆر کەسەوە دەخوێنرێتەوە .

ئەو پەپوولە سپییە گەورەیەم(1) خۆش دەوێت وەک ئەوەی کە سووچێکی باڵەفڕێکەری

حەقیقەت خۆی بێت !

لەکازیوەدا ئاپۆرەی خەڵک بە ڕاکەڕاک هەسارە بێدەنگەکەمان دەخاتە ئیش .

پارکەکە ئەوسا پڕ دەبێت لە خەڵک. بۆ هەر یەکێک و هەشت سەروسیمای بریقەپێهەڵهێنراوی

وەک یەشم(2)، بۆ هەموو حاڵەتەکان، تا خۆ لە هەڵەکردن لا بدرێت .

بۆ هەر یەکێکیش سەروسیما نەبیراوەکە کە وەک ئاوێنە ''شتێک کە هیی ئەوە نییە باس بکرێت'' خۆی تێدا دەداتەوە .

شتێک کە لە چرکە ماندووەکاندا پەیدا دەبێت و وەک قومێک مەیی مار(3) تفتوتاڵە بە خۆی و ئەو تامەوە کە لە دوای خۆی جێی دەهێڵێت: تامی پوولەکە .

کولەماسییەکان(4) بەردەوام لە ئەستێرکەکەدا دەجووڵێن، بەدەم خەوەوە مەلە دەکەن، نموونەن بۆ ئەوەی ئیماندارە: هەمیشە لە جووڵەدا .

2

نێوەڕۆیە. جلکە شۆردراوەکان لەنێو بای دێزی زەریادا باڵەفڕکێیانە

زۆر بەرز بەسەر ئەو پاسکیلسوارانەوە

کە بە تەوژمی چڕوپڕ دێن. سەرنجی پێچەڵپێچەکانی ئەملا و ئەولا بدە !

من دەوردراوم بە نیشانی نووسین کە ناتوانم لێکیان بدەمەوە، سەرومڕ بێسەوادم .

بەڵام ئەوەی دەبوو پارەکەیم دابێت، داومە و وەسڵم بۆ هەموو شت پێیە .

وەسڵگەلێکم لە خۆم کۆ کردووەتەوە کە ناخوێندرێنەوە .

درەختێکی پیرم من بە گەڵای سیسەوە کە هێشتا بەر نەبوونەتەوە و

ناتوانن بۆ سەر خاک بەر ببنەوە .

شنەیەکیش لە زەریاوە هەموو ئەم وەسڵانە دەخاتە خشەخش .

3

لە بوولێڵدا ئاپۆرەی خەڵک پێ بە هەسارە بێدەنگەکەماندا دەکێشن و دەیخەنە ئیش .

هەموو سواری جادە بووین، شان شان دەسووێت وەک ئەوەی لەسەر پاپۆڕێک بین .

بۆ کوێ دەچین؟ پیاڵەی چاییەکان بەشمان دەکەن؟ ئێمە؛ ئەوانەی سواری ئەم جادەیە بووین، دەتوانین بە پێکەنین خۆمان بەختیار بکەین !

ئەمە هەزاران ساڵ پێش لەدایکبوونی کلاوسترۆفۆبییە.(5 )

لە پشت هەر یەکێکەوە کە لێرە دەڕوات خاچێک دەگەڕێت کە دەیەوێت پێمان بگاتەوە، لێمان تێپەڕێت، لەگەڵمان ببێت بە یەک .

شتێک کە دەیەوێت بەدزییەوە و لە پشتەوە پێمان بگاتەوە، چاومان بگرێت و بە گوێماندا بچرپێنێت: ''هەڵیبێنە کێم !''

کەم تا زۆر، بەدەم خوێنلێچۆڕانی ئەو برینانەماوە کە لێیان ئاگادار نین، لە بەر خۆرەتاوەکەدا بەختیارین .

(1)پەپوولەی سپی: فراشە البیضاء، White butterfly [پەپوولەی سپی - مۆرانەی سپی – پەپوولەیەکی گەورەیە لەسەر گەڵای سەوزە دەژی وەکو شێلم و کەلەرم. کەمالنامە، کەمال جەلال غەریب، ل948 '']

(2)یەشم: ناوێکی گشتگرە بۆ دوو جۆری جیاوازی کانزا و، زۆربەی کات سەوزن، وەک بەردی بەنرخ و لە کاری هونەریی دەستەکیشدا بە کار دەهێنرێن و بریتین لە نێفریت و جادێیت. یەشم ڕەنگیان جیاوازن لە سەوزی تەواو تاریکەوە تا سپی هەن. بە زۆربەی زمانەکان هەر jadeی پێ دەوترێت و بە کوردی و فارسی و عەرەبیش یەشم .

(3)مەیی مار: بە سوێدی hugormsbrännvin جۆرێکە لە مەیی قورس و مارێکی تێدایە و بە زۆری لە چین و وڵاتانی باشووری ئاسیا هەیە. من بۆ خۆم لە ڤێتانم و کەمبۆدیایش خواردوومەتەوە و تامی پوولەکەیشم لێی نەکردووە!

(4)کولەماسی: بە سوێدی karp و بە ئینگلیزی carp و بە لاتینیش Cprinus carpioی پێ دەوترێت. عەرەب ناوی لێ ناوە الشبوط الشایع و فارسیش ماهی کول، کبول. منیش چاوم لە فارس کرد و ناوم نا کولەماسی، چون زۆر فەرهەنگ و جێیان گەڕام و بەرانبەرەکەیم بە کوردی نەدۆزییەوە. باشم کردووە یا نا، نازانم!

(5)کلاوسترۆفۆبی: بە سوێدی Klaustrofobi و بە ئینگلیزی Claustrofobia و عەرەب رهاب الاحتجاز و رهاب الأماكن المغلقة-یشی پێ دەڵێن. بە کورتییەکەی: ترسێکە لەوەی لە جێیەکدا گیر بخۆیت و ئەو ترسە جارنا وا لەو ئینسانەی کە تووشی دەبێت دەکات لە جێی خۆی دابنیشێت و وەک تۆپێک خۆی گرمۆڵە بکات، چون ئەوسا وا هەست دەکات کە ئەو جێیەی تێیدا گیری خواردووە بەو جۆرە گەورە دەبێت.

ترانستریۆمەر 2011 خەڵاتی ئەدەبیاتی نۆبێلی وەرگرت.



ڕیکلام