رۆژهەڵاتی کوردستان.. لە مانگی رابردوودا 23 کەس دەستبەسەرکراون

  2021-04-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە مانگی رابردوودا، لانیکەم ۲۳ هاوڵاتی کورد بەتۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی شوباتدا، لانیکەم ۲۳ هاوڵاتی کورد بەتۆمەتی چالاکی سیاسی و هەروەها بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەرکراون.

روونیشکراوەتەوە، هەشت کەس بەتۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دژبەری حکومەتی ئێران و ١٥ کەسیش بە هۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز، دەستبەسەرکراون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، زۆرترین هاوڵاتی لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە دەستبەسەرکراون کە هەر کامەیان ١١ حاڵەت بووە. هەروەها دەستبەسەرکرانی هاوڵاتییەک لە پارێزگای کرماشان تۆمارکراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە یەکێک لەو کەسانەی کە مانگی ڕابردوودا دەستبەسەرکراوە، مێردمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی مهاباد بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو راشیگەیاندووە، سێ کەس لەوانە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەرکراون کە دوای دەستبەسەرکران بۆ زیندانەکانی نەغەدە گوازراونەتەوە.



ڕیکلام