جنۆکە مەزنەکان پڕۆژەیەکی دیکەی پەیکەسازی کورد شوان کەمال

  2021-03-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چیرۆکی ئەم کارە بە گێڕانەوەی هونەرمەند خۆی

ساڵی ١٩٩٥ ئەو قۆناغەی بە دوای ئیشی هونەرییدا دەگەرام، چوومە کارگەی (ڕایمۆند کیتڵ)لە شاری دۆسلدۆرف لە ئەڵمانیا، کابرای خاوەن کارگەکە پرۆفسۆر بوو، لە ئەکادیمیای (دۆسلدۆرف) لێی پرسیم: دەزانی پەیکەر دروست بکەیت؟ گوتم: بەڵێ .

لە دڵی خۆمدا گوتم ئەگەر دۆخی سیاسی و خاوەنی وڵاتی خۆم دەبووم ، ئێستا وەك تۆ پڕۆفیسۆری هونەر بووم لە زانکۆ .

پاشان کە ئیشم کرد، زانی شارەزایی و سەلیقە و ئەزموونێکی باشم هەیە، چیتر ڕێزی تایبەتی دەگرتم و مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵ دەکردم .

لەو کاتانەدا کۆمەڵێك پرۆژە و پەیکەری مەزنیان بۆ هاتبوو، لەوانە پرۆژەی (جنۆکە مەزنەکان) ئەم پەیکەرانە نزیکی ٢٠ دانەم لێدرستکردوون، لە ماوەی ٦ ساڵدا بە قەبارەی ٣ مەتر تاکو ٦ مەتر، لەماددەی بۆرەك و گەچ مۆدێلەکانیانم دروست دەکرد، دوایی لەم کارگەیە قاڵبی لمیان بۆ دروست دەکردن و لە ماددەی برۆنز و ئەلەمینیۆم و ئاسن و هەندێجار بە ستیلیش دادەڕێژران .

جا ئەو ٢٠ پەیکەرە لەبەر گرنگی و بایەخی هونەرییان هەر دانەیەکیان چەندەها جار کۆپی کراوەتەوە و فرۆشراون، لە زۆربەی گەلەری و مۆزەخانە و شوێنە گشتییەکانی جیهان نیشاندراون .

سەرجەمیشیان تایبەت بۆ کارگەی دروستکردنی پەیکەر و داڕشتنی کانزاکان (ڕایمۆند کیتڵ و دوایی بو بە کارگەی ڕٶلف کایزەر) لە شاری دۆسلدۆرف لە ئەڵمانیا بوون، کە پرۆژە و کاری زۆرێك لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی جیهانیان دروستکردوە، لەوانە (تۆنیکرێگی بەریتانی و تۆماس شوتەی ئەڵمانی، کاتەرینا فریچ ، مەگدەلینا ئەبەکانۆڤیج و زۆری دیکە...)



ڕیکلام