فازڵ نەبی: ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا زەحمەتە بەڵام مەحاڵیش نییە

  2021-03-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری عیراق رایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زەحمەتە بەڵام مەحاڵیش نییە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، پڕۆفیسۆر د.فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری عیراق رایگەیاند، "بابەتی رێککەوتنی نێوان شاندی دانوستانکاری هەرێم و لایەنە شیعەکان ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەبوو، بەڵام هەندێک برادەر والێکیان دابوویەوە، چونکە شیعەکان بەڕاستی ئەو وەرەقەی پێشکەشیان کرد لەلای ئەوان وەرەقەیەکی تەواوکراو بوو و لەوانەیە یەک دوو خاڵیان باس نەکردبێت، ئەو ڕۆژە باسیانکرد بەڵام لەبنەڕەتدا وەرەقەی ئەوان وەرەقەیەکی تەواوبوو لەسەر ئەوە بوو کە 460 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت هەرێمی کوردستان ڕادەستی بکات نەک 250 هەزار بەرمیل بەڵام بەمەرج".

روونیشیکردەوە، "کە باسی 460 هەزار بەرمیل نەوتیان کرد، بابەتەکە بابڵێین کۆمەڵێک خاڵی تری تێدابوو لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوو ئەویش بەوەی لەو 460 هەزار بەرمیلە، بەشێکی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بڕوات و بەشێکیشی بۆ دەستحەقی کۆمپانیاکان بڕوات و هەتا دوایی، بەنزیکەیی ئەوەی کە هەر دەمایەوە 250 هەزارەکەبوو، زیاتر نەبوو، بەڵام ئەو خاڵەی تر کە ئەوان ئەوکات باسیان نەکردبوو، ئەو ڕۆژە باسیان لێوە کرد بەڵام لەخودی پێشنیارەکە هەبووە، ئەویش ئەوەبوو، کەدەبێت حکومەتی عێراقی هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت مانگانە هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات واتە دەبێت هەتا سەری مانگ چاوەڕێ بکەن، هەموو مانگێک حکومەتی عێراق، وەزارەتی دارایی چاوەڕێ بکات هەتا سەری مانگ، سەری مانگ ئینجا وەزارەتی دارایی هەماهەنگی بکات لەگەڵ سۆمۆ بۆئەوەی کە بزانن بەکردار هەرێمی کوردستان چەندی ڕادەستکردووە بەگوێرەی ئەو ڕادەستکردنە پارە بۆ هەرێمی کوردستان دێت."

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو خاڵەی ناو رێککەوتنەکە کە دەڵێت، "دەبێت حکومەتی عێراقی هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت مانگانە هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات"، لەزیانی هەرێمی کوردستان نییە بەڵام مەسەلەکە نەبوونی متمانەیە، بۆیە ئەوان ئەو هەنگاوەیان هاویشتووە.

وتیشی، "بەبۆچوونی من ئەوە خاڵێکی زۆر زەحمەت نییە کە نەتوانرێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، بەڵام کۆی ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی ئاڵۆز و ناڕوونی تێدایە و لەبەرئەوەی زۆرێک لە شتەکان دیاری نەکراون، دەکرێت لەداهاتوودا کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات".

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری عیراق راشیگەیاند، "کوتلە شیعەکان دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە و لەبنەڕەتدا زۆربەیان حەز ناکەن ئەمساڵ بودجە پەسەند بکرێت".

ئەوە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی ڕابردوودا شاندی هەرێم و لایەنە شیعەکان گەیشتنە رێکەوتن بەوەی هەرێم رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت دەربهێنێت و بەهای 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی بەغدا بکات لەگەڵ نیوەی داهاتە فیدراڵیەکان، لەبەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم لە موچە و بودجەی پارێزگاکان و بودجەی وەربەهێنان بنێرێت.

دواتر رێکەوتنەکە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەسەندکرا و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانکرا بۆ دەنگدان،بەڵام لایەنە شیعەکان بڕگەیەکیان گۆڕی و بەوەش ڕێکەوتنەکە کێشەی بۆ دروستبوو و دانیشتنی پەرلەمان لەسەر بودجە بۆ 27 ی ئازار دوخرا.



ڕیکلام