موقتەدا سەدر لەسەر بڵاوبوونەوەی هێزەکانی رەبعەڵا هاتەدەنگ

  2021-03-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاش بڵاوبوونەوەی چەکدارانی گروپی رەبعەڵا لە شەقامەكانی بەغدا، موقتەدا سەدر داوا لەحەشدی شەعبی دەكات یان خۆیان بێبەری بكەن لەو گروپە یان ئەگەر سەر بەوانن سزایان بدەن.

موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "گروپێکی میلیشیا پەنای بردووە بۆ نمایشی چەكداری و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە شەقامەكانی بەغدا بۆ هەندێك داوكاری لەچەشنی دابەزاندنی نرخی دۆلار و منیش دەڵێم، پەنابردن بۆ چەك بۆ داواكاریی ڕەتكراوەیە و دەبێت حكومەت جارێكیتر ڕێگەی پێنەدا".

دەشڵێت، "ئەگەر ئەو گروپە سەر بەحەشدی شەعبین دەبێت سزا بدرێن، ئەگەرنا دەبێت دەستەی حەشدی شەعبی خۆی بێبەری بكات لێیان".

لەبارەی نرخی دۆلاریشەوە ڕابەری ڕەوتی سەدر رایگەیاندووە، "بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار زیان و قازانجی هەیە، بۆیە ئێمە داومانەتە دەست شارەزایانی ئابووری".

موقتەدا سەدر داواش لە حكومەتی عێراق دەکات ڕێگە لەبەرزكردنەوەی نرخی شمەك بگرێت و سزای سەرپێچیكاران بدات.   

لەكۆتایی تویتەکەیدا رابەڕی ڕەوتی سەدر هۆشداری دەدات لە شكاندنی شكۆی دەوڵەت و جەختدەكاتەوە کە ئەو نمایشە چەکدارییەی گروپی رەبعەڵا بە هەماهەنگی هیچ لایەک نەكراوە.  

ئەم قسانەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت کە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی٣ی٢٠٢١، گروپی رەبعەڵا بە مەبەستی هەڕەشەکردن لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر پەسەندکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢١دا، هێزەکانی لەناو شاری بەغدا بڵاوکردەوە.



ڕیکلام