حەشدی شەعبی ڕەتیکردەوە بڵاوەی بە هیچ هێزێکی کردبێت لە بەغدا

  2021-03-25  | 
دۆسیە:  حەشدی شەعبی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی حەشدی شەعبی ڕەتیکردەوە، هیچ جموجوڵێکی سەربازیی بە هیزەکانی نەکردووە لە ناوخۆیی بەغدای پایتەخت.

دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بە هەموو شێوەیەک رەتیکردەوە، کە جموجوڵی بە هیچ کام لە هێزە سەربازییەکانی کردبێت لە ناو بەغدای پایتەخت، وەک هەندیک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردووەتەوە.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی دەستەی حەشدی شەعبی، جموجوڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیواکانی حەشدی شەعبی بە ژمارەکانیان دەناسرێن، نەک بە ناوی دیکە، جگە لەوەش هەریەکە لە بەرێوەبەرایەتییەکانیشی ناوی ناسراویان هەڵگرتووە.

ئەو بەیاننامەیەی دەستەی حەشدی شەعبی لە کاتێکدایە، پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە بەغدا رایگەیاند، لە بەیانی ئەمڕۆوە، چه‌كدارانی گروپی "ربع الله"، بڵاوەیان بە مه‌فره‌زه‌کانیان له‌ناو شاری به‌غدا کردووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، گروپی رەبعەڵا بە مەبەستی هەڕەشەکردن لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر پەسەندکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢١دا، خۆی نمایش دەکات و چەکدارەکانی لەناو شاری بەغدا بڵاوکردووەتەوە .

ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانی رەبعەڵا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ن و وێنه‌یه‌كیشیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، کە له‌سه‌ری نوسراوە،  "ئێستا كاتی ئەوە هاتووه‌ گوێی ببڕین ".

پاش بڵاوبوونەوەی چەکدارانی گروپی رەبعەڵا لە شەقامەكانی بەغدا، موقتەدا سەدر داوا لەحەشدی شەعبی دەكات یان خۆیان بێبەری بكەن لەو گروپە یان ئەگەر سەر بەوانن سزایان بدەن.

موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "گروپێکی میلیشیا پەنای بردووە بۆ نمایشی چەكداری و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە شەقامەكانی بەغدا بۆ هەندێك داوكاری لەچەشنی دابەزاندنی نرخی دۆلار و منیش دەڵێم، پەنابردن بۆ چەك بۆ داواكاریی ڕەتكراوەیە و دەبێت حكومەت جارێكیتر ڕێگەی پێنەدا ".

دەشڵێت، "ئەگەر ئەو گروپە سەر بەحەشدی شەعبین دەبێت سزا بدرێن، ئەگەرنا دەبێت دەستەی حەشدی شەعبی خۆی بێبەری بكات لێیان".

١٩ی ئەم مانگە، لایەنە شیعەکان و شاندی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا، گەیشتنە رێکەوتن بەوەی هەرێم رۆژانە 460 هەزار بەرمیل دەربهێنێت و پارەی 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ بداتەوە بە عێراق، ئەوەی دیکەشی بۆ کرێی دەرهێنان و گواستنەوە و ناوخۆ بەکاربهێندرێت، لەبەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم لە موچە و بودجەی وەربەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان بنێرێت، بەڵام ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو ئەوە بڕی پارەی 250 هەزار بەرمیلەکە لە پشکی هەرێم ببڕدرێت و ئەوەی دیکە بنێردرێت .



ڕیکلام