28 بەندکراوی سیاسی ئێران لە دەستپێکی ساڵی نوێدا مان لە خواردن دەگرن

  2021-03-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر رەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ٢٨ بەندکراوی سیاسیی لە دەستپێکی ساڵی نوێدا مان لە خواردن دەگرن.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوکراوەتەوە، ٢٨ زیندانی سیاسیی ناو زیندانەکان ئێران رایانگەیاندووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر پێشێلکردنی مافی کەمە نەتەوەکان و کوشتنی خۆپیشاندەران لە چەند ساڵی رابردوودا، سێ رۆژی یەکەمی ساڵی نوێ، مان لە خواردن دەگرن.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ ئەو فشارە ئابورییەی چەند ساڵێکە کەوتووەتە سەر چین و توێژەکانی ئێران، لەوانەش کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینان، ئەو بڕیارەیان داوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکی گەورەی هەیە لە زیندانیکردنی چالاکانی سیاسیی و بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی لە ئێران لەوپەڕی خراپیدایە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی باڵای ئێران و لەوانەش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رەتیدەکەنەوە زیندانی سیاسی لە ئێران بوونی هەبێت و دەڵێن، هیچ کەس لەسەر دەربڕێنی ڕای ئازاد و چالاکی سیاسیی دەستگیر ناکرێت.



ڕیکلام