سەبارەت بە رۆمانی ترس لە مەرگ

  2021-04-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عومەر سەید

"هەر زۆر بە جدی، ئەو دڵخۆشییەی لە بردنەوەی یانەسیبێکی ملیۆن دۆلاری هەستی پێدەکەیت. هەر هێندەی خوێندنەوەی ئەم رۆمانە دڵخۆشکەرە "

رێک پێچەوانەی گەرانتی کتێبەکە، دوای خوێندنەوەی"بە دڵنیاییەوە تۆ ناتوانی بە نوسەری رۆمانەکە بگەیت." بەڵام لە ناخەوە دەتەوێت لە قاوەخانەیەکدا، تووشی وەرگێڕەکەی ببیت و میوانی قاوەیەکی بکەیت و بە چرپەش یان بە دەنگی بەرز پێی بڵێت:"تۆ کارێکی مەزنت کردووە برا ..."

رۆمانی "ترس لە مەرگ"ی نوسەری ئوستورالی "ستیڤ تۆڵتز" لە دووتۆی نزیکەی نۆ سەد لاپەڕەدایە. سەرەتا و بە پێی ئەم سەردەمە جەنجاڵ و بێ کاتەی مرۆدا، دەتوقێنێت و ناتەوێ دەستی بدەیتێ. بەڵام هەر هێندەی خۆشە، کە چەند لاپەڕەیەکت بۆ خۆشی هەڵدایەوە و خوێندەوە. ئیدی سیحری زمان و دەسەڵاتی مانا و وێنە و دیمەن و دیالۆگی گاڵتەئامێزی ئاوس بە نهێنی ژیان، لێناگەڕێن ببڕژێیتە سەر واقیع، قووڵ رۆدەچی لەگەڵ کارەکتەرە سەیر ئەتوار و فرە ئەندێشەکانیدا.

لای من پێشتر هەرە سومبلی باڵای ئوسترالیا، کەنغەر بوو. دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە، بە  کیشوەرەکە و مرۆڤەکانی ئاشنا دەبیت. بۆ کەسێک، بیەوێت بڕێک زیاتر لە ژیان و لە مرۆڤ بگات. ئەم رۆمانە فرە جوان گوزارشت لەو دووە ئەکات. هەر چۆن بۆ کەسێکیش خەونی رۆمان نووسینی هەبێت. لە دووتۆی ئەم لاپەڕە زۆرانەدا، بە دیوە پەنهان، تەکنیک و گێڕانەوەی رۆمانی نوێ، یان مۆدێرن ئاشنا دەبێت. تەمبێکردن و ترساندنێکی باشیشە بۆ ئەوانەی کە پێیان وایە رۆمان تەنها قسەکردن و رێز دوای ریزکردنی نووسینە. هەڵبەت رۆمانێک، بەم قەبەییە و قەبارەیە کاری نەکردەیە تۆ لە رانانێکی کورتدا، دەرەقەتی هەموو رەگەز و پێکهاتە و تەکنیک و بابەت و رەهەندەکانی بێیت. تاقە رێگا بۆ بەرکەوتنی تەنها خوێندنەوەیەتی، تەنها بە گوزەشت کردن بە لاپەڕەکانیدا، دەگەیتە ئەو هەست و خۆشنودییەی کە لە بردنەوەی ملیۆن دۆلارەکەدا بەریدەکەویت .

ستیڤ تۆڵتزی تەمەن چل و هەشت ساڵ سەبارەت بەم رۆمانەی کە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت" کاتێ دەستمدایە نوسینی رۆمانی درێژ. نەمدەزانی کە هێندە زۆر درێژ دەردەچێت و دەگاتە حەوت سەد لاپەڕە." سەبارەت بە بونیادی ماکاڤیلیانەی رۆمانەکە دەڵێت:" بیرۆکەکان هەر دوو مانگ جارێک بۆم دەهاتن." ئەو دەڵێت:" من تێناگەم چۆن نوسەر دەتوانی کار بکات و پێشوەختە پلانی تایبەتی هەبێت. سەبارەت بە خۆم، کات هەمان رۆڵی ئەو تیشکە دەبینێت کە هونەرمەندێکی شێوەکار پێویستێتی. من کات بەکار دەهێنم تا شتەکان ببینم، بە تێپەڕ بوونی کات گرێچنی رۆمانەکەم دەخوڵقێنم ."

ماوەتەوە بڵێم ئەم رۆمانە ناوە راستەقینەکەی"بەشێک لە گشتە" و تەنانەت وەرگێڕانە فارسییەکەش هەر بەم ناوەوەیە. بەڵام لای وەرگێڕە کوردەکەی لە مەڕخۆمان گۆڕاوە بۆ"ترس لە مەرگ" رۆمانەکە بە دیوێکیشدا پڕە لەو کەسایەتیانەی کە بێ ترس، روو دەکەنە مەرگ و خۆیان دەکوژن یان دەکوژرێن. ئیدی نازانم تا چەند رەوایە وەرگێڕ بە ئارەزووی خۆی ناوی دەقێک بگۆڕێت؟ بەڵام هەتا بڵێی وەرگێڕانێکی بە سەلیقە و جوانی بۆ کردووە. سوپاس بۆ تۆ"ئارام رەشید"ی بەڕێز، سوپاس کە بەم شاکارە ناوازەت ئاشنا کردین، تا بە زمانی شیرینی کوردی بیخوێنینەوە .

ئەم چەند دێڕەی خوارەوە، بەشێک، یان دیمەن و وێنەیەکی نێو رۆمانەکەیە کە پێمخۆش بوو لێرە و هاوپێچی رانانە کورتەکەم دایبنێم .

تەسەور دەكەم ڕۆژى قيامەت خودا بانگمان بكاتە ژوورێكى سپييەوە، كە كورسييەكى دارينى ناخۆشى تێدايە، كاتێك لەسەر كورسييەكە دائەنيشين و لە حەيبەت قەلەقيى جێگە بە خۆمان ناگرين، وردە دار دەچەقێت بە قوونماندا. پاشان پەروەردگار بە بزەيەكەوە خۆى دەكات بەو ژوورەدا. وەك بليتبڕى قيتارێك كە خۆى دەكات بە فارگۆنەكەتدا و لە قافدا دەتگرێت كە بەبێ بليت سوار بوويت. دەڵێت بەلامەوە گرنگ نييە چ كارگەلێكى باش و خراپت كردووە، بەلامەوە گرنگ نييە بڕوات بە من هەبووە يان نا. ياخۆ هيچكام لە ئەندامانى خێزانەكەمت قبووڵ بووە يان نا، بەلاشەمەوە گرنگ نييە سەخاوەتمەندان پارەت بە هەژاران داوە يان هەر پيسكە و ڕەزيل بوويت، بەڵام لێرەدا دەقيقە بە دەقيقەى ژيانت لەسەر زەوى حساب كراوە. پاشان كاغەزێك ئەداتە دەستمان كە درێژييەكەى دە هەزار كيلۆمەتر دەبێت. دەڵێت بيخوێنەرەوە و دەربارەى ژيانت ڕوونكردنەوە بدە. هيى من بەمجۆرە لەسەرى نووسراوە :

چواردەى حوزەيران

9:00 بەيانى  بێدار بوونەوە

9:01 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە سەقف .

9:02 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە سەقف .

9:03 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە سەقف .

9:04 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە سەقف .

9:05 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە سەقف .

9:06 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە سەقف .

9:07 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە سەقف .

9:08 بەيانى  كەوتە سەر لاى چەپ .

9:09 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە ديوار .

9:10 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە ديوار .

9:10 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە ديوار .

9:11 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە ديوار .

9:12 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە ديوار .

9:13 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە ديوار .

9:14 بەيانى  ڕاكشاو لەسەر جێگە، ڕاماو لە ديوار .

9:15 بەيانى  باليفەكەى قەد كرد دانيشت بۆئەوەى لە پەنجەرەكەوە لە دەرەوە بڕوانێت .

9:16 بەيانى  دانيشتوو لەسەر جێگە، ڕاماو لە دەرەوەى پەنجەرە .

9:17 بەيانى  دانيشتوو لەسەر جێگە، ڕاماو لە دەرەوەى پەنجەرە .

9:18 بەيانى  دانيشتوو لەسەر جێگە، ڕاماو لە دەرەوەى پەنجەرە .

9:19 بەيانى  دانيشتوو لەسەر جێگە، ڕاماو لە دەرەوەى پەنجەرە .

پاشان پەروەردگار دەڵێت ژيان ديارييەك بوو پێشكەشم كرديت، بەڵام تۆ تەنانەت زەحمەتت نەكێشا زەرفەكەشى بكەيتەوە. دواى ئەوە بە شەق ئەمتۆپێنێ.



ڕیکلام