چەکدارانی رەبعەڵا هەڕەشە لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەن

  2021-03-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەبەغدا هێزەکانی رەبعەڵا لەسەر پەسەندکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، هەڕەشە لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەن.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە بەغدا رایگەیاند، لە بەیانی ئەمڕۆوە، چه‌كدارانی گروپی "ربع الله"، بڵاوەیان بە مه‌فره‌زه‌کانیان له‌ناو شاری به‌غدا کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گروپی رەبعەڵا بە مەبەستی هەڕەشەکردن لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر پەسەندکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢١دا، خۆی نمایش دەکات و چەکدارەکانی لەناو شاری بەغدا بڵاوکردووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانی رەبعەڵا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ن و وێنه‌یه‌كیشیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، کە له‌سه‌ری نوسراوە،  "ئێستا كاتی ئەوە هاتووه‌ گوێی ببڕین".

١٩ی ئەم مانگە، لایەنە شیعەکان و شاندی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا، گەیشتنە رێکەوتن بەوەی هەرێم رۆژانە 460 هەزار بەرمیل دەربهێنێت و پارەی 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ بداتەوە بە عێراق، ئەوەی دیکەشی بۆ کرێی دەرهێنان و گواستنەوە و ناوخۆ بەکاربهێندرێت، لەبەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم لە موچە و بودجەی وەربەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان بنێرێت، بەڵام ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو ئەوە بڕی پارەی 250 هەزار بەرمیلەکە لە پشکی هەرێم ببڕدرێت و ئەوەی دیکە بنێردرێت .

بەڵام ڕۆژی دواتر، هەندێک لەلایەنە شیعەکان دەستکاری بڕگەیەکەی تایبەت بە رێکەوتنەکەیان کرد و وایانلێکرد کە ئەگەر هەرێم پابەندنەبوو بەغدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نەنێرێت، ئەوەش لەلایەن شاندی هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانیەکانەوە رەتکرایەوە، هەر بەوهۆیەشەوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر بودجە بۆ شەممەی داهاتوو دواخرا.


ڕیکلام