ئێران سزای زیندانی و لێدانی قامچی بەسەر 13 هاوڵاتی کورددا سەپاند

  2021-03-12  | 
رۆژهەڵاتی کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، حکومەتی ئێران سزای زیندانیی و لێدانی قامچی بەسەر ١٣ کەس لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە سەپاند.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە رۆژانی رابردوودا ١٣ هاوڵاتی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی "فواد یووسفی"، "ئەفشین رەحمانی"، "کەماڵ کۆنەپۆشی"،  " سەید ئومید سەجادی"،  " شەهاب زەمانی"،  "موبین نادری"،  "تاریق رۆستەمی"،  "دیاکۆ تابا"،  "هیمەت کەریمی"،  "مێهدی تارقی"، " سەید ئومید حەقپەرست"،  "عەلی یەعقووبی" و "محەمەد نادری" هەر یەکەو سزای شەش مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ زەربەی قامچیان بە سەردا سەپێندراوە .

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، ئەو سزایە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی لەرێگەی کۆبوونەوەی نایاسایی و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان"، لە لایەن دادگای شۆڕش و گشتیی مەریوانەوە دەرچووە .

بەپێی حوکمی دەرکراو ئەو ١٣ هاوڵاتییە بە پێی مادەی ٦١٨ی یاسای سزا ئیسلامی، هەر کامەیان بە شەش مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچییان بە سەردا سەپاوە کە بەهۆی نەبوونی پێشینەی تاوان و پشتبەستراو بە مادەکانی ٥٥،٥٤،٥٢،٥٠،٤٩،٤٨،٤٦ ی یاسای سزای ئیسلامیی پەسندکراوی (٢٠١٣)، حوکمەکان بۆ ماوەی یەکساڵ هەڵپەسێندراوە .

شایەنی باسە، رۆژی هەینی١٢ی ئوکتوبری ساڵی ٢٠١٩ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا لە پارکی میللەتی ئەو شارە هێرشی سەربازیی تورکیایان بۆ رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرد و ژمارەیەک لەو کەسانە ڕۆژانی دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران.



ڕیکلام