سۆرانی  |  بادینی  |  English      

لەڕووی فەلەكییەوە ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی وەرزی بەهارە لەنیوەگۆی باكووردا

  2021-03-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ شەممە زەوی دەگاتە یەكێک لە خاڵە هەرە ناودارەكانی خۆی لە كاروانی دورو درێژی خولانەوەیدا بەدەوری خۆر، ئەویش خاڵی هاوسەنگبونی بەهاریی Vernal Equinox-ە كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچە یەكسان بونی تەواوی ماوەی نێوان شەوو رۆژ بۆ 12 بە 12 كاتژمێر .

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی٣ی٢٠٢١، كاتژمێر  12:38ی دواینیوەڕۆ بەكاتی هەولێر زەوی دەگاتە یەكێک لە خاڵە هەرە ناودارەكانی خۆی لە كاروانی دوور و درێژی خولانەوەیدا بەدەوری خۆر، ئەویش خاڵی هاوسەنگبونی بەهاریی Vernal Equinox -ە كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچە یەكسان بونی تەواوی ماوەی نێوان شەو و رۆژ بۆ 12 بە 12 كاتژمێر.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ماوەیەكی زۆریشە گومان لەوەدا نەماوە كە لەكاتی خولانەوەی بە دەوری خۆردا، زەوی سێ خاڵ دروست دەكات و بریتین لە، نزیكترین خاڵ، كە دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باكورو دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باشور، دورترین خاڵ، كە دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باكورو دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باشور هەروەها دوریی مامناوەند، كە لە نیوەگۆی باكوردا دەستپێكی بەهارەو لە نیوەگۆی باشوریشدا دەستپێكی پاییزە.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردوە، بە پێوانە فەلەكییەكان ماوەی نێوان خۆرو زەوی لە كاتی گەیشتنی بە (دوریی مامناوەند) دەگاتە 149 ملیۆن و 598 هەزارو 23 كیلۆمەتر، (هاوسەنگبونی بەهاریی) یان (Vernal Equinox) لە 20 یان 21 یان بە دەگمەن لە 22 ی ئازاری هەمو ساڵێك دوبارە دەبێتەوە، تیشكی خۆر تیایدا بە شێوەیەكی 100%ی دەكەوێتە سەر (هێڵییەكسانی)، چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی 23 پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لار بوونەوەو ستونبون لەسەر هەردو نیوەگۆیەكانی باكورو باشوردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەمەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا سەرهەڵدەدەن و ماوەی شەو و رۆژ درێژبونەوەو كورتبونەوە بەخۆیانەوە دەبینن .

ئەوەشی خستوەتوەتەڕو، بەوجۆرە لەنیوەگۆی باكوردا (وەرزی بەهار) دەست پێدەكات و لەهەمان كاتدا (یەكسانبونی پاییزی) لەنیوەگۆی باشوردا دەست پێدەكات، واتە لە وڵاتەكانی باشوری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە.

سەبارەت بە دانیشتوانی سەر روی هەسارەكەمان، لە 20ی ئازاردا، خۆرێك لەسەر خاڵی جوگرافیی 90 پلەی رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، كە ئەوەش زۆر گرنگە بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی زۆر ورد ئاڕاستەی رۆژهەڵات دەستنیشان بكەن، كە لەهەمان كاتدا لە هەمان خاڵی رۆژئاواشدا ئاوادەبێت و هەمان سوودی هەیە بۆ دۆزینەوەی وردی ئاڕاستەی رۆژئاوا .

بەپێی راپۆرتەکەی کەشناسی، لەناوچە جەمسەرییەكانی باكوری هەسارەكە رۆژێكی دورو درێژ دەست پێدەكات كە 6 مانگ دەخایەنێت، واتە لە دوای 2021.3.20 دا خۆر لە ئاسۆی ئەو ناوچانەدا ئاوا نابێت تا مانگی ئەیلول، بەڵام بۆ جەمسەری باشور شەوێكی دورودرێژی شەش مانگی دەستپێدەكات تا مانگی ئەیلول خۆر لە ئاسمانی ئەو ناوچانەشدا نابینرێت .

دەشڵێت، "بۆ ئێمەی گەلی كوردو بەشێكی زۆری دیكەی نەتەوەكانی جیهان، بەجیاوازیی كلتوور و داب و نەریتەكانیان، لە رۆژی 21ی ئازاری هەمو ساڵێك دەبێتە ئاهەنگی دەستپێكی وەرزی بەهارو بێگومانیش لای خۆشمان بە (نەورۆز) ناسراوە".