ئێران رەتیکردەوە دەستی بە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا کردبێت

  2021-03-20  | 
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە، وڵاتەکەی دەستی بە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا کردبێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیک، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لەو کاتەوەی ئەمریکا لە گونجاوترین و وردترین رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی کشاوەتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەهیچ شێوەیەک نیازی ناردنی پەیامی بۆ ئەو وڵاتە نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 کە ساڵی 2015 ئیمزاکرا، نەخشەرێگایەکی دیاریکراوە و هیچ پێویست ناکات بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەوتنە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر، جەیک سالیوان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەڕێگەی یەکێتی ئەوروپاوە دەستی بە دیپلۆماسی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران کردووە بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی.

جگە لەوەش، ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی واشنتنی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتن لەگەڵ ئێران بە نێوەندگیری ئەروپا، دەربڕیوە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش، مەحمود واعێزی بەڕێوەبەری نوسینگەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە ڕێگەی وڵاتانی ئەوروپا و باڵیۆزخانەی سویسراوە، تاران پەیامی لە واشنتۆنەوە پێگەیشتووە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی پەیوەست بە رێککەوتنی ئەتۆمی.

واعێزی ئاماژەی بەوەشکرد، بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەئارادا نییە لەگەڵ واشنتۆن، جەختیشیکردەوە لەم کاتەدا تاران نییەتی نییە گفتوگۆ بکات.


ڕیکلام