هاوار موستەفا خان: سینەمای کوردیی فۆڕمێکی دیاریکراوی نییە لەدونیادا بناسرێتەوە

  2021-03-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: داستان

هونەرمەند (ھاوار موستەفا خان) ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی گەڵاڵەکردن و ھاودەم سەرپێخستنی پڕۆژەیەکی گەورەی سینەماییە بە ناوی (کۆمەڵگەی یڵماز گونەی سینەما و گەشتیاریی) ئەم پڕژەیە دەبێتە یەکەمین پڕۆژەی بواری سینەما کە بەو جۆرە بەرفراوان کار لە بواری سینەمادا بکات، ئەمەش لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکەدا دەردەکەوێت کە ئەو ھونەرمەندە لە کەناڵی جیاجیای ڕاگەیاندنەوە بەیانی دەکات. لە پای زیاتر تێگەیشتن لە پڕۆژەکە و ھەندێک پرسی دیکەی تایبەت بە سینەمای کوردی لەم دەرفەتەی (تۆڕی ھەواڵی ژیان)دا ئەو ھونەرمەندە دەدوێنین:

ژیان: ئەو ھەوڵانەی دراون و دەدرێن لە بواری سینەمادا، تاکو چەند توانای ئەوەیان ھەیە پیشانی جیھانی دەرەوە بدرێن؟

هاوار موستەفا خان: سینەمای کوردیی بە زۆر رێگای سەخت و دژواردا لە مێژە کەوتۆتەڕێ و ھەوراز و نشێوی زۆری بڕیووە تا ئێستاش بەردەوامە لە کەوتن و ھەستانەوە، چوون مەسەلەکە تەنھا بابەتی چیرۆک و گواستنەوەی نیە بۆ سەرپەردە، تەنھا مەسەلەی بەرھەمھێنان و پیشاندان نیە، تەنھا مەسەلەی نەبوونی ئەستێرەو کارەکتەری تەکنیکی نیە بە تەنیا، بەڵکو نەبوونی ئازادی و سەربەستی و کیانی سیاسیی بووەتە گرفتێکی سەرەکی، چوون مەسەلەی کورد و کوردستان پرسێکی ئاڵۆزەو ئەوەتا تەنیا لە بەشی باشور و رۆژئاڤا بەخەبات و خوێنی رۆڵەکانی نیمچە ئازادی و خۆبەڕێوەبەرییەک دەرکەوتووە کە بەو تەمەنە کورتە، دەبینین سینەماکەی لە زۆر لەو وڵاتانە لەپێشە یان زووتر دەرکەوتووە کە خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن.ھەندێک دەوڵەت لەناوچەکەدا ھەن ھێشتا سینەمایان نییە؟!.
بە بڕوای بەندە سینەما دەبێ سەربەخۆ بێت، دەبێت سەرمایەو و وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری و رۆشنبیریی و ھۆشیاری و پەروەردەی کراوە بێت بۆ ئەوەی توانای بەڕێوەبردنی باشتر بچێتەپێشەوە.  ئەوانە لەناو ئێمە و بۆ میلەتی ئێمە گرفتی گەورەن. سەردەمێک لەبەر داگیرکاری راستەخۆ، ئێستاش لە دوای (٣٠)ساڵ نیمچە سربەخۆیی لەتوانادا نیە رەخنە لە کێماسیەکانی ئەو حوکمڕانیە بگریت، لەناو تەواوی سێکتەرەکانی ئاوەدانیدا، ئەوەی پشکی شێری بەرکەوتووە لە فەرامۆشکردن، کەرتی سینەمایە!. دەنا باوەڕی تەواوم بەوە ھەیە وەکو "جولەکە"بەبێ کیانی سەربەخۆ سینەمایەکی سەربەخۆ بونیاتبنێین و سەربکەوین و کۆمەکی کیانی سیاسی و سەربەخۆیی کوردستانیش بکەین. 
سینەمای کوردی سینەمایەکە وەکو کێشەی قوڵی میلەتەکەی پێویستە بە" مافی چارەی خۆنووسین"بگات، لەگەڵ ئەوەی بندەست و داگیرکراوە " پێنەگەیشتووە" بەڵام لە قۆناخی سەختدا خەباتێکی سەرسوڕھێنەری دەستداوەتێ و شانبەشانی شۆڕشەکانی کورد، ھەندێکجار " لە پێشتریش لەو شۆڕشانە"، بەھێزی نەرم؛ خۆی و میلەتەکەی بە جیھان ناساندووە.
تۆ تەماشا بکە لە رابردووەوە سینەماکارانی کورد لە مێژووی سینەمای میلەت و دەوڵەتی داگیرکەر و سەردەستی کوردستان، بەزمانی ئەوان لەناو ھونەری سینەمادا رۆڵی خۆیان بینیوە. راستە بە زمانی کوردی فیلمیان دروست نەکردوە، بەڵام ھاتوون بە ناو و ناوەڕۆکی کوردی و تێکەڵە لە نەتەوەی دیکە، فیلمی پێشەنگ و سەرکەوتوویان لە سیەکان و پەنجاکانی سەدەی رابردوو دروست کردوە لەوانە؛ فیلمی" کچی لوڕ و شیرین و فەرھاد و رۆڵەکانی ئەم نیشتمان"ە و چەندین فیلمی تر، لێرەشەوە بەروونی بۆمان دەردەکەوێت بۆچی ھونەری سینەمای کوردی دواکەوتووە!.
ئەوەی گرفتی گەورەی سینەمای کوردییە لەو سەردەمەدا، ئەو فیلمانە لەکاتی خۆیدا"بەر لە راپەڕینەی ساڵی ١٩٩١" قەدەخەبوون لە کوردستانی بندەست بڵاوبکرێنەوەو دوای سەردەمێکی زۆریش ئینجا نەتوانرا لە کوردستاندا سودیان لێوەربگیرێت، کاتێک ھەندێک لەو فیلمانە گەیشتنەوە باشوری کوردستان" کە تاکە بەشی ئازادکراوی کوردستان بوو" ، ھۆڵی سینەما داخرابوون یان بەھۆی ئابلۆقەی ئابووری نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر عیراق و ئەوەی عیراقیش لەسەر ھەرێمی کوردستان زۆربەی کەرتەکانی ئاوەدانی زیانیان بەرکەوت، یەکێک لەو کەرتانەیش کە بووە قوربانی، کەرتی سینەما بوو. ئەو کەرتە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە پەکی کەوت و ھاوردەکردنی فیلمی بیانی وەستاو ئەوەی ناوەخۆش سەرباری ئەوەی لەبنەڕەتدا لاوازبوو، ئەویش بووە قوربانی سیاسەتی رژێمی سەدام، بەڵام جارێکی تر و بە جۆرێکی تر لەدوای روخانی رژێمی سەددام سینەما لە عیراق سەریھەڵدایەوە، وەلێ ئەمجارە ھەرێمی کوردستان" لەراپەڕینەوە تا روخانی رژێمی سەددام" بووە جێگەی چاوتێبڕین و بەرھەمی زۆر و ناوازە لە کوردستاندا دەرکەوت و تەنانەت فیلمی کوردی چەندینجار بە نوێنەرایەتی عیراقی بەشداری لە خەڵاتی ئۆسکارو فێستیڤاڵەکانی دونیادا کرد، لەوانەیش: فێستیڤاڵی کان. 
بەمجۆرە دەبینین سەرباری نەھامەتی ژیان و دەربەری و سەختیەکانی دروست کردنی فیلم بە بێ پاڵپشتیی دامەزراوەیەکی کوردیی، یان تەنانەت کەسایەتییەکانی کوردیی لە کوردستان و دەرەوەدا، سینەمای کوردیی کۆڵی نەداو جوڵەیەکی کرد کە مێژوو بە شانازیەوە تۆماری کردوون، بەڵام راستیەکی تاڵە نەیتوانی "وەکو ئیسرائیلیەکان"ئەزموونی سەرکەوتووی سینەما ئەوان دووبارە بکاتەوە.

 ژیان:  کورد لە ھەر چوار پارچەکەی وڵات خاوەنی سینەمایەکە کە وەک شوناسێکی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟

هاوار موستەفا خان: بەڵێ، ئەویش تێکۆشینێکە بۆ مانەوەی زمان و ناسنامەو شوناس. وەکو لە پرسیاری سەرەوە باسمان کردوە، سینەمای کوردی وەکو شۆڕشەکانی کوردیی، ھەندێکجار سەختتریش، ھەوڵی بێوچانیداوەو چەندین ئەزموونیشی لەدەرەوەی کوردستان سەرخستووە، بەڵام بی کەمورتیی نەبووە.
دەمەوێت ئەوە بڵێم؛ سینەمای کوردیی فۆڕمێکی دیاریکراوی نییە لەدونیادا بناسرێتەوە، دەتوانم بە ئەمانەتەوە بڵێم: ھەتاوەکو ساتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئێوە، گەلی کورد و سینەماکەی ھێشتا لەناو قاوغ و قۆناغی شۆڕشگێڕیدایە؟!.
خەریکە لە باشور جموجۆڵێک دەست پێدەکات ئەو قۆناخە تێبپەڕێنێت کە بە بڕوای بەندە دەمێکە لەو ئاڵوگۆڕەدا دواکەوتووە.

 ژیان: ئەو ڕێکارانە چین لە کۆمەڵگادا کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ بە کولتوورکردنی سینەما؟

هاوار موستەفا خان: راستی وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر سەختە کاک داستان گیان.. من لەوبارەیەوە پڕۆژەیەکم نووسیوە بەناوی پڕۆژەی " کەرتی سینەما و دراما"لەوێدا بەوردی وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەست دەکەوێت و تەنانەت ناوی وەزارەتی رۆشنبیریشم گۆڕیوە بۆ ناوی"وەزارەتی کولتوور و روناکبیریی کوردستان" ھەردوو بەشی "وەرزش و لاوان"م لابردوە، وەزارەتەکە لە وەزارەتێکی بەکاربەرەوە گۆڕیومە بۆ وەزارەتێکی وەبەرھێن، وەک چۆن وەزارەتی سامانی سروشتی و کەرت کشتوکاڵ و گەشتیاری و ھتد ھەیە، دەبێ سینەماش لە کوردستاندا رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت و لە چوارچێوەی  وەزارەت و دەوڵەتدا ببێتە کەرتێکی گرنگی ئاوەدانی، کە  ھەرگیز بەراورد ناکرێت بە کەرتەکانی دیکە، چوون ئەو کەرتە وەبەرھێنانە لە رەچەڵەک و رەسەنایەتی و کولتورو فەرھەنگی کورد و کوردستانی.
جا با بەکورتیش باسی ئەو رێکارانە بکەم، لەوانە:-
- پەرەپێدان بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری سینەمایی لە رێگای گۆڤارو کتێب و ئینتەرنێت بە گشتی.
- داگیرکردنی پانتاییەکی باش لە میدیادا، بەدیاریکراوی، دروستکردنی میدیای تایبەتمەند بە بینراو وبیستراو خوێنراو.
- ئەنجامدانی فێستیڤاڵ و ئیڤێنت و دیدار و کۆڕ و میتینگ.
- بەرھەمھێنانی فیلم و سریال.
- دروستکردنی ھۆڵی سینەمایی.
- بەڕێوەچوونی بۆنەی"رۆژی سینەمای کوردی" کە ساڵی رابردوو دەستمان پێکردوو.
- ستۆدیۆی بەرھەمھێنان.
شتی تریش زۆرن کە بەندە ئەو کەرتەم بە کەرتێکی تری زۆر زیندووی ژیان و ژیارییەوە بەستۆتەوە ئەویش، کەرتی گەشتوگوزارە.
ھەردووکیانم لەیەکتری موتوربە کردووە، دروست کردنی "کۆماری یڵماز گونەی ژیاندۆستی"گرێدراوی ئەو پڕۆژەیە کە لە توانایدا دەبێت سلێمانی" سۆلیوود"ملیۆنان گەشتیار کەمەندکێش بکات و لەسەر نەخشەی جیھانیدا بە ھەبوونی"ھەشتەمین سەرسوڕھێنەری دونیا" دەنگبداتەوە.

 ژیان: ئێوە زۆرجار باس لە پڕۆژەیەکی ھەمەلایەن دەکەن بۆ سینەمای کوردی، دەکرێت بە کورتی باسێک لەو پڕۆژەیە بکەن و لایەنە جیاوازەکانی بخەنەڕوو؟

هاوار موستەفا خان: پڕۆژەی بەندە بەشێوەیەکی گشتی وەکو (گیانێکبن لە دوو جەستە)دا وایە، دوو کەرتی موتوربەکراوی"سینەما و گەشتیاری"یە. گەشتیاریەکەی بریتییە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەیەکی شاری سلێمانی بە براندێکی سینەمایی جیھانی بە رەچەڵەک کوردە و خۆی لە تاوەری یڵماز گونەی دەبینێتەوە کە وەک ھەشتەمین سەرسوڕھێنەری نوێی دونیا لە شاری سلێمانی دەردەکەوێت. لەگەڵ دەیان پڕۆژەی تر کە بریتین لە ھۆڵی سینەما و شانۆ و زانکۆ و کابینەی گەشتیاری و ستۆدیۆ و کارگەی جل و بەرگی کوردی و مۆدێل و فاشیۆنی کوردی و دەیان جۆری تر کە ئەگەر ناویان بھێنین بە کتێبێک تەواو نابێت،  لەناو ھەردوو بەرگی پڕۆژەکەدا ئاماژەی پێکراوە کە بەیەکەوە بریتییە لە(٩٢)لاپەڕەی قەبارەی ئەی فۆڕی رەنگاورەنگ.

 ژیان: ئەو ڕێکارانەچین کە گرتووتانەتەبەر بۆ سەرپێخستنی پڕۆژەکەتان؟

هاوار موستەفا خان: ئێمە لەکاتێکدا پڕۆژەی" کۆماری یڵماز گونەی ژیاندۆستیی"دەخەینەڕوو، سی ساڵە پڕۆژەی وەھا پێشکەش نەکراوەو بە گرەنتی دەڵێم(١٠٠)ساڵی تریش دووبارە نابێتەوە.
تۆ تەماشا بکە، ھیچ پڕۆژەیەک لە کوردستاندا ھەیە ساڵانە (٥)ملیۆن گەشتیار کەمەندکێش بکات؟، دڵنیابە لە ساڵانی خۆشی و شادیدا ھەموو ھەرێمی کوردستان ئەو ژمارەیەی لە گەشتیاری ناوەخۆ و بیانی بەخۆیەوە نەبینیوە، دەی ئێمە بە پلان مەزەندە دەکەین بە سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە، دەتوانین ساڵانە (٥)ملیۆن گەشتیار رابکێشینە کوردستان. ھەلیکار بۆ(٥)ھەزار کەس گرەنتی بکەین.
ساڵانە(١٠ بۆ ١٥)فیلمی سینەمای دروست بکەین کە ملیۆن دۆلار تێچوونی بێت و بە دوو قات و سێ قاتی ئەو بڕە پارەیەش داھات بەدەست بھێنین. بێجگە لە سەرمایەگوزاری لە دەیان جۆری تر لەناو ئەو پڕۆژەیەدا.
بەندە ماوەی دوو ساڵە بەردەوام سەردانی لایەنی پەیەندیدار دەکەم لە کەرت و دەستە و وەزارەتی پەیوەست بە بازرگانی و پیشەسازی و گەشت وگوزار و ژووری بازرگانی و دەستەی وەبەرھێنان، بێجگە لە وەزارەتی رۆشنبیریی، کەچی ھێشتا بەدوای سەرخستنی پڕۆژەکەمانەوەین؟!. رۆتینیات و قۆرخکاری کارێکی کردووە کە دەڵێی: پڕۆژەی سینەمامان ھەیە، یەکسەر تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و لەجیاتی ئێمە دەڵێن: جا کوا سینەما ھەیە؟ یان بە پێکەنینەوە؛ خۆمان بووین بەسینەما، سینەمای چی؟.
بەندە ھەر لەسەرەتاوە لە بەرگی دووەمی دیوی گەشتیاری ئاماژەم بەوەداوە کە بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە پێویستمان بە (٥)ساڵ ھەیە، دیارە بەشیکی بۆ ئەو قەیرانانە دەگەڕێتەوەو بەشیکیشی بۆ تێگەیشتن و تێگەیاندنی بزنسمان و دەوڵەتە کە کەرتی سینەما و دراما بایەخێکی یەکجار گرنگ و گەورەی ھەیە پێویستە متمانە دروست ببێت بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی لەوجۆرە سەربکەوێت.
پڕۆژەکەی ئێمە لە توانایدا ھەیە سەرمایەگوزاری بیانی رابکێشێت، مخابن تاوەکو ئێستا لەناوەخۆدا تێگەیشتن بۆ پڕۆژەی لەوجۆرە، وەکو شتێکی مەحاڵ دێتەپێش . ئێمە بەردەوام دەبین تاوەکو سەرخستنی و دڵنیام ئەوکات دەبینرێت ئێمە چ قازانج و دەست کەوت و سەرمایەگوزاریەک لەو دوو کەرتەدا دەکەین، کە بۆ ئێمە کەرتی سینەما و دراما، کاری لەپێشینەو بنەڕەتیە.
خاڵێک کە ئێمە زیاتر موکوڕ دەکات ئەوەیە؛ کە لەناو قەیرانی دارایی و تەندروستی بەسەر مارکێتینگ و بانگەوازیدا کەوتین، ھەموومان لەناو دۆخێکی قەیراناوی دەژین، دڵنیام تاوەکو کۆتایی ساڵ تێدەپەڕێت و دۆخی ئابووریش بە ئاوەدانکردنەوەی کەرت و پڕۆژەی لەوجۆرە بەتایبەتی بۆ توێژی ھونەرمەندان بنەڕەتی ژیان و ژیارییە. 

ژیان: پێشوازی ئەو کەس و لایەنانەی کە تاکو ئێستا پڕۆژەکەتان ڕووبەڕوو کردوونەتەوە لە چ ئاستێکدا بووە؟

هاوار موستەفا خان: وەکو لە پرسیارەکانی سەروتردا باسم کردوە، کاتی دەوێت و دەرفەت لەبەردەمی ئێمەدا لەساڵی رابردوو و ئەمساڵیش بە ھۆی بەردەوامی قەیرانەکان، کەمتر بووە، ئومێد دەکەین لە ساڵی ئایندەوە تەواو جۆرێکی تربێت، کە دڵنیام سەردەمی ئێمەو کەرتی سینەما و دراما دەبێت.

 ژیان: تاکوچەند گەشبینن بە دەرەنجامە باشەکانی پڕۆژەکە؟

هاوار موستەفا خان: لەراستیدا گەشبینیمان لە سنور دەرچووە، چوون باوەڕمان وایە زۆر لە کەرت و سێکتەرەکانی دیکەی ئاوەدانی بە کەم و کورتیش بێت دەستی ئاوەدانی گەیشتۆتێ، تاکە کەرت کە لای لێ نەکراوەتەوە کەرتی سینەما و درامایە، دەزانم پڕۆژەی ھونەری زۆر بووە لەوبارەیەوە، بەڵام ھەر لەناو خودی ئەو بوارەدا، پڕۆژەی وەبەرھێنان و بزنس نەبۆتە پێشە کە بتوانێت بە سەدان ھونەرمەند و ئەدیب لەدەوری خۆیدا کۆبکاتەوەو وەبەرھێنان لەخۆیاندا بکەن و قازانج و داھاتی گەورە بەدەست بھێنن.
دەتوانم ئەوەش بڵێم؛ بۆ سەرخستنی پڕۆژەی ئێمە، پێنج جۆرو لایەن ھەن کە دەتوانین پشتیان پێ ببەستین و لەرێگەیانەوە پڕۆژەکەمان سەربخەین.ئەوانیش: 
- قەرزی درێژخایەن لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
- قەرزی درێژخایەن لە حکومەتی ناوەندی.
- کەرتی تایبەت.
- بانکی ئەھلی.
- یەکێتی ئەوروپا.
سوپڕایزیشمان ھەیە ئەگەر ھاتوو ھیچ یەکێک لەو پێنج ئۆپشنانە نەھاتنە دی، ئەوە رێگایەکی تر ھەیە، زۆر دڵنیام لەسەرخستنی، با ئەوەیان بمێنێتەوە بۆ رۆژی خۆی. دەستان خۆش ھەر شاد و سەرکەوتووبن



ڕیکلام