یەک ڕۆژ بەر لە گوللەبارانکردن

  2021-04-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فیۆدۆر میخائیلۆڤیچ دۆستۆیڤسکى

وەرگێڕان: کــەیــوان هـەورامى

بڕیار وایە ئەمە دواهەمین ڕۆژى ژیانى من بێت. دوێنێ لە دادگە پێمانیان گوت بڕیارە هەرهەموومان گوللەباران بکرێین. بە درێژایی ڕۆژانى لێکۆڵینەوە نە درۆم کرد و نە نکۆڵى. بە لێکۆڵەرەکەمم گوت من ناتوانم نە درۆ لەگەڵ ئەو و نە لەگەڵ خۆشمدا بکەم، چونکە مرۆڤ گەر درۆ لەگەڵ خۆیدا بکات و گوێ بداتە درۆکانى، دواجار دەگاتە شوێنێک کە چ لە دەروونى خۆى و چ لە جیهانى دەرەوەدا ئیدى ناتوانێت درۆ و ڕاستى لێک جودا بکاتەوە و لێى تێبگات، جا بەرەبەرە نە ڕێزێکى بۆ خۆى دەمێنێ و نە بۆ ئەوانى دیکەش، من هێشتا بەشى ئەوە ڕێز بۆ خۆم دادەنێم کە بێ لە ڕاستى هیچ شتێکى دى نەڵێم .

خەونى من جیهانێکە، کە تێیدا حەقیقەت سەرکەوتووە. ئەگەر دەتەوێ حەقیقەت بەسەر جیهاندا سەربکەوێت، ئەوا لێگەڕێ با سەرەتا بەسەر خۆتدا سەربکەوێت. گەر ئەم عەوداڵییە ڕاستگۆیانەیە بە واتاى مەرگى من دێت، ئەوا بە ڕووێکى گەشەوە بارى ئازارى خۆم لە کۆڵ دەنێم و بە شانازییەوە بۆ دواکۆچ تەیار دەبم .

لە منى پرسی چ هەستێکم هەیە لەبارەى ئەوەى کە هاوبەندى لادەرانى ترسناک و بکوژانم؟

پێم گوت: ئێمە هەر یەکەمان لە ژیاندا کۆمەڵێک کارمان کردوون کە ناتوانین شانازییان پێوە بکەین؛ کارگەلێک کە بێ لە هاوڕێ نزیکەکانمان ڕەنگە نەتوانین لاى هیچ کەسێک بیاندرکێنین، بەڵام کارگەلێکیش هەن، کە تەنانەت ناتوانین لاى ئەوانیش بیاندرکێنین؛ کارگەلێک کە وەک نهێنییەک لە ناخی خۆماندا گلیان دەدەینەوە و تەنیا خۆمان و خۆمان لێیان بەئاگاین، بەس لێگەڕێ با نهێنییەکت پێ بڵێم: کۆمەڵێک کاریش هەن کە بگرە لە خەڵوەتیشدا لاى خۆمان نایاندرکێنین؛ بیر و کارگەلێک کە تەنانەت بە شەرمەزارییەوە لە خۆشمانیان دەشارینەوە، هەرهەموومان دەیانشارینەوە. چۆن دەکرێت لەبەرانبەر تاوانبارێکدا ڕابوەستیت و لە ناخەوە هەڵنەلەرزیت لە کاتێکدا کە خۆت بە هەمان ڕادەى ئەو کەسەى کە لەبەرانبەرتدا ڕاوەستاوە، تاوانباریت!؟ لە جیهاندا ساناترین کار مەحکوومکردنى تاوانبارێکە و دژوارترین کاریش تێگەیشتنە لەوەى کە ئاخۆ چ پاڵنەرێک ئەوى لەو تاوانەوە گلاندووە. لەگەڵ ئەم پرسیارەدا ناچارین تەماشاى تاریکایی ناخى خۆمان بکەین و بڕوا بەوە بهێنین کە هەر یەک لە ئێمە، تاوانبار و بکوژ و لادەرێک لە ناخماندا هەیە. تەنیا بە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە دەگەینە ئاستێک لە جوامێرى کە تاوانەکەى ئەویش بنێینە ئەستۆى خۆمان و پێى بڵێین: "بەبێ سزا بڕۆ، من لەبرى هەردووکمان ئەم ئازارە هاوبەشە لە کۆڵ دەنێم !"

لێکۆڵەرەکەى من شتگەلێکى نووسی و دەیویست بڕوات، پرسیم: "دەتوانم دانپێدانانەکانم لەسەر کاغەز بنووسم؟" چاوەکانى درەوشانەوە و کاغەزێکى خستە بەردەمم .

بۆیم نووسی: "من لە سیاسەت وەڕەزم... بەڵام مرۆڤ و حەقیقەتم خۆش دەوێن. من لە کۆبوونەوەى پیترێشفسکیستەکاندا بەژداریم کرد و سوودم لە کتێبخانەکانیان وەرگرت، خەونى ئەوانم بۆ ئازادیی لە سەدا نەوەدى خەڵکى ئەم وڵاتە (کە هێشتا کۆیلە و تەنانەت نەخوێندەوارن) بە حەقیقەتێک زانى. جا تەنانەت گەر بەریشم بدەن، لەبارەى ئازارى ڕۆح و ژیانى ئەو لە سەدا نەوەدە و ونبوونى واتاى ژینى لە سەدا دەکەى دیکەوە هەر دەنووسم. عەوداڵى بەدواى حەقیقەتدا، واتە هەبوونى ئەو جوامێرییەى کاتێک کە چاوت بە ڕۆشناییەکەى دەکەوێت، لەبەرانبەریدا ڕابوەستیت و پێى بڵێیت: هەموو خواستەکانم خاپوور بکە، سەرلەبەرى ئەوە بکوژە کە بە ئامانجى ژیانم دەزانى و ئەوسا شتێکى باشترم بدەرێ. ئەوەى کە من بووم، ئامادەى مردنە تا من، بەو جۆرەى کە دەشێت، لە دایک ببێتەوە ."

٢٣ى کانوونى یەکەمى ١٨٤٩



ڕیکلام