بۆ چوارەمجار لە مێژوودا.. ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکاری ٢٠٢١ دواخرا

  2020-06-17  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پێدەچێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کەرتی سینەما بەم نزیکانە ڕاناوەستێت، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەکادیمیای هونەر و زانست و وێنەی جوڵا و ناسراو بە (ئۆسکار) ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی دواخست بۆ مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١، لە کاتێکدا بڕیار بوو لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١ بەڕێوە بچێت.

ئەو بڕیارەی ئۆسکار لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بڕیاری لەبارەوە درا کە ٥٤ کەس لە ئەندامانی ئەکادیمیاکە ئامادەی ببوون، لەوانە ستیڤن سپیلبێرگ و لورا دیرن و وبی گۆڵدنبێرگ، بەشێوەیەک سەرجەمیان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا جێگەی مەترسییە.

بۆ ئەوەی ئەکادیمیاکە بگاتە ئەو بڕیارە گفتوگۆی کردووە لەگەڵ هەریەکە لە ستۆدیۆکان و دابەشکران سەبارەت بەو کاتەی فیلمەکان پێویستیانە بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ نمایشکردن، هەروەها نەخۆشخانەی لۆس ئەنجلوس کە ئامۆژگاری دواخستنی ئەو کاتەی کردبوو، چونکە هیچ دڵنیاییەک نییە سەبارەت بە گەشەی پەتاکە.

بڕیارەکە جگە لە دواخستنی کاتی ئاهەنگەکە چەند لایەنێکی دیکەشی گرتووەتەوە، وەک درێژکردنەوەی ماوەی کاندیدکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار لە نێوان ١ی کانوی دووەمی ٢٠٢١ تا ٢٨ی شوبات، کە دواتر لیستی کاندیدە پێشنیازکراوەکان لە ڕۆژی ٩ی شوباتی داهاتوو ڕادەگەیەنرێت و کاندبوونی کۆتایش لە ١٥ی ئازاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت، هەروەها بڕیارەکە کاریگەریی هەبووە لەسەر دواخستنی وادەی کردنەوەی مۆزەخانەی ئەکادیمیاکە لە ١٤ کانونی یەکەمی داهاتوو تا ٣٠ نیسان.

پەتای کۆرۆنا گۆڕانکارییەکی گەورەی کرد لەسەر بنەماکانی ئامادەکاری بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار، کە لەمساڵدا زۆرتر نەرمی تیا پەیڕەو کراوە، هەروەها بۆ یەکەمجارە ئەگەری ئەوە هەیە کە فیلمی ئەوتۆ کاندید بکرێت کە بەهیچ شێوەیەک لە هۆڵی سینەماکان نمایش نەکراون.

بنەماکانی ئەکادیمیاکە بۆ چەندین ساڵی دوور و درێژە سوربووە لەسەر ئەوەی پێویستە بەرهەمەکان بەلای کەمەوە بۆ ماوەی مانگێک لە یەکێک لە هۆڵی سینەماکانی لوس ئەنجولس نمایش بکرێت، بۆ ئەوەی قابیلی ئەوە بێت کاندید بکرێت، کە وایکردووە ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانی وەک نیتفلیکس نموونەیەکی کورتی فیلمەکان پێشکەش بکات بۆ ئەوەی کاندید بکرێت بۆ گرنگترین خەڵاتە سینەماییەکان، بەڵام بە دڵنیاییەوە شتێکی لۆژیکی نییە بۆ سووربوون لەسەر ئەو مەرجە لە سایەی داخستنی هۆڵەکانی سینەما لە جیهاندا.

سەرباری ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە شتێکی ئاسایی نییە، بەڵام بۆ یەکەمجاریش نییە لە مێژوودا ، بەڵکو ئەوە بۆ چوارەم جارە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکار دوادەخرێت.

یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٨ بووە، ئەویش بەهۆی لافاوی لۆس ئەنجلوس، جارێکی تر لە ساڵی ١٩٦٨ بەهۆی تیرۆرکردنی دکتۆر مارتن لوسەر کینگ ڕابەری جوڵانەوەی مەدەنی لە ئەمریکا، و سێهەمجار لە ساڵی ١٩٨١ دوای هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆناڵد ڕیگان.

تەنانەت ماوەی درێژکردنەوەی کاندیکردنی شیاوی فیلمەکانیش بۆ یەکەمجار نییە لە مێژووی خەڵاتەکە، بەشێوەیەک لە خولی شەشەمدا ماوەی شیانی فیلمەکان بۆ ماوەی ١٧ مانگ درێژکرایەوە، لە نێوان مانگی ئابی ١٩٣٢ تا کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ١٩٣٣.

هەروەها بۆ یەکەمجاریش نییە کە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی تیا دوادەخرێت لە مانگی نیساندا، چونکە ئەو مێژووە دیاریکراوە بۆ دابەشکردنی خەڵاتەکان لە دەیەی ساڵی شەستەکانەوە وابووە، هەروەها چەند ساڵێک لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا، تا گەیشتە هەزارەی نوێ کە لە مانگی شوباتی هەموو ساڵێکدا جێگیر کرا.

ئەو گۆڕانکارییە تەنها کاریگەری لەسەر خەڵاتی ئۆسکار نەکردووە، بەڵکو لەسەر وەرزی خەڵاتەکانیش کاریگەری هەبووە، بەشێوەیەک ئاهەنگەکانی دابەشکردنی خەڵاتەکانی دیکە وەک گۆڵدن گۆڵۆب و بافتای بەریتانی و ئەوانی دیکەش، بە چەند هەفتەیەکی دیاریکراو بەشێوەیەکی ئاسایی پێش ئاهەنگەکانی ئۆسکار سازدەکران، بۆیە جارێکی دیکەش پێویستە لیژنەکان گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی بەم نزیکانە ئەنجام بداتەوە.

بەڵام سەبارەت بە خەڵاتەکانی ئیمی کە بڕیارە لە ٢٠ مانگی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، تا ئێستا لەگەڵ ڕاگەیاندنی لیژنەی بەرپرسی خەڵاتەکان لەسەر ئەو وادەیە جێگیر کراوە، بەڵام  هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێگەیەکی ئارام بۆ ئەوەی ڕێگە بدات بە سازکردنی ئاهەنگەکە، لە کاتێکدا خەڵاتی تۆنی کە بڕیار بوو لە مانگی حوزەیرانی ئێستادا دابەشبکرێت دواخراوە بۆ کاتێکی نەزانراو.

لە بەرامبەر هەموو ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتوونەتە ئاراوە، لە لایەکی ترەوە هێشتا بڕیار لە چارەنووسی کەرنەڤاڵ و ئاهەنگ و چالاکییە سینەماییەکانی دیکە نەدراوە کە ئایا ئەمساڵ چۆن دەبێت، وەک کەرنەڤاڵی  ڤینسیا و تۆرنتۆ و تیلوراید، کە هێشتا لەسەر وادەی دیاریکراوی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییان تیا بکرێت هەروەک چۆن گۆڕانکاری لە کەرنەڤاڵی "کان" کراو تا دواتر بە تەواوی هەڵوەشایەوە.



ڕیکلام